Accessibility links

پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەک دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عزیزی و وەریشە مورادی پەسەند دەکات


پەرلەمانی ئەوروپا لەبڕیارنامەیەکدا وێڕای سەرکۆنەکردنی سەرکوتکردنی سیستماتیک و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی لە ئێران، داوای ئازادکردنی بێ مەرج و دەستبەجێی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی دەکات.

ئەم بڕیارنامەیەی پەرلەمانی ئەورووپا کە ڕۆژی پێنجشەممە 23ی مانگی یەک دەرچووە، بە 556 دەنگی بەڵێ و شەش دەنگی نەخێر پەسەند کراوە. بەڕیارنامەکە لە 10 بڕگەدا ئاماژە بە چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەکات.

لە بڕیارنامەکەی پەرلەمانی ئەوروپادا هاتووە کە پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی لە ژێر بارودۆخێکی دڕندانە و نامرۆڤانەدا ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.

بەشێک لەم بڕیارنامەیە بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران کە لە ساڵی 2024دا، 900 لەسێدارەدانی هەبووە، دەڵێت دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاکار، گوشارەکان لەسەر داکۆکیکارانی مافی ژنان لە کوردستانی ئێران و بەگشتی لەسەر چالاکوانانی کورد زیادی کردووە.

پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا هەروەها بە ئاماژەدان بە ئەشکەنجەدان و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانە، ڕەخنەی لەوەی کە بە "ستراتیژی بەرفراوانی ئێران لە دیپلۆماسی بە بارمتە گرتن" ناوی دەبات، گرتووە.

بڕیارنامەکە وێڕای پشتیوانی لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، داوای لە یەکێتی ئەورووپا کردووە کە پشتیوانی خۆی بۆ داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران زیاتر بکات و پشتیوانی لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بکات.

هەروەها لە بڕیارنامەکەدا سەرکوتی سیستماتیکی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێران، لەوانە کورد، بەلوچ، مەسیحی و بەهایی سەرکۆنە دەکات و ئاماژەی بەوە کردوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی ڕۆتینی کەمایەتییەکان هەراسان دەکات بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان.


پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارنامەکەیدا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کردووە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات و بیخاتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.

XS
SM
MD
LG