Accessibility links

سەرکردەیەکی پارتی: ئەنجامی هەڵبژاردن هێڵی سوری لەسەر پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و حکومەت داناوە کە بۆ پارتی بن


سەرکردەیەکی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هێڵی سوری لەسەر پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت داناوە کە بۆ پارتی بن، چونکە پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەو هێندەی چوار حزب دەنگی هێناوە.

فازڵ بەشارەتی، سەرکردەی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی لەسەر بنەمای کام یاساو کام پێوەر داوای سەرۆکی حکومەت بکات، لەکاتێکدا براوەی یەکەم جەماوەر دەستنیشانی دەکات، ئەنجامی هەڵبژاردن پۆستەکانی دیاریکردووە کە بۆ پارتی بن."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، سۆشیالیست 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕانیش کورسییەکی بەدەستهێناوە، ئەمە جگە لەو 5 کورسییەی لە کۆی 100 کورسی دراوە بە پێکهاتەکان.

لە گفتووگۆیەکی پێشووتریدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند،"گفتووگۆی نێوان یەکێتی و پارتی تەکنیکین، بۆ ئەوەی پێناسەی بەرپرسیارێتییەکان بکرێت و پێناسەی شێوەی پێکەوە کارکردنی هەردوولا بکرێت."

وتیشی،" لە ڕابردوودا کاتێک شتێک باس دەکرا، پارتی دەیگوت ئەوەمان باس نەکردووە لە کاتی گفتووگۆدا، بۆیە ئێستا هەرچی هەیەو هەرچی بە خەیاڵدا بێت باس دەکرێت."

بەڵام سەرکردەکەی پارتی پێیوایە، یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت بە میزاج قسە دەکات، لەکاتێکدا قسەکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و کاری هاوبەش بکرێت.

فازڵ بەشارەتی دەڵێت، "برادەرانی یەکێتی ئەمڕۆ قسەیەک دەکەن، سبەی بابەتێکی تر دەهێننە گۆڕێ، لە ڕابردوودا یەکێتی خۆی گرفتی هەبووە، ڕۆژێک وەزیری پێشمەرگەی تەجمید کردووەو ڕۆژێکی تر پارێزگاری لابردووە، بەڵام گێچەڵیان پێچاوەتە سەرۆکوەزیرانی هەرێم."

هەروەها وتیشی،"هیوادارم یەکێتی پێش گفتووگۆکردن لەگەڵ پارتی، گفتووگۆی نێوخۆیی خۆیان ئەنجام بدەن تا زوو حکومەت پێکبهێنرێت."

لە ڕۆژی 20 ی مانگی دەی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، سەرباری تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دا، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە.

لەبارەی وادەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، فازڵ بەشارەتی وتی،"پێکهێنانی کابینەکانی پێشووتر جاری وا هەبووە 11 مانگی ویستووە، ئێستا دوو مانگە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، ڕەنگە لەنزیکترین کاتدا حکومەت پێکبهێنرێت."

لە ئێستادا وەفدی تەکنیکی یەکێتی و پارتی سەرقاڵی دانوستان و گفتووگۆن، لە بارەی چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، بڕیارە دواتر مەکتەبی سیاسی هەردوو حزبیش کۆ ببنەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:20 0:00

XS
SM
MD
LG