هەموومان ئەو دیمەنەمان بینیوە کاتێک ئاژەڵێک گوێبیستی دەنگێک دەبێت، دەستبەجێ گوێچکەکانی بە ئاراستەی دەنگەکە دەجوڵێنێت. لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەریخستووە پاشماوەی دەمارەخانە و ماسولکەی ئەم جوڵەیە هەتا ئێستا لە گوێچکەی مرۆڤدا ماوە و یەکێکە لە نیشانەکانی پەرەسەندنی مرۆڤ لە باوانێکی شێوە مەیمونەوە.
کۆمەڵێک زانا لە ئەڵمانیا و دانیمارک و ئەمەریکا لێکۆڵینەوەیەکیان کردووە سەبارەت کۆمەڵێک پاشماوەی ماسولکەیی لە گوێی مرۆڤدا کە فەرمانیان لە ئاژەڵدا بریتییە لە جوڵاندنی گوێچکەکان.
بۆیان دەرکەوتووە ئەو کاتەی مرۆڤێک بە وردی گوێ لە دەنگێک دەگرێت، چالاکی کارەبایی لە مێشکەوە بۆ ئەو ماسولکانە دەردەچێت. هەرچەندە ماسولکەکان هەوڵی جوڵاندنی گوێ دەدەن، بەڵام تەنها لە شێوەی سیگناڵی کارەبایی دەمێنێتەوە، بەو پێیەی گوێچکەکانی مرۆڤ بە گشتی توانای جوڵەیان لەدەستداوە.
ئەندریاس شرۆئیر، یەکێک لە بەشداربووە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوەکە لە زانکۆی سارلاندی ئەڵمانیا بە ماڵپەڕی گاردیانی ڕاگەیاند، "پێشبینی دەکرێت باوانمان نزیکەی 25 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر توانای جوڵاندنی گوێچکەکانیان لەدەستدابێت. کارێکی قورسە بزانین بۆچی."
وتیشی، "ئێمە توانیومانە ئەوە نیشان بدەین کە سووڕەکانی دەمار کە بەرپرسن لەم جوڵانە هێشتا لە هەندێک حاڵەتدا ماون، واتە مێشکمان هەندێک لە پێکهاتەکانی بۆ جووڵاندنی گوێچکەکان پاراستووە، هەرچەندە لە ڕواڵەتدا سوودیان نەماوە."
بۆ گەیشتن بەو دەرەنجامە، لێکۆلەرەکان لە ڕێگەی ئامێری هەستیارەوە چاودێری جوڵەی شەپۆلە کارەباییەکانیان لە گوێچکەکانی 20 کەس کردووە. داوایان لەشداربووەکان کردووە گوێ لە چەند بابەتێکی جیاوازی وەک کتێب و یاری پرسیار و وەڵام بگرن.
زاناکان بۆیان دەرکەوتووە ئەو کاتانەی بەشداربووەکان گوێیان لە بابەتێکی ئاڵۆز گرتووە کە پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر هەبووە، چالاکی کارەبایی لە ماسولکەکانی گوێچکە زیاتر بووە.
بە گوێرەی مۆزەخانەی نیشتیمانیی سمیسۆنی ئەمەریکا بۆ مێژووی سروشت، بەڵگە زانستییەکان ئەوە دەریدەخەن سیفەتە جەستەیی و ڕەفتارییەکانی مرۆڤ لە باوانێکی هاوشێوەی مەیمونەوە سەرچاوەیان گرتووە و لە ماوەی نزیکەی شەش ملیۆن ساڵدا پەرەیان سەندووە.
جگە لە ماسولکەکانی جوڵاندنی گوێ، زانایان دەڵێن جەستەی مرۆڤ چەندین پێکهاتەیەکی تری تێدایە کە بریتین لە "پاشماوەی" پەرەسەندنی مرۆڤ لەو باوانەوە. یەکێک لە پاشماوە دیارەکان بریتییە لە ڕیخۆڵەکوێرە کە جەستەی باوانمان بەکاریهێناوە بۆ شیکردنەوەی ئەو ڕووەکانەی هەرسکردنیان زەحمەتە.
هەروەها زانایان دەڵێن ددانی ژیری یەکێکی ترە لە نیشانەکان، بەو پێیەی مرۆڤە سەرەتاییەکان پێویستیان بە ددانی زیادە هەبوو بۆ وردکردنی ماددە ڕووەکییە رەقەکان و گۆشتی خاو. بەڵام لەگەڵ گۆڕانی خۆراکی مرۆڤ و کوڵاندنی خۆراکدا، قەبارەی چەناگە بچووکبووەتەوە و مێشکی مرۆڤ گەورە بووە، لە ئەنجامدا ئەم ددانانە بوونەتە شتێکی ناپێویست و زۆرجار کێشە بۆ مرۆڤی سەردەم دروستدەکەن و پێویستە بکێشرێن.
زانایانی پەرەسەندن هەروەها دەڵێن ئێسکی کلک (کلێنچکە) لە دوا بەشی بڕبڕەی پشتی مرۆڤدا یەکێکی ترە لە پاشماوەکان کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی باوانی مرۆڤ خاوەنی کلک بوونە و بەکاریان هێناوە بۆ هاوسەنگکردنی جەستە لە جوڵەدا. زانایان دەڵێن هەندێک حاڵەتی لەدایکبوونی دەگمەن کە تێیدا منداڵە لەدایکبووەکە کلکی هەیە بریتییە لە پاشماوە مێژووییەکەی ئەو ئەندامەی جەستەی باوانمان کە لە دی ئێن ئەی مرۆڤی سەردەمدا ماوە.