Accessibility links

وتەبێژی دەوڵەتی یاسا دەڵێت پەسەندکردنی یاسای باری کەسێتی بۆ پاراستنی مافی منداڵانی بەشوودراوە


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت لە پێناو پاراستنی مافی ئەو کچە منداڵانەی لە تەمەنی خوار 18 ساڵ بەشوو دەدرێن، پیداگرییان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای باری کەسێتی کردووە، بەو پێیەی لە ناوچە گوندنیشینەکان خێزانەکان کچەکانیان لە تەمەنێکی کەم بەشوو دەدەن. دەڵێت بە تێپەڕاندنی ئەم یاسایە، کچەکان دەتوانن مافە یاساییەکانیان دەستەبەربکەن.

عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم یاسای باری کەسێتییە بە پلەی یەکەم شیعە پێوەی پابەندە، چونکە کچانی گوندنشین زوو گەورە دەبن وە زوو بەشوو دەدرێن لە دەرەوەی دادگاکان، بەوەش مافی یاساییان نابێت."

تێپەڕاندنی یاساکە مشتومرێکی زۆری لێکەوتووەتەوە لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی.

لە بارەی ڕەخنەکانەکانەوە، وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە تەنزەوە وتی، "لە پایتەخت و لە هەرێمی کوردستان کچان بە ئندۆمی و نۆتێلا گەورە دەکرێن، بەڵام کچانی گوندنیشین شیری گامێش و مانگا دەخۆنەوە و گۆشت دەخۆن و بە ڕۆنی خۆماڵی گەورە دەکرێن، بۆیە زوو گەورە دەبن، وە ئەگەر بیانەوێت هاوسەرگیری بکەن، بە ناچاری دەبێت لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیرییەکە بکرێت."

وتیشی، "بۆیە سەرئەنجام ئەم یاسایە خزمەت بە توێژێکی گەورەی کۆمەڵگە دەکات و مافی زۆربەی کچان دەپارێزێت، وە بە هیچ شێوەیەک زۆر لە کچەکان و کەسوکاریان ناکات کە کچەکانیان لە تەمەنێکی بچووک بەشوو بدەن بەڵکو ئازادن، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەستی دادوەردایە."

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕۆژی 21ی مانگی یەکی 2025 دەنگی لەسەر سێ پرۆژە یاسای هەستیار دا، کە یەکێکیان باری کەسێتیە. تێپەڕاندنی یاساکە کاردانەوەی لە سەر ئاستی عێراق و جیهانیشدا بەدوای خۆیدا هێنا؛ ڕەخنەگران دەڵێن بڕیارەکە دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم بەیاساییکردنی بەشوودانی کچانی منداڵ.

ڕەخنەگران هەروەها دەڵێن یاساکە بووەتە هۆی فراوانبوونی دەسەڵاتی ناوەندە مەزهەبیەکان و بەهێز بوونی ڕۆڵی عەشیرەت و کەلتور لە بڕیارە کۆمەڵایەتیەکاندا.

ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی خوولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، یاساکە جیاوازی نێوان شار و گوند و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هیچ ناوچەیەکی نەکردووە و وتەکانی عەقیل فەتلاوی بە پاساوی لاواز ناوبرد.

ڕێزان شێخ دلێر وتی، "ئەوە یاسایە دەبێت سەروەربێت و بتوانێت لە شارێک و لە گوندێک هەمان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، بە تایبەت پرسی باری کەسێتی و هاوسەرگیری. هەموو وڵاتان بەرەو مەدەنیەت دەڕۆن هەتا ناوچەیەک کە کشتوکاڵیش بێت پەرەی پێدراوە، بۆیە نەخێر ئەمە پەیوەندی بە عەقڵیەتی خۆیانەوە هەیە، کە کچ زوو بدرێت بە شوو، ژیانی منداڵی نەبینێت."

وتیشی، "هەر کەس پەرلەمانتاربێت دەزانێت ئەو هەموو جیابوونەوانەلە عێراقدا هەن دەبێت چارەسەریان بۆ دابنرێت، چارەسەرەکەش ئەوەیە کچ و کوڕ کە هاوسەرگیری دەکەن، دەبێت تەمەنیان گونجاوبێت و عەقڵ و هۆشیان تەواو بێت بەرامبەر ئەوەی خێزان و بنەماکانی چین، وە دروستکردنی خێزان چەندە گرنگە. هەتا کەسانی عەقڵ دواکەوتوو بیر لە بەرژەوەندی گشتی دەوڵەتەکەیان نەکەنەوە و بیر لەبەرژەوەندی خۆیان بکەنەوە و بیر لە ژنی دووەم و سێیەم و ژنی مناڵ بکەنەوە خێزان چۆن پارێزراو دەبێت؟."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:39 0:00
XS
SM
MD
LG