Accessibility links

نۆ هاووڵاتی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە مانگرتنی شارە کوردنشینەکانی ئێران دەستبەسەر دەکرێن


سەرچاوە هەواڵییەکان بڵاویانکردەوە دوابەدوای مانگرتنی بەربڵاوی شارەکانی کوردستان و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، چەندین کەس بە تۆمەتی بەشداری لەو مانگرتنەدا لە شارەکانی سنە، سەقز و سەردەشت دەستبەسەر کراون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان کە ڕۆژی پێنجشەممە،23ی مانگی یەک بڵاویکردوەتەوە، شەش هاووڵاتی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی محەممەد سەیفپەناهی، سیناڕەزایی، ئەمجەد گریاخیز، نەعیم دۆستی، ئومێد محەممەدی و محەممەد ئەتڵەسی بە تۆمەتی بەشداری لە مانگرتن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هاوکات لەهەواڵێکی دیکەدا ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیاندووە سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی میلاد ڕەندانی و نەریمان ڕەندانی کە دوو برای خەڵکی سەقزن لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی ئاوارە شەخسی کە هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەردەشتە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە هەمان تۆمەتی بەشدریکردن لە مانگرتن دژی لەسێدارەدانی ژنانی کورد لەو دوو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

خەڵکی شارەکانی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە دوابەدوای بانگەوازی حزبە کوردییەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی لەسێدارەدانی وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دەستیان دایە مانگرتن و بازاڕ و دوکانەکانیان داخست.

شەش حزبی سیاسی کوردستانی ئێران بانگەوازێکی هاوبەشیان بڵاوکردبوو و داوایان لە خەڵکی کوردستان کردبوو ڕۆژی چوارشەممە 22ی مانگی یەک دەست بدەنە مانگرتنی گشتی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەرکردن و پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی.

حزبە کوردییەکان لە بانگەوازەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە مانگرتنی گشتی چارەسەرێکی مەدەنییە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی.

بە گوێرەی هەواڵەکەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگا ئەمنییەکان لە شارە جیاجیاکان بۆ ڕێگریکردن لە مانگرتنەکە نوێنەری کەرتە جیاجیاکانی بازاڕ و بازرگانانیان بانگهێشتکردووە و هەڕەشەیان لێکردوون کە ئەگەر بەشداری مانگرتنەکە بکەن، شوێنی بازرگانییەکانیان دادەخرێت و دۆسیە یاسایش لە دژیان تۆمار دەکرێت.

بەپێی وێنە و گرتە ڤیدیۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە کاتی مانگرتن لە شارەکانی سەقز و دیواندەرە، هێزە ئەمنییەکان مۆری داخستنیان لەسەر دەرگای ئەو دووکان و بازاڕانە داوە کە بەهۆی مانگرتنەکەوە دەرگاکانیان داخراو بوون.

XS
SM
MD
LG