Accessibility links

حکومەتی تورکیا دەستگیرکردنی ناڕازییانی چڕتر کردووەتەوە


لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنی بەرپرسان و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە نێو تورکیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی تورکیاوە چڕتر بووەتەوە و ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی سەرکوتکردنی بەرفراوانی نەیارانی حکومەت دروستکردووە.

بەرپرسی باڵی گەنجانی جەهەپە (پارتی کۆماریخوازی گەل) کە پارتی سەرەکی نەیاری حکومەتە بە هۆی پۆستێکی لە سۆشیال میدیا سەبارەت بە داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ، بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەر کرا و لێکۆڵینەوەی دادوەریش لە دژی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ لە هەمان پارت بەهۆی ڕەخنەگرتن لەم دەستگیرکردنە، دەستی پێکردووە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو (پارتی سەرکەوتن) بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەستگیرکرا.

پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) لە مێژە ڕەخنەی لە داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ و دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت و وەک ئامرازێکی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری ئەردۆغان ناوی دەبەن بۆ بێدەنگکردنی نەیاران و ناڕەزایەتییەکان.

یڵماز تونچ وەزیری داد ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن دەسەڵاتی دادوەری بە سیاسی کراوە و ڕایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ بەگوێرەی دەستوور مامەڵەی کردووە.

لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ڕابردوو کە تێیدا پارتی داد و گەشەپێدان زیانێکی زۆری بەرکەوت، دوو سەرۆکی شارەوانی قەزاکانی ئیستەنبوڵ کە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری بوون، دەستگیرکراون - یەکێکیان بە تۆمەتی پەیوەندی بە تیرۆرەوە و ئەوی دیکەیان بە تۆمەتی ساختەکاری لە تەندەر.

هەروەها شەش شارەوانی هەڵبژێردراوی دەم پارتی بە تۆمەتی پەیوەندی بە تیرۆرەوە لە کارەکانیان دوورخرانەوە و بەرپرسانی ڕاسپێردراوی حکومەت لە شوێنەکانیان دانران. تۆمەتێک کە ئەو لایەنە ڕەتیدەکاتەوە.

بێرک ئیسن، شرۆڤەکاری سیاسی لە زانکۆی سابانچی دەڵێت "پێشهاتەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن کە تورکیا تادێت دەبێتە وڵاتێکی تاکڕەو و ئەگەری سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکاندا کەمتر و کەمتر دەبێتەوە".

ئەم مشتومڕە یاساییە دوای هەفتەیەک لە دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکی هەرێمی لە ئەستەنبوڵ و تۆمەتبارکردنی لەلایەن داواکارانی گشتیەوە بە ساختەکاری لە تەندەری گشتیدا ڕوویداوە، تۆمەتێک کە پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) ڕەتیدەکاتەوە.

جەم ئایدن، سەرۆکی باڵی گەنجانی ئەو پارتە، دوای بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە سۆشیال میدیا کە ڕەخنەی لە داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ گرت سەبارەت بەو بڕیارە، دەستبەسەر کرا و دواتر بە قەدەغەکردنی گەشتکردن ئازادکرا.

ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ پاشان لە لێدوانێکدا سەبارەت بە سەربەخۆیی دادوەری، وتی "دیارە داواکاری گشتی شەو و ڕۆژ بیر لە ئێمە دەکاتەوە و بەم شێوەیە پیشەکەی جێبەجێ دەکات." ئاماژەی بەوەشکرد و وتی "داواکاری گشتی کە پێشتر بریکاری وەزیری داد بووە، وەک سیاسەتمەدارێک مامەڵە دەکات."

چەند خولەکێک دوای وتارەکەی، لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ دەستی پێکرد.

ئیمامئۆغڵو تانەیەکی لە سزای چەند ساڵ پێش ئیستا داوە کە دەوترێت سوکایەتی بە بەرپرسانی حکومەت کردووە کاتێک ڕەخنەی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی یەکەمی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان گرتووە کە تیایدا کاندیدی ئاکەپەی بردەوە. ئەگەر بڕیارەکە پشتڕاست بکرێتەوە، دەکرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە چالاکییە سیاسییەکان قەدەغە بکرێت.

ئیمامئۆغڵو ساڵی ڕابردوو کە پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تووشی خراپترین شکستی خۆی بوو، جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ڕۆژی دووشەممە ئۆزگور ئۆزیل، سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) کە یاوەری ئیمامئۆغڵویە، ڕایگەیاند "پارتەکەمان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، کاندیدەکەمانیش ئامادەیە."

ئەردۆغان ڕەخنەکانی ئەو پارتەی بە بێ بایەخ زانی و وتی "پارتی داد و گەشەپێدان سەرنجی لەسەر گۆڕینی دەسەڵات لە ناوچەکەدایە."

ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی سەرکەوتن بەهۆی ئەو لێدوانانەی کە دەڵێت "تەنانەت شەڕەکانی خاچھەڵگران بەقەد ئەردۆغان زیانیان بە تورکیا نەگەیاندووە" دەستگیرکرا.

ئۆزگور ئۆزێل ئاماژەی بەوەشکرد ئەمە هەوڵێکی دیکەی حکومەتە بۆ لێدانی ئۆپۆزسیۆن.

سەرچاوە/رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG