Accessibility links

حەماس دەڵێت خولی دووهەمی ئازادکردنی بارمتەکان، ڕۆژی شەممە ئەنجام دەدرێت


حەماس ڕایگەیاند بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، گروپێکی دیکەی بارمتەکان لە غەززە ڕۆژی شەممە، 21ی مانگی یەک ئازاد دەکرێن.

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە گرووپی داهاتووی بارمتەکان کە چوار ژنی ئیسرائیلی دەبن، لە بەرامبەر ژمارەیەک زیندانی فەلەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون، ئازاد دەکرێن.

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا کە ڕۆژی دووشەممە دەستبەکاربوو، هەندێک گومانی سەبارەت بە ئاگربەستەکە دەربڕی.

ترامپ ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت "زۆر دڵنیا نییەم لە شتەکان. ئەوە شەڕی ئێمە نییە. ئەوە شەڕی ئەوانە."

ترامپ وتیشی بەڕێوبەرایەتییەکەی "ڕەنگە" یارمەتی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە بدات.

پانزە مانگ شەڕ کەرتی غەززەی وێران کردووە و زۆرێک لەو ماڵانەی وێران کردووە کە فەلەستینییەکان کە بەدوای سەلامەتیدا هەڵاتوون هیوایان خواستووە بگەڕێنەوە بۆیان لەگەڵ وەستانی شەڕەکاندا.
ڕۆژی یەکشەممە، دوای دەستپێکردنی ئاگربەستی شەش هەفتەیی، حەماس سێ بارمتەی ژنی ئیسرائیلی ئازاد کرد و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل 90 زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد.

ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە سێ قۆناغ پێکدێت. لە قۆناغی یەکەمدا کە 42 ڕۆژ دەخایەنێت، بڕیارە 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکرێن. لە بەرامبەردا ئیسرائیل نزیکەی هەزار و 900 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات. هەروەها بەپێی ڕێککەوتنەکە ڕۆژانه 600 بارهەڵگر کە هەڵگری هاوکاری مرۆیی دەبن، دەچێته ناو کەرتی غه ززەوە .

ئەم ڕێککەوتنە دوای 15 مانگ شەڕ لە غەززە کرا. شەڕێک کە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی دەی ساڵی 2023 دەستی پێکرد و لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتە گیران. لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و لە ئەنجامدا هەزاران فەلەستینی گیانیان لەدەستدا و وێرانکارییەکی بەرفراوانی ناوچەکەی لێکەوتەوە.

سەچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG