ڕووسیا لەکاتێکدا هەوڵدەدات دوو بنکە سەربازییەکەی لە سوریا بهێڵێتەوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند گفتوگۆی "ڕاشکاوانە"یان لەگەڵ سەرۆکی نوێی دیفاکتۆی سوریا ئەنجامداوە، بەڵام ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەوە بدات کە دەسەڵاتدارانی سوریا لە بەرامبەردا داوای چیان کردووە.
هاوکات سەرچاوەیەکی سوریایی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ئەحمەد ئەلشەرع سەرکردەی نوێی سوریا داوای کردووە کە مۆسکۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا ڕادەست بکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا ڕایگەیاندووە، دیمەشق هەروەها دەیەوێت ڕووسیا کە لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا پاڵپشتی ئەسەدی کردووە، لە ڕێگەی "رێوشوێنی کۆنکرێتی وەک قەرەبووکردنەوە، ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوە" متمانەی بەرپرسانی نوێی سوریا دروست بکاتەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا داوا لە ڕووسیا کراوە ئەسەد بگەڕێنێتەوە و قەرەبوو بداتەوە یان نا، ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات.
ئیدارەی نوێی سوریا دوای وتووێژەکانی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ شاندێکی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند "جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان دەبێت چارەسەری هەڵەکانی ڕابردوو بکات، ڕێز لە ئیرادەی گەلی سوریا بگرێت و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان بکات".
بەڵام ئەو سەرچاوە سوریاییە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ڕووسەکان ئامادە نەبوون دان بەو جۆرە هەڵانەدا بنێن و تاکە ڕێککەوتنێک کە کراوە، درێژەدان بە گفتوگۆکان بووە.
ڕۆژی سێشەممە شاندێکی باڵای ڕووسیا بۆ یەکەمجار لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا. شاندەکە لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی ئێستای حکومەتی نوێی سوریا و هەندێک لە ئەندامانی حکومەتی کاتی کۆبوونەوە و دانوستانیان کرد.
ڕوسیا هیوادارە بتوانێت لە بنکەی ئاسمانی حەمێمیم لە نزیک بەندەری لازقیە و بنکەی دەریایی لە بەندەری تەرتوس بمێنێتەوە. لازقیە و تەرتوس کە هەردووکیان لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستن، شوێنی لایەنگرانی سەرەکی بەشار ئەسەد و عەلەوییەکانن.
ڕووسیا دامەزراوەی دەریایی لە تەرتوس بە شێوەیەکی سەرەکی وەک وێستگەیەک بەکاردەهێنا بۆ گواستنەوەی بەڵێندەرە سەربازییەکانی بۆ ناوچە جیاوازەکانی کیشوەری ئەفریقا، هەرچەندە پێداویستییە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ چاککردنەوەی ئامێرە دەریاییەکانیش لەو بنکەدا دابیندەکرا.
دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مۆسکۆ نەپچڕاندووە و هێزە سەربازییەکانی ڕووسیایان ناچار نەکردووە بە تەواوی لە بنکەکانی لە سوریا دەربچن، بەڵام سەرەتای ئەم مانگە ئەلوەتەن بڵاویکردەوە سوریا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕووسی بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری تارتووس هەڵوەشاندوەتەوە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز