پەرلەمانتارانی کورد لەبەغداد ڕایدەگەیەنن، دەنگدان بە هەر سێ یاسای، باری کەسێتی، لێبووردنی گشتی و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس تایبەت بە زەوی کورد لە کەرکوک بە ڕێککەوتنی سیاسی کراوە، چونکە کوردیان ناچار کردووە لە پێناو خاکی جووتیارانی کورد و گێرانەوەی مافە زەوتکراوەکانیان دەنگ بە یاساکانی تر بدات، بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد لە خوولی پێشوو پێی وایە ، تێپەڕاندنی ئەو سێ یاسایە بە یەک پاکێج سەرەڕای ئەوەی "نایاسایی"ە، "نەزانی کوتلە سیاسیەکانی کوردیشە"، چونکە ئەو ماددەیەی تایبەتە بە زەوی و زاری جووتیارانای کورد جێبەجێکردنی مەحاڵە.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کوردیان خستە بەینی بەرداشێکەوە، یان دەستبەرداری گەڕانەوەی ملیۆنێک ئەرزی کشتوکاڵی داگیرکراوی جوتیاری کورد لە کەکوک و خانەقین و دووزخورماتوو بێت، یان نەخێر دەبێت بە یەک پاکێج دەنگ بدەین."
وتیشی،" خوێندنەوەی یەکەم و دووەم هەموومان دژی بووین، بەڵام لە دەنگدان ناچار بووین کردبوویان بە یەک پاکێج، بۆیە سەدا 90 ی پەرلەمانتارانی کورد دەنگمان پێدا، وە بەڵێ ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر کراوە، موقفەکە بۆ کورد محرج بوو، کورد باوەڕی بە یاسای باری کەسێتی نەبوو، بەڵام ناچاربووین بیکەینە قوربانی پرسی کەرکوک."
دوێنێ 21ی مانگی یەکی 2025، پەرلەمانی عێراق دوای ناکۆکیەکی درێژمەودا لە نیوان فراکسیۆن و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکاندا، لەسەر سێ پرۆژە یاسای هەستیار دەنگیدا، کە پرۆژە یاسای هەموارکراوی باری کەسێتی، لێبووردنی گشتی و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس بوون بۆ گەڕاندنەوەی زەوی و زاری جوتیارانی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
بەشێک لە فراکسیۆنە شیعەکان پاڵپشتی یاسای باری کەسێتی دەکەن کە جەوهەری یاساکە گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئاینی و عورفە بۆ عێراق تایبەت بە خێزان و لە ناویشیاندا بەشوودانی کچانە لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، کە ئەم یاسایە زۆرترین کاردانەوەی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێناو چالاکوانانی کورد و عەرەب ماوەی چەند مانگێکە چەندین چالاکیان بۆ ڕەتکردنەوە و ڕێگری کردن لەم یاسایە ئەنجامدا.
یاسای لێبووردنی گشتی بە بەرژەوەندی سوونەکان لێکدەدرێتەوە، بەو پێیەی سوونەکانی عێراق پێیان وایە لەدوای زاڵبوونی هەژموونی شیعە گەرایی و ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس بەشێکی زۆر لە سوونەکان لە ژێر ناوی تیرۆردا لە زیندانەکانی عێراقدان. بۆیە تێپەڕاندنی یاساکە ڕێگە بە ئازاد بوونی هەزاران سوونەی عیراقی دەدات.
هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس تایبەت بە گەڕاندنەوەی هەزاران دۆنم لە زەوی و زاری جوتیارانی کورد و تورکمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە لەسەردەمی بەعسدا بە هۆی پرۆسەی بە عەرەب کردنەوە، عەرەبی تێدا نیشتەجێ کرابوو، دوای نزیکەی 24 ساڵ لە نەمانی بەعس یاساکە بڕیاری لەسەردرا، کوردیش کە بە بەرژەوەندی خۆی دەزانێت دەنگی پێدا.
شوان محەمەد، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەهۆی هەبوونی کێشەوە لە نێوان لایەنەکان بە یەک پاکێج دەنگی لەسەر درا، ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆ و ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت، وە دواجار کە دەهاتە کۆبوونەوەکان ڕێککەوتنەکان تێکدەچوو، چونکە هەندێکی بەڕاستی پەیوەستە بە ئازادی بیرو ڕای پەرلەمانتار، بۆ نموونە کورد زۆرینە دژی یاسای باری خێزانین، یان بە تاک لە هەر لایەنەێک هەیە دژی یاسایەکە کە فراکسیۆنەکەی لەگەڵیدایە."
وتیشی،" وەک کورد لەبەر ناچاریمان و گەڕانەوەی زەویە داگیرکراوەکانی کورد دەنگمان پێدا، زۆربەی کورد دژی یاسای باری کەسێتی بوو، بەڵام کورد لەبەر کەرکوک و خاک دەنگی بە یاساکاندا بە ناچاری."
لە ماددەی 134ی پەیڕەوی ناوخۆی ساڵی 2022 ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، دەبێت یاساکان ماددە بە ماددە گفتووگۆی لەسەر بکرێت، واتە نابێت بە پاکێجێک دەنگ بە یاسایەک زیاتر بدرێت، کە ئامانج لێی هەبوونی مسداقیەتە بەو مانایەی پەرلەمانتاران دەرفەتی پێویستیان هەبێت بۆ گفتووگۆ لەسەر ماددە یاساییەکان و دەنگدانیان. بە ڕای چالاکوان و یاساناسێکیش تێپەراندنی سێ یاساکە " نایاسایی" و "نەزانی کورد"ە.
ڕێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری خوولی پێشووی عێراق و پارێزەر، کە خۆی یەکێکە لەوانەی ماوەی چەند مانگێکە بەشداری چەندین چالاکی هاوبەشی کردووە بۆ ڕێگری لە تێپەڕاندنی یاسای باری کەسێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەتا ئێستا لە ميژووی دەرچوونی یاساکەنەوە لە پەرلەمانی عێراقدا نەبووە سێ مەشروعی یاسایی دەنگی لەسەر بدرێت، ئەمە ڕێگەی نایاساییە کە بەردەوامە لە عێراق، کورد لە لەجیاتی یاسای 140 دێت فەقەرەیەک هەموار دەکاتەوە، ئەمانە هەمووی هەڵەن و لە نەزانی کوتلە سیاسیەکانە بە تایبەت کورد، کە چارەنووسی ژن و منداڵی عێراقی خستە مەترسیەوە."
وتیشی،" ئێمە وەک کەسانی مەدەنی کە چەند چالاکیەکمان دژیی ئەنجامدا وە سەرۆکی هەرێم و یەکێتی زانایانیش ڕەتیان کردەوە، بەڵام نازانین بۆ پەرلەمانتاری کورد دەنگی داوە بە یاسایەک کە لەبەر خاتری ئەو بڕگە یاسایەی کەرکوک کە جێبەجێکردنیشی مەحاڵە، بۆیە یاساکە شایەنی ئەوەیە کە تانەی لێبدرێت و کاری بۆ دەکەین."