دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لە ئەنجامی هێرشێکدا لە ناحیەی چوارقوڕنە چەند کەسێک بوونە قوربانی.
کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هێرشەکە بەهۆی درۆنەوە بووە و داوێتی لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاند کرۆزەر، کە 4 سەرنشینی تێدا بووە."
بە پێی زانیارییەکان سەرنشینەکان بریتی بوون لە دوو ژن و دوو پیاو هەرچواریان گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی،" هەر لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا جگە لەوەی چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کەسێکی تریش بریندارە کە مۆتۆرسوارێک بووە و لە نزیک ئەو ئۆتۆمبێلە بووە. بەڵام ناسنامەی کەسەکان تا ئێستا نادیارە."
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە چەندین لایەنی بەرپرس لە پۆلیس و ئاسایش، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە.
تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ لێدوانێکی فەرمیان لەبارەی ڕووداوەکەوە نەداوە.
هەر بە پێی قسەی ڕێکخراوی سی پی تی هەر ئەمڕۆ کاتژمێر 11:30 خوولەکی سەر لەبەیانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردوومانی گوندی شەهییەی سەر بە ناحیەی دینارتەی کردووە و بەو هۆیەشەوە دوو هاووڵاتی سڤیل کە هاوژینی یەکتر بوون گیانیان لەدەستداوە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام لە ڕابردوودا ئەمجۆرە هێرشانە ڕوویانداوە و زۆربەی جار تورکیا بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامەکان ڕاگەیاندووە و گوتویەتی ئەندامانی پەکەکەی تیادا کراوەتە ئەمانج.