بەرپرسێکی باڵای حکومەتەکەی تاڵیبان لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا بە کوڵ گریا و داوای کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانی ئەفغانستانی کرد بە ڕووی کچاندا.
محەمەد نەبی عومەری، جێگری وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان و ئەندامی باڵای گرووپی تۆڕی حەقانی، لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند، "ئەگەر خوێندنی کچان فەرزێکی ئاینی و بابەتێکی باوی کۆمەڵایەتیش نەبێت، ئەوا بەلایەنی کەمەوە لە ڕووی ئاینییەوە ڕێگەپێدراوە."
لەدوای دەربڕینی ئەم هەڵوێستە، محەمەد نەبی عومەری لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت دەست دەکات بە گریان، وەک هێمایەک بۆ دەربڕینی بێزاری بەرامبەر قەدەغەی خوێندنی کچانی ئەفغانستان کە نزیکەی سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە.
بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەفغانستان، جێگری وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان ئەم وتارەی لە ڕۆژی 27ی مانگی ڕابردوو لە یەکێک لە قوتابخانەکانی کچان لە پارێزگای خۆست داوە.
لە وتارەکەدا محەمەد نەبی عومەری نیگەرانی دەردەبڕێت لەوەی بەردەوامی دان بە سەپاندنی یاسا و ڕێسا توندەکان دەبنە هۆی ئەوەی نەوەی نوێی ئەفغانستان "تەنها بە ناو مسوڵمان بمێنن."
ڕاشیگەیاند، "خوا ڕێگەمان نیشان بدات؛ خوێندنی ئاینی ڕێگەپێدراوە، بە هەمان شێوەش ڕێگە بە خوێندنی زانستەکانی سەردەم بدرێت."
تاڵیبان لەپاش وەرگرتنەوەی دەستەڵاتی ئەفغانستان لە مانگی هەشتی 2021، یەکێک لە بڕیارە خێراکانی بریتی بوو لە قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە دوای قۆناخی شەشی سەرەتایی.
بەرپرسەکانی تاڵیبان هۆکاری ئەم بڕیارەیان بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە گوایە قوتابخانەی پێویست نییە بۆ کچان و دەڵێن تێکەڵاوکردنیان لەگەڵ کوڕان دژی بنەماکانی ئیسلام و کلتوری وڵاتەکەیانە.
ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە بارەی ئەم بڕیارەی تاڵیبان دەڵێت، "دەبێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا ئەفغانستان بناڵێنێت بەدەست کەمی پزیشک و پەرستار و مامۆستای ژن و ژنانی پیشەیی خوێندەوار لە چین و توێژە جیاوازەکانی ژیان. ئەمەش ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەی ئەفغانستان زیاتر لاوەکی دەکات و دەبێتە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نایەکسان و جیاکراوە و هەژار."
لە چەند مانگی ڕابردوودا چەند سەرکردەیەکی تری تاڵیبان داوای هەڵگرتنی ئەو قەدەغەیان کردووە.
شێر عەباس ستانیکزای، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان، ڕۆژی 19ی مانگی ڕابردوو بە ئاشکرا ڕەخنەی لە بڕیارەکەی تاڵیبان گرت و ڕایگەیاند، "ئێمە لە نێو 40 ملیۆن دانیشتووانی ئەفغانستان نادادپەروەری بەرامبەر بە 20 ملیۆن کەس دەکەین و هەموو مافەکانیان لێ زەوت دەکەین. ئەمە لە شەریعەتی ئیسلامیدا نییە، بەڵکو هەڵبژاردنێکی شەخسییە."
15ی مانگی هەشتی ئەمساڵ تاڵیبان یادی چوار ساڵەی گرتنەوەی دەستەڵاتی ئەفغانستان دەکاتەوە.
هەتا ئێستا هیچ وڵاتێک بە فەرمی دانی بە حکومەتەکەی تاڵیباندا نەناوە، هەرچەندە وڵاتانی وەک ڕووسیا و هیندستان لە هەوڵی بنیادنانی پەیوەندی دان لەگەڵ گرووپەکە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بڕیاری دانپێدانان بە حکومەتەکەی تاڵیبان مەحاڵە هەتا قەدەغەی خوێندن و کارکردنی ژنان بەردەوام بێت.