Accessibility links

سەرەڕای خانەنشین بوون، پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بەردەوامن لەکارەکانیان


هەریەک لە پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دوای بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێ‌ کردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بەهۆی تەمەنەکانیانەوە خانەنشین بوون، بەو هۆکارە بە ووتەی ڕێکخراوەکانی چاودێری دامەزراوەکانی حکومەت بۆشایی کارگێری و یاسایی دروست بووە و بۆ تێپەڕاندنی کاروبارە کارگێڕیەکانی پارێزگای هەڵەبجە.

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە گوێرەی یاساکە خانەنشین دەبن و تا 31ی مانگی 1 ی 2024 پێویستە لە ئەرکەکانمان بەردەوامبین، بەڵام من وەک پارێزگار پێم وتراوە کە بەردەوامبم لە ئەرکەکەم تا پارێزگارێکی دیکە دەستبەکار دەبێت."

ئازاد تۆفیق وتیشی، " شاهین حەمە ڕەزا جێگری پارێزگار پێش 31ی مانگی 1 ی 2025 دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت، من چاوەڕێی هاتنی پارێزگاری نوێ دەکەم و لەگەڵ هاتنیدا مۆرو ئیدارەی ڕادەست دەکەم."

حکومەتی خۆجێی پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە هەریەک لە ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە پشکی یەکیتی و شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی لە پشکی گۆڕان و کاوە عەلی جێگری پارێزگاربۆ کاروباری هونەری لە پشکی یەگرتوو، لە ئێستادا کاوە عەلی بەهۆی دەرچوونی وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەستبەرداری پۆستی جێگری پارێزگاربووە. پارێزگار و جێگرەکەش خانەنشین بوون.

تیمی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم لە ڕۆژی 17 مانگی دەی 2023 تایبەت بە ئەنجامدانی چاودێری وردبینی، ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینی و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی هەرێم بڕیاردرا تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵییەوە کەمبکرێتەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش پاڵپشت بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی هەموارکراو پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ.

ڕۆژی 15ی مانگی یەکی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی لەبارەی تەمەنی خانەنشیبوونی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و پابەندن بوونی بە بڕیارەکەی داگای فیدڕاڵی لەسەر کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی ڕاگەیاند.

ئەو فەرمانبەرانەی کە خانەنشین دەکرێن، بە پێی ڕێنماییەکان لە بەرواری خانەنشین بوونی ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکی یاسایی ئەنجام بدات و مانەوەی پێچەوانەی یاسایە.

سامان حەمە ئەمین بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " یاسای خانەنشینی یەگرتوو بۆ هەرکەسێک لە هەر پلەیەکدا بێت، لەبەرواری دەستلەکارترازاندن ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکی هاووڵاتیان ڕابپەڕێنێت، هیچ کەسێکیش درێژکردنەوەی خزمەتی بۆناکرێت، هەموو مانەوەیەکیش پێچەوانەی یاسایە."

سامان حەمە ئەمین وتیشی،" بە پێی ڕێنماییەکانی یاسای ژمارە9ی یەگرتوو، لە تەمەنی 60 ساڵیدا فەرمانبەر خانەنشین دەکرێت، ئەو پسپۆڕیانەی کە دەگمەنن لە تەمەنی 63 ساڵیدا خانەنشین دەکرێن و بۆ کەسوکاری شەهیدانیش لە تەمەنی 65 ساڵی."

یەکێک لە مەرجەکانی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی موچەی ساڵی 2025 ئەوەیە دەبێت بە خێرای تەمەنی خانەنشینی هەرێم هاوتای عێراق بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا موچەی مانگی 12 ی ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەریش لە هەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن.

ڕێکخراوی هەڵوێست بۆ چاودێریکردنی دامەزراوەکانی حکومەت لە هەڵەبجە دەڵێن، ئێستا هەڵەبجە لە بۆشایی یاسایدایە و هیچ نوسراوێک نیە بۆ بەردەوام بوونی پارێزگار و جێگری پارێزگار.

ڕێباز غەریب لێپسراوی ڕێکخراوی هەڵوێست لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوای ئەوەی فەرمانی ژمارە 191ی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنی ژمارە 1 ی وەزارەتی دارایی و ئابوری دەرچوو، هەموو ئەو کارمەندانەی کە تەمەنیان لە60 ساڵیدایە، خانەنشین دەکرێن، لە 1ی مانگی 1 ی 2025 وە ئەو فەرمانبەرانە خانەنشین بوون.

ڕێباز غەریب وتیشی،"هیچ نوسراوێک نییە بۆ بەردەوامی بوونی پارێزگار و جێگرەکەی هەموو ئەو واژیانەش کە دەیکەن نایاساین، لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نییە، تا ڕێگە بە بەردەوامی بدات، پێویستە کەسێک بە وەکالەت دابنرێت تا دانانی پارێزگاری نوێ دەستبەکاردەبێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:39 0:00

XS
SM
MD
LG