کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریا دیموکرات جێی سەرنجی هەموو لایەک بوو. هەرچەندە زانیاری زۆر لە بارەی کۆبوونەوەکەوە ڕانەگەیەندرا، بەڵام ڕاگەیەندنە کورتەکانی هەردوولا خۆشحاڵی کوردێکی زۆری لێکەوتەوە بەو پێـیەی هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی یەکڕیزی کورد لە سوریا کردەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە.
دەپرسین:
ڕێگرییەکان چین لە بەردەم ڕێکخستنی نێو ماڵی کورد لە سوریا؟
ئەو مافانە چین کورد لە سوریا بە گشتی ئامانجێتی؟
چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئامانجی پارت و لایەنە کوردییەکانی سوریا بۆ مافەکانی کورد؟
خاڵەکانی ناکۆکی نێوان لایەنە کوردییەکان لە سوریا چین؟
ئایا کورد دەتوانێت لە عێراق و سوریا نێو ماڵی خۆی یەکبخاتەوە؟
ئایا چارەنووسی کورد لە سوریا و عێراق هەمان چارەنووسە؟ ئەگەر یەکبن چی ئەگەر پەرت بن چی لەدەست دەدەن؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسەکرا بە میوانداری:
نیعمەت داود، سکرتێری حزبی یەکسانی دیموکراتی لە سوریا، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی لە سوریا.
غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی پەیەدە.
پرۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەهەولێر، پسپۆڕی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
پرۆفیسۆری یاریدەدەر پەروێز ڕەحیم قادر، شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی و مامۆستای زانکۆ.
نیعمەت داود:
کۆبوونەوەکەی نێوان کاک مەسعود بارزانی و کاک مەزڵوم عەبدی، لەسەر دەستپێشخەری کاک مەسعود بارزانی بوو، هەنگاوێکی باش و یەکەم بوو بۆ هەوڵدان بۆ یەکخستن و یەکڕیزی کورد.
ئێمە دەبێت هەوڵبدەین، مافی کورد لە دەستوری داهاتووی سوریا بچەسپێنین، باشترین ئیدارەش بۆ سوریا لە داهاتوو لامەرکەزییەتە، بۆ ئەوەی سوریایەک هەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان تێیدا بچەسپێت. تورکیا وڵاتێکی گرنگی دراوسێیە سنووری هاوبەشی لەگەڵ سوریا هەیە، بۆیە دوژمنایەتیکردنی تورکیا خزمەت بە دۆسیەی ئێمەی کورد ناکات. یەکێک لەکێشە سەرەکییەکانی ئێمە وەک ئەنەکەسە لەگەڵ پەیەدە و هەسەدە ئەوەیە کە ئەوان دوژمنایەتی تورکیا دەکەن و بە دوژمنی دەزانن،کێشەی سەرەکی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بوونی پەکەکەیە، تورکیا بەهۆی بوونی پەکەکەوە هێرش دەکاتە سەر هەسەدە و ناوچەکانی ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی ئەو بیانووە بۆ تورکیا نەمێنێت ئێمە داوامان لە هەسەدە و پەیەدە کردووە ڕاگەیەنراوێکی فەرمی دەربکەن خۆیان بێ بەری بکەن لە پەکەکە، داوا بکەن ڕۆژئاوای کوردستان بەجێبهێڵن، ئەوکات ئەو بیانووە بۆ تورکیا نامێنێتەوە هێرش بکەنە سەرمان، دەبێت کورد لە ڕۆژئاوا وەک سوود لە ئەزمونەی هەرێمی کوردستان وەربگرێت کە سیاسەتێکی عاقڵانەی گرتەبەر کە ئێران و تورکیای نەکردە دوژمنی خۆی تەنانەت لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پەیوەندی باشە.
غەریب حەسۆ:
لەو ڕۆژەوەی ڕژێمی سوریا ڕووخاوە، تورکیا لە چەند لایەکەوە دەستیکردووەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم هێرشانەی تورکیا ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامیان دەدا بە تەنیا مەترسی نییە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڵکو مەترسییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراقیش چونکە ئەگەر ئامانجی تورکیا بێتەدەی ئەوا ئەو چەتە تیرۆریستانەی تورکیا پشتیوانیان دەکات دەبنە دراوسێی هەرێم و عێراق.
ئەو بەرگرییانەی شەڕڤانان دەیکەن لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و چەتە تیرۆریستەکان ڕاستە بەرگرییە بۆ باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرگرییە لە هەرێمی کوردستان هەتا ئەو چەتە تیرۆریستانە نەبنە دراوسێی هەرێمی کوردستان و شەنگال.
تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەرە بە بیانوی تیرۆر دێت هێرش دەکاتە سەر ئێمە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ڕێگای چەتەکانیەوە هێرش دەکرێتە سەر کورد، بۆ ئەوەی کورد لەناو ببات نەگات بە مافەکانی لە ڕۆژئاوا، خۆ ئەگەر ئەو ئامانجەی تورکیا هاتەدی ئەو کات کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
ئەو کۆبوونەوەی نێوان بەڕێزان کاک مەسعود و کاک مەزڵوم عەبدی هەنگاوێکی باشبوو، هیوادارین کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و کورد هەوڵی یەکڕیزی بدات، چونکە مانەوەی ڕۆژئاوا بۆ هەموو کورد گرنگ و پێویستە.
کۆبوونەوەکە لەسەر پێشنیاری هەڤاڵ مەزڵوم بوو، کە ماوەی چەند ساڵە داوای ئەوە دەکات هەموو لایەنە کوردییەکان کۆببنەوە بۆ یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی، ئەو کۆبوونەوەیەی کاک مەسعود و هەڤاڵ مەزڵومیش هەنگاوکی باشبوو.
عوسمان عەلی:
کۆبوونەوەکەی کاک مەسعود و کاک مەزڵوم لەسەر دەتپێشخەری هەرلایەک بووبێت، گرنگ بوو و دەبوو زوتریش ئەنجامبدرایە، بە خوێندنەوەی من کۆبونەوەکەی کاک مەسعود بارزانی و کاک مەزڵوم، بە هەڵکردنی گـڵـۆپی سەوزی ئەمەریکا و تورکیا ئەنجامدراوە، مەبەستی تورکیا بەم دیپلۆماسیەتە دەتوانێت پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دووربخاتەوە. ئێستا پرۆسەی ئاشتی هەیە لە تورکیا، تورکیا چاوی لە سامانە سروشتییەکانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، وە ئێمە دەبێت لەو وەهمە دەربچین وەها بزانین ئەمەریکا تورکیا دەکاتە قوربانی کۆمەڵە کوردێک لە ڕۆژئاوای کوردستان.
باسکردن لە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیا و ئەردۆغانەوە تەنیا بۆ ڕای گشتی ناوخۆی وڵاتەکەیەتی.
باشترە کورد لە ڕۆژئاوا سوود لە ئەزمونی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بە تایبەت لە بابەتی نووسینەوەی دەستوردا، من دەبینم هەمان ئەزمونی ساڵی 1979 ی کە ل ەڕۆژهەڵاتی کوردستان روویدا، ئێستا هەمان شت بۆ ڕۆژئاوا ڕوودەدات، ئێستا گروپێکی شۆڕشگێڕی ئیسلامی لە سوریا هاتوونەتە سەر حوکم کە زۆریش بەهێزن لە سوریا، کورد کەمینەیە لە سوریا نابێت داواکاریی خۆی بە شێوازێک بخاتەڕوو کە دژی ئەو بۆچوونەی ئێستا لە دیمەشق هەیە. من بینیم لە هەردوولای ئەنەکەسە و هەسەدە دەڵێن بە هیچ جۆرێک قبوڵمان نییە سیستمێکی ئیسلامی یان نزیک لە ئیسلامی، لەکاتێکدا دیموکراسیەت مافی کەمینە دەپارێزێت نەک دیکتاتۆریەتی کەمینە دروست بکات، بۆیە دەبێت ئێمە واقیعی بین ئەو هەڵانەی برایانمان قاسملۆ و هاوڕێییانی کردیان لە ڕۆژئاوا دووبارەی نەکەنەوە، دەبێت داواکارییەکانیان مەعقول بن، بە بۆچوونی من فیدراڵی گونجاو نییە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان هەرێمێکی یەکگرتوو نییە، بۆیە خۆسەری بە شێوەی کرداری ئەویش بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەی کوردن نەک ئەو ناوچانەی عەرەبن، چونکە سبەی ئەو عەرەبانە، دەچنە پاڵ دیمەشق، بەڵام لە هەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە دەبێت کورد یەکگرتوو بێت.
ئێمە نابێت بڵێین، تورک دوژمنمانە، بەو عەقڵیەتە بیربکەینەوە، دوژمنێکی زۆر گەورە بۆ خۆمان دروست دەکەین، ئەبێت واقیعبین بین، تورکیا وڵاتێکی بەهێزە دەبێت چۆن باشوری کوردستان خۆی لەگەڵ تورکیا گونجاندووە، ڕۆژئاوای کوردستانیش دەتوانن دڵنیایی بدەنە تورکیا لەبارەی ئەوەی نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا کە ئەوەش لە ڕێگای ئەمەریکییەکان و کاک مەسعودەوە ئەوان دەتوانن ئەوە بکەن، من کوردم بە ڕاستی دەڵێم بەدیلی ئەردۆغان هەر ئەردۆغانە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ کورد، پێویستە کوردیش بە عەقڵیەتێکی تر مامەڵە لەگەڵ ئەم حکومەتەدا بکەن. کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان دەتوانن ڕۆڵێکی باش ببینن.
پەرویز ڕەحیم:
کۆبونەوەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی ئەگەرچی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دوو کاراکتەری نادەوڵەتین بەڵام زۆر گرنگە، چونکە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێک لە ئەرک بگرێتە ئەستۆ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.
کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، جگە لەوەی پێویستی بە دانوستانی کوردی-کوردی، هەروەها کوردی-عەرەبی هەیە، لە هەمان کاتدا پێویستمان بە دانوستانی کوردی-تورکی هەیە، لێرەدایە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوان ببینێت، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژئاواش پێوستی بەوە هەیە، سەرۆک مەسعود بارزانی دەتوانێت بەم پێگە و ڕەوایەتییەی هەیەیەتی ڕۆڵی ناوبژیوانی ببینێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هێنانە کایەی دانوستانی کوردی-کوردی، هەروەها کوردی-عەرەبی، بە تایبەت کە هەرێمی کوردستان ئەزمونێکی درێژ و زۆری هەیە لەو ڕووە.
ناکۆکی نێوان لایەنەکوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان هەر وەک ئەم دوو میوانەی ئەم بەرنامەیە (کاک نیعمەت و کاک غەریب حەسۆ)باسیان کرد، بەشێکی هۆکاری دەستوەردانی دەرەکییە، کە ئەمەش بۆ ئێمە وەک کەسانی ئەکادیمی هەتا ڕادەیەک بە واقیع بینی دەڵێم ئاساییە، چونکە ئەکتەری نادەوڵەتی بۆ مانەوەی خۆی لەم ژینگە شلۆقەی هەیە پێویستی بە پاڵپشتی ئەکتەری هەرێمی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا هەیە، کەل ە دیراساتی ئاسایشی دەوڵەتی بە هێشووییەکی ئەمنی دەناسرێت لقی لێدەبێتەوە لە شام، بەڵام خۆشبەختانە لە قسەکانی نوێنەری دوو لایەنە کوردییەکەی ڕۆژئاوا لەم بەرنامەیە ناکۆکی ئەوتۆمان نەدی، تەنیا دەکرێت بەگۆڕانی جیۆپۆلۆتیکی ئەوەش بگۆڕێت، و دڵەڕاوکێکانی تورکیا جا چ حەق یاخود ناحەق بێت لە ڕۆژئاوا دەبێت بڕەوێنرێتەوە، چونکە تورکیا لە هاوکێشەکانی سوریا و ناوچەکەدا ئەکتەرێکی بەهێزە.
ئەم قۆناغە بۆ کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هەم هەڵگری دەرفەتە وە هەم مایەی مەترسییە، ئەگەر بیکەمە ڕێژە، ئەوا ئەگەری دەرفەتەکە لەبەردەم کورد زیاترە، چونکە ڕژێمی سیاسی لە سوریا ڕووخاوە، ڕووسیا و ئێڕان هەتا ڕادەیەک ڕۆڵیان نەماوە، جێگۆڕکێ بە ئەکتەرەکان کراوە لەو وڵاتە، بە تایبەتی ئێستا ئیسڕائیل هاتووەتە ناو هاوکێشەکانەوە، کە هەتا ڕادەیەکی زۆر دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمەریکاش لە سوریا هەبێت، ئیسڕائیل کە بە وتەی خۆیان لە 80% توانا سەربازییەکانی سوریای لەناو بردووە، لانی کەم بۆ 10 ساڵ دەوڵەتێکی بەهێزی ناوەندی نامێنێت کە مەترسی جددی بێت بۆ سەر کورد، وە دووبارە باڵانسی هێز لە نێوان تورکیا و ئێڕان ڕووبداتەوە، کە ئەمەش لە قازانجی ئەکتەری نادەوڵەتییە، بۆیە لێرەدا دەڵێم دەرفەت بۆ کورد زیاترە لە هەڕەشەکان، بۆ نمونە ئەگەر ئەمەریکا بڕیاری کشانەوە بدات کە ئەمەش ئێستا لە ناوخودی ئەمەریکادا مشتومڕی لەسەرە.