پرسی خوێندنەوەی كۆتایی بۆ پڕۆژەیاسای ناساندنی هەڵەبجە وەکو نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق بە ناڕوونی لە پەرلەمانی عێراق گیریخواردووە و چەند پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێن، ئەگەر لەم خولەی پەرلەماندا پڕۆژە یاساكە دەنگ نەهێنێت جارێكی دیكە بە ئەستەم دەتواندرێت بهێنرێتەوە ناو گفتوگۆکانی پەرلەمان.
سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "بەداخەوە تا ئێستا نەتوانراوە بخرێتەوە بەرنامەی كارەوە. نێوان فراكسیۆنەكانی كورد و شیعە و سونە زۆر خراپە، هەرچی تێپەڕاندن و بەڵێن بۆ هەر پڕۆژەیەك وەردەگیرێت تێناپەڕێت و هیچ ئاسۆیەكی ڕونیش بۆ خوێندنەوەی كۆتایی بۆ پڕۆژەكە نییە."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، "ئەگەر لەم خولەی پەرلەمان پڕۆژە یاساكە تێپەڕنەبێت، ئەوا بە یەكجاری لەم خولەدا ناتوانرێت بهێنرێتەوە ناو پەرلەمان. كاتێک كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر مووچە و بودجە و نەوت زیاد دەكات، هەرچی داخوازی فراكسیۆنە كوردیەكانە لەسەر پڕۆژەكان سەرناگرێت."
پڕۆژە یاسای "هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراق" لە چوار مادە پێكهاتووە. پرۆژەکە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ ژمارە 23131 لە كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 11 لە 13ی مانگی سێی 2023 پەسەندكرا و بە نووسراوی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 12497 لە 14ی مانگی 3ی 2023 كرا.
پەرلەمانی عێراق لە 5ی مانگی پێنجی 2023 خوێندنەوەی یەكەمی بۆكرد و دواتر خوێندنەوەی دووەمی بەسەركەوتووی كۆتایی هات. بەڵام لە 18ی مانگی نۆی هەمان ساڵ بڕگەی دەنگدانی كۆتایی لەسەر پڕۆژەیاساکە لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لابرا و لەو کاتەوە نەتوانراوە بخرێتەوە بەرنامەی كارەوە.
چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "پڕۆژە یاساكە هەنگاوی باشی بڕیووە و لە كۆبوونەوەی لیژنەی هەرێمەكان جارێكی دیكە داوامان كردووە بخرێتەوە بەرنامەی كار، بەڵام دۆخی ئێستای پەرلەمان دۆخێكی نەگونجاوە و نەتوانراوە بخرێتەوە بەرنامەی كار."
چرۆ حەمەشەریف وتیشی، "ئەگەر لەم خولەی پەرلەماندا پڕۆژە یاساكە خوێندنەوەی كوتایی بۆ نەكرێت، ئەوا دوورنیە لە خولێكی دیكەی پەرلەمانی نەتوانرێت ئەو هەنگاوانەی ئێستا ببڕێت."
لە پرۆسەی سەرژمێری عێراقدا، هەڵەبجە وەک بازنەیەكی سەربەخۆ هەژمار نەكرا سەرەڕای داوایەکی ئیدارەی هەڵەبجە لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە.
بەشێک لە چالاكوانانی هەڵەبجە دەڵێن، هەتا ئێستا بابەتی خوێندنەوەی كۆتایی لەلای حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی كورد لەبەغدا نەبووەتە پرسێکی سەرەكی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا؛ وە پێیان وایە ئەم پڕۆژەیاسایە پێویستی بە ڕێكەوتنی سیاسی هەیە.
ئەمین حاجی زەڵمی چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "لەسەر هەردوو ئاستی حكومەتی ناوەند و هەرێم لەسەرەتای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەوە هەنگاوەكان سست بوون، بەجۆرێك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هیچ بودجەیەكی تایبەت بە هەڵەبجە دابینەكراوە و لەلایەن حكومەتی ناوەندیشەوە پڕۆژەیاساكە تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان كراوە و هەنگاوی جدی بۆ نانرێت."
ئەو چالاكوانە وتیشی، "پێویستە لەو وەفدانەی كە لەهەرێمی كوردستانەوە دەچنە بەغدا، باس لە ڕێكەوتنێكی سیاسی بكرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژە یاسایە، كە ڕوونە لە پەرلەمانی عێراق ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە ڕەهەندی نشتیمانیان هەیە پێویستییان بە ڕێكەوتنی سیاسی هەیە."
هەڵەبجە لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا؛ لە ساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەکو پارێزگا ناسێنرا و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرکرا. لە 13ی سێی 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری پارێزگاکردنی بۆ دەرچوو.