Accessibility links

هاوکاتی مانگرتن لە شارەکانی کوردستان، هەواڵەکان باس لە ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عزیزی دەکەن


دوابەدوای بانگەوازی حزبە کوردییەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی لەسێدارەدانی وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، خەڵکی شارە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە مانگرتن و بازاڕ و دوکانەکانیان داخستووە. هاوکاتیش ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران باس لە ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی پخشان عەزیزی دەکەن.

ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەوە پیشان دەدەن کە کاسبکاران لە شارەکانی سنە، سەقز، دیواندەرە، مەریوان، مەهاباد، بوکان، کرماشان و ئیلام ڕۆژی چوارشەممە دوکان و بازاڕەکانیان داخستووە.

دووکان و بازاڕەکانی شاری سەقز لەم ڕۆژەدا لە وەڵامی بانگەوازی حزبە کوردییەکان، شوێنەکانی خۆیانیان داخستووە. بەشداری بازرگانان لەم مانگرتنانەدا تەنانەت بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک دوکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە مۆر داخستنی هەمیشییان لەسەر بدرێت، ئەمەش وەک سزایەک بۆ کاسبکارانی کورد دژی بەشداریکردنیان لە مانگرتنەکەدا.

هەروەها لە گرتە ڤیدیویەکی دیکەدا بازاڕەکانی شاری سنە دەبینرێن کە هەمووی داخروە.

هەروەها لە شاری مەریوان دووکان و بازاڕەکان داخراون.

لەشاری ئیلامیش هەروەها لە وێنە و گرتە ڤیدیۆکاندا دەبینرێت کە بازاڕەکان وەک وەڵامی داواکاری حزبەکان بازاڕەکانیان داخستووە.

شەش حزبی سیاسی کوردستانی ئێران بانگەوازێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد ڕۆژی چوارشەممە 22ی مانگی یەک دەست بدەنە مانگرتنی گشتی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەرکردن و پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی.

حزبە کوردییەکان لە بانگەوازەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە مانگرتنی گشتی چارەسەرێکی مەدەنییە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی.

لە بانگەوازی هاوبەشی حزبەکانی کوردستانی ئێراندا هاتووە "ئێمە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، داوا لە هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەین کە چوارشەممە 22ی مانگی یەک بۆ ڕێگریکردن لە سزای لەسێدارەدانی منداڵەکانمان، مانگرتنی گشتی ئەنجام بدەن و پێویستە هەموو شوێنەکانی کار و بازاڕ و قوتابخانەکان دابخرێن. ئەمە هێزی یەکگرتنی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی سیاسی و مرۆیی نیشان دەدات."

حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی کوردستانی حزبی کومۆنیستی ئێران لە واژۆکارانی ئەم بانگەوازەن.

هاوکاتی ئەم مانگرتنە لە شارەکانی کوردستان، میدیا نێوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی کە دوای پەسەندکردنی لەلایەن دادگای باڵاوە ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان کرابوو، بە مەبەستی پێداچوونەوەی دوبارە، ڕاگیراوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن پارێزەرانی پەخشان عەزیزی داواکاریان بۆ دووبارە دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە لە دادگای باڵا تۆمار کردووە و بەو پێیەش سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە ڕاگیراوە.

مازیار تاتایی، پارێزەری پەخشان عەزیزی لە تۆڕی ئیکس لەمبارەیە نووسیوێتی "ئەمڕۆ لە لەگەڵ هاوکارم پارێزەر ئەمیر ڕەیسییان بۆ تۆمارکردنی داواکاری دووبارە دادگاییکردنی خاتوو پەخشان عەزیزی سەردانی دادگای باڵامان کردووە و داواکارییەکەمان وەرگیراوە و سزاکەی خاتوون پەخشان ڕاگیراوە."

پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد مانگی حەوتی ساڵی رابردوو لە لایەن لەقی 26ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پەژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

پەخشان عەزیزی دەرچووی بواری کاری کۆمەڵایەتی لە یەکێک لە زانکۆکانی تاران پێشتر وەک خۆبەخشێک رۆیشتووەتە ڕۆژئاوا بۆ هاوکاریکردنی ژنانی ئێزیدی ڕزگاربوو لە دەستی داعش، بەڵام دوای گەڕانەوەی لە تاران لەگەل خێزانەکەی دەستبەسەر دەکرێت و دوای ئازادکردنی خێزانەکەی، ناوبراو دەگوازریتەوە بۆ زیندانی ئێڤین و تاکو ئیستاش لەو زیندانە دەستبەسەرە.

هەروەها وەریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بووە کە لە یەکی مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواجاریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەلواتی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.

XS
SM
MD
LG