Accessibility links

بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت ئامانجی سەردانمان بۆ تورکیا پشتگیری پرۆسەی ئاشتییە کە ئەردۆغان و باخچەلی ڕایانگەیاندووە


عیرفان عەلی عەبدولعەزیز-ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز-ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی ڕابەر و شاندەکەی بزووتنەوە ئاگاداربوونە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سوریا بەو پێیەی حزبەکەیان ڕۆڵی لە پرسە نەتەوەیی و سیاسی و ئاینیەکاندا هەیە. دەشڵێت، "دەکرێت بڵێین ئامانجی سەردانەکەمان پشتیوانی و هاندانی ئەو پرۆسە ئاشتییەیە کە لە تورکیا و ناوچەکە هەیە کە بەڕێزان ئەردۆغان و باخچەلی ڕایانگەیاندووە لە ڕێگەی دەم پارتیەوە."

دکتۆر عەبدوڵا وەرتی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو سەردانەی مامۆستا عیرفان و شاندی یاوەری لە بزووتنەوەی ئیسلامی کورستان لە کاتێکدایە کە باروودۆخی ناوچەکە بە گشتی نائارام و سەقامگیرە، وە ئەو گۆڕانکاریەی لە سوریا ڕوویاندا بە دڵنیاییەوە کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر ناوچەکە، ئێمەش وەک لایەنێکی سیاسی کە دەیان ساڵە خەباتی سیاسی و ئاینی و نەتەوەییمان هەیە لە پێناو بەرژەوەندی گەلەکەمان ناکرێت بێ ئاگابین لەو پێشهات و گۆڕانکاری و ڕووداوە خێرایانە کە ڕوویاندا."

وتیشی،" بۆیە دەکرێت ئامانجی سەرەکی سەردانەکەمان هاندان و پشتیوانی بێت بۆ ئەو پرۆسەی ئاشتییەی کە لە تورکیا و ناوچەکە هەیە کە بەڕێزان ئەردۆغان و باخچەلی ڕایانگەیاندووە، لە ڕێگەی دەم پارتیەوە بۆ گفتۆگۆکردن لەگەڵ ئۆجەلان، چونکە ئەو پرۆسەیە زۆر گرنگ و کاریگەرە ئەگەر سەربگرێت دەبێتە مایەی ئارامی و بەرقەراربوونی ئاشتی و پێکەوە ژیان لە ناوچەکەدا وە هەروەها کاریگەری ئیجابی گەورەشی دەبێت لەسەر ئەو باروودۆخە نوێیەی کە لە سوریا هاتۆتە ئاراوە."

دوێنێ 30 ی مانگی یەک وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کۆبووەتەوە.

پێشتریش هەریەک لە سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە.

سەردانی بەرپرسانی ئەو حزبە کوردیانە نیگەرانیەکی فراوانی لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیادا لە ناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا و ڕەخنەی توندیان لێگرتن، بەهۆکاری هێرشەکانی تورکیا دژی ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان.

شوان محەمەد، ڕۆژنامەنووس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەگەر پێشتر سەردانەکان لەلایەن دوو حزبی دەسەڵاتەوە بووبێت، بەڵام جێگەی داخە ئێستا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش هاتوونەتە تای هەمان تەرازوو و لەگەڵ دەسەڵاتدا هیچ جیاوازیەکیان نەماوە، ئەگەر ئەوان بە ئاشکرا ڕۆشتبن، بەڵام ئەم لایەنانە بە نهێنی دەچن، لە کاتێکدا خاوەنی هیچ پێگەیەکی جەماوەری و سیاسی گەورەنین، بەڵام ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا و ئێران دەکەن، کە ڕەنگە پارەشیان لێوەربگرن، بۆیە لە لایەن حزبەکانەوە شتێک نەماوە بە ناوی سەروەری نیشتیمان."

وتیشی،" من هەست بە شەرم دەکەم لە کاتێکدا هەموو ڕۆژێک لە باشور و بە تایبەتیش ڕۆژئاوا خەڵکی مەدەنی دەکرێتە ئامانج و دەکوژرێت بە تۆپبارانی تورکیا، بەڵام ڕێگەی تورکیا ڕێگەیەکی قافڵە ئاسا، لایەنەکان سەرەی بۆ دەگرن و سەردانی دەکەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:55 0:00
XS
SM
MD
LG