Accessibility links

ئیمامئۆغڵو ڕەخنەی توند لە سیستمی دادوەری تورکیا دەگرێت

ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و کەسایەتی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن، ڕۆژی هەینی ئیدانەی ئەوەی کرد کە بە "هەراسانکردنی دادوەری" ناودێری کرد و گوتی کراوەتە ئامانج، لە کاتێکدا هەزاران لایەنگر داوای دادپەروەرییان لە دەرەوەی دادگا دەکرد.

ئیمامئۆغڵو، ڕکابەری سەرەکی سیاسی سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دوای بەیاننامەیەکی سەبارەت بە دوو لێکۆڵینەوە کە سەرەتای ئەم مانگە لە دژی کراونەتەوە، قسەی کرد.

هەروەها خەریکی بەرەنگاربوونەوەی چەندین دۆسیەی یاسایی دیکەیە.

ناوبراو دوای دەرچوونی لە دادگای ئەستەنبوڵ لەسەر پاسێک وەستابوو، بە پشتیوانانی گوت "لە ئەستەنبوڵ بەرزترین ئاستی هەراسانکردنی دادوەری دەبینین".

ئیمامئۆغڵو کە سەر بە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە)یە و ساڵی ڕابردوو بە سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرایەوە، بەڵێنی دا کە کۆڵ نەدات.

گوتیشی ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەری.

لێدوانەکەی ڕۆژی هەینی سەبارەت بە دوو لێکۆڵینەوە بوو لەسەر لێدوانەکانی سەبارەت بە سەرۆکی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ و سەبارەت بە شایەتحاڵێکی پسپۆڕ کە لەلایەن دادگاوە دەستنیشانکرابوو و گوایە تێوەگلاوە لە دۆسیەکانی دژی ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی سەر بە جەهەپە.

ئەو تۆمەتبارە بە هەڕەشەکردن و سوکایەتیکردن و بەئامانجکردنی بەرپرسێک و هەوڵدان بۆ کاریگەری لەسەر دادگاییکردنی دادپەروەرانە.

لە لێدوانەکەیدا بۆ داواکاری گشتی کە کۆپییەکی لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بینراوە، ئیمامئۆغڵو هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە و وتی تەنها مافی ئازادی قسەکردن بەکاردەهێنێت.

گوتیشی "هیچ هەڕەشە و ئامانجکردنێک لە قسەکانمدا نەبوو، ئەوەی گوتومە ئازادیی ڕادەربڕین بووە."

ئاماژەی بەوەش کردووە "ئازادی ڕادەربڕین مافێکی دەستوورییە."

مەنسور یاڤاس، سەرۆکی شارەوانی ئۆپۆزسیۆنی ئانکەرە، کە لەوێ بوو بۆ پاڵپشتیکردنی، حکومەتی تۆمەتبار کرد بەوەی تورکیا دەکاتە "زیندانێکی کراوە".

دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوام ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران و نوێنەرانی سیاسی هەڵبژێردراو دەکەنە ئامانج، بەتایبەت لە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016وە.

دادگای ئەستەنبوڵ ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی تەلەفزیۆنی ئۆپۆزسیۆنی دەرکرد بەهۆی پەخشکردنی چاوپێکەوتنی کاربەدەستێک کە دەسەڵاتداران دەڵێن گوایە بەبێ ڕەزامەندی ئەو کەسەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە، ئەنجامدراوە. ئەو کەسەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵدا کراوە شارەزایەکە کە لەلایەن دادگاوە دەستنیشان کراوە و ئیمامئۆغڵو ڕەخنەی لێگرتووە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG