Accessibility links

گواستنەوەی پشكنینی تاقیگە حكومییەكانی تەندروستی بۆ كەرتی تایبەت، لە بەرژەوەندی كێدایە؟


بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە ڕەتیدەكەنەوە پابەندی ئەو گرێبەستەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای بیدكۆ بن بۆ بازرگانی و كەلو پەلی تەندروستی، كە لەبەرامبەر دابینكردنی ئامێرەكان و كەرەستەكانی تاقیگەكانی حكومەتدا، پشكنینەكان لەلایەن كۆمپانیاكەوە ئەنجام دەدرێن.

د. ئازاد مستەقا قادر بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" بەنمونە، فەحسی كیمیاوی بە 290 دینار لە تاقیگەی گشتی هەڵەبجە دەكرێت بۆ نەخۆش كە پسوڵەی 500 دیناری دەبڕێت و داهاتی بۆ حكومەتە، بەڵام گرێبەستەكە بە 2 هەزار و 910 دینار دەكرێت واتە بە دەهێندە زیاد كراوە، من لەسەر ئەساسی زانستی بە دواداچوونم كرد، كۆمپانیا هەیە بێ بەرامبەر ئامێرەكەم بۆ دەهێنێت و بەهەمان نرخ بۆم دەكات،چ ویژدانێک ئەمە قبوڵ دەكات كە نرخەكان ئەوەندە زیاد بكرێن."

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە وتیشی،" من نوێنەری یەكێتی نشتیمانی كوردستانم لە كەرتی حكومەت، ئێمە بەڕەسمی ناچینە ژێر باری ئەوەی ئەم پشكنیانانە بدەین بەم كۆمپانیایە كە بەم مەرجانە گرێبەستەكەی لەگەڵ كراوە ئەوە ڕای حیزبەكەشمە، نامانەوێت بازرگان دەوڵەمەندبكەین لەسەر شانی هاووڵاتی."

17 مانگی 9ی 2024 نوسراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە 4443 بە واژۆی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوبوویەوە كە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراووە، كە تێیدا ڕەزامەندی دراوە بە ئەنجامدانی پشكنینەكانی تاقیگەكان لەلایەن كۆمپانیای بیدكۆ وگرێبەستەكە بۆ ماوەی 10 ساڵە و لەكاتی پێویستدا درێژ دەكرێتەوە ئەمەش نیگەرانی بەشێک لە دامەزراوە تەندروستیەكانی لێكەوتەوە.

كاردانەوەكان لەسەر گرێبەستەكە بەردەوامن و فراكسیۆنی یەگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان دوو داوایی یاسای لە دژی وەزیری تەندروستی و سەرۆكی دیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركرد.

كاوە عەلی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەگرتوو لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" ئەم گرێبەستە بە پێی ڕێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2016 نەكراوە كە تایبەتە بەم جۆرە گرێبەستانە، بەو هۆكارە دوو داوایی یاسایمان تۆماركردووە، یەكەمیان لەسەر وەزیری تەندروستی كە لە 21 مانگی 1ی 2025 یەكەم دانیشتی یاسایمان هەبوو لەگەڵ وەزیری تەندروستی دواخرا بۆ مانگی 2ی 2025 ،ئەم گرێبەستە بە بانگهێشتی كراوە نەكراوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە، داوای دووەمان لەسەر كۆمپانیاكە بووە، وە هۆشداریمان بەسەرۆكی ئەنجومەنی دیوان داوە، كە ئەو دەسەڵاتانەی لە نوسراوەكاندا ئاماژەی پێكردووە بەتایبەت بۆ درێژكردنەوە كە لەدەسەڵاتی ئەودانیە و لە دادگای كارگێڕی داوایەكی یاسایمان تۆماركردووە و داوای هەڵوەشاندوەنەی گرێبەستەكەمان كردووە."

كاوە عەلی وتیشی،" نرخەكان بەجۆرێك گران دەبن لەسەر شانی هاووڵاتی، كە دەبێت پێداویستەكانی تاقیگە كە حكومەت دەبێت بیكڕێت ئێستا دەبێت هاووڵاتیان بیكڕن، لە حەوت پشكنین كە لەسنوری سلێمانی

بەراوردم كردووە لەگەڵ گرێبەستی ساڵی ڕابردووی كۆمپانیاكان،8.8 ملیار دینار نرخەكان زیاتر دەكات، ئەگەر لە تاقیگەی تایبەتیش بیانكەیت، 8. 8 ملیار دینار بەكەمتر بۆت دەكەن، ئەمە دەكەوێتەوە سەر هاووڵاتیان لە داهاتوودا."

لەناو وەزارتی تەندروستی بۆچوونی جیاواز هەیە لەنێوان وەزیری تەندروستی لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بریكاری وەزارەتی تەندروستی لە پشكی یەكیتی نشتیمانی كوردستان هەیە، لەسەر گرێبەستەكەی نێوان وەزارەتی تەندروستی و كۆمپانیاكە.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" هیچ تاقیگەیەكی حكومی نەدراوەتەوە كەرتی تایبەت، هەموو پشكنینەكان كارمەندانی تەندروستی دەیكەن و نرخ ناچێتە سەر ئەو پشكنینانە، سەدا سەد حكومەتی هەرێمی كورستان پشتیوانی دارایی كردووە، بەم پڕۆژەیە بەهەردان كەم دەبێتەوە."

د. سامان بەرزنجی وتیشی، " پڕۆژەكە بۆ كوالیتی باشترە، بۆ ئەوەیە كە پشكنینەكان هەمووی لە نەخۆشخانەكان هەبن، ئەوە نەبێت نەخۆش بڕوات و پشكنین نەبێت و دوورە لە قۆڕخكاریەوە، زۆرینەی پێداویستی پشكنینەكان كۆمپانیاكان دەیكەن، تێست و تیوب و سرنج و هەموو بابەتەكان،ئێمە هەموو شتەكانمان كردوەتە یەك پاكێج، كە 211 پشكنینە، لە ماڵی خۆشی پشكنینەكان وەردەگرێتەوە."

بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم هەنگاوە بە قۆڕخكاری ناودەبات و دەڵێت، ئەنجومەنی وەزارەتی ئاگاداری گرێبەستەكە نین.

"د. ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی رەسمی یەكێتی نشتیمانی كوردستان دەڵێت، "ئەو گرێبەستەی لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و كۆمپانیایەكدا بۆ دابینكردنی ئامێری تاقیگەی نەخۆشخانە حكومییەكان كراوە قۆرخكارییەو بەهیچ شێوەیەك لەئەنجومەنی وەزارەت، رەزامەندی وەرنەگیراوەو ئاگاداریش نین."

بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم دەشڵێت،"پێویست بوو ئەو گرێبەستەی كەكراوە بەپێی رێكارە یاساییەكان بڕۆیشتایەو ئەنجومەنی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی لێ ئاگاداربوونایە، نەك بەم شێوەیەی ئێستا كەپێمانوایە قۆرخكارییە، چونكە تاوەكو ئێستا نازانین سوودی ئەم بڕیارە بۆ حكومەت و هاووڵاتی چییە.؟

هەرچەندە تا ئێستا گرێبەستەكە لە ناو تاقیگە گشتیەكانی بەڕێوبەرایەتیە تەندروستیەكان نەكەوتوەتە بواری جێ بە جێ كردنەوە، بەڵام بە ووتەی ناوەندە تەندروستیەكان ئامادەكاری دەكرێت بۆ گواستنەوەی پشكنینەكان بۆ كۆمپانیای جێ بەجێ كار.

دەنگی ئەمەریكا بۆ زانینی زانیاری زیاتر هەوڵی دا پەیوەندی بە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بكات، بەڵام پەیوەندیەكە بەردەست نەبوو .

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:14 0:00

XS
SM
MD
LG