پۆلیسی یۆنان ڕایدەگەیەنێت پەیکەرێکی بێ سەر کە پێدەچێت تەمەنی بگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش ئیستا، لەناو کیسەیەکی نایلۆنی ڕەشدا لە نزیک سەبەتەی زبڵدان لە شاری سەلانیکی ئەو وڵاتە لەلایەن کەسێکەوە بە ڕێکەوت دوزراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی هێلینیک، گەنجێکی خەڵکی ناوچەکە کە تەمەنی 32 ساڵە، لە 18ی ئەم مانگەدا لە شاری بەندەری سەلانیک لە یۆنان پەیکەرەکەی دۆزیوەتەوە. پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە دوای هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی، پسپۆڕان دیارییانکردووە کە ئەو پەیکەرە سەر بە سەردەمی هێلینیستییە، ئەو قۆناغە کە نێوان ساڵانی 320 بۆ 330 پێش زایین دەگرێتەوە و بە گەشەسەندنی هونەر و کولتوری یۆنانی دوای فەتحەکانی ئەسکەندەری مەزن ناسراوە.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە پەیکەرەکە ڕادەستی دەسەڵاتی شوێنەوارەکانی یۆنان دەکرێت بۆ پشکنینی زیاتر و پاراستن و لێکۆڵینەوە لەلایەن شوێنەوارناسەکانەوە.
پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە بۆ ناسینەوەی ئەو کەسەی پەیکەرەکەی فڕێداوە، کەسێکیش بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە بۆ لێپرسینەوە، هەرچەند ئەو کەسە بەبێ هیچ تۆمەتێک ئازاد کراوە.
دۆزینەوەی بەڕێکەوتی شتە کۆن و مێژووییەکان تاڕادەیەک باو و ئاساییە لە یۆنان کە وڵاتێکە بە میراتە کۆنەکانی بەناوبانگە و زۆرجار لە کاتی بیناسازی یان پڕۆژەی گشتیدا ڕوودەدات.
چەند هەفتەیەک لەمەوبەریش دەسەڵاتدارانی شاری سەلانیک پەردەیان لەسەر کۆمەڵێک شوێنەواری کۆن لادا کە لە ماوەی دەیان ساڵ لە دروستکردنی سیستەمی میترۆدا دۆزراونەتەوە.
سەرچاوە/سی بی ئێس نیوز
پەیکەرێک کە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا، لەناو کیسەیەکی زبڵدا دەدۆزرێتەوە