جارێکی دیکە حەماس و ئیسرائیل بە ئاگربەستێکی دیکە ڕزای بوون لە ژێر فشاری ژمارەیەک وڵات. شەڕی ئەم جارە کە حەماس لە 7ی مانگی دەی 2023 بە هەڵدانی هەزاران موشەک بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و پاشان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا زیاتر لە 1200 کەسی کوشت کە زۆربەیان کەسی سیڤیل بوون و هەروەها زیاتر لە 200 کەسی دیکەی بە بارمتە برد کە ژمارەیەکیان منداڵ و کەسانی بە تەمەن بوون. ئەم هێرشە وەهای لە ئیسرائیل کرد کاردانەوەیەکی لە ڕادەبەدەر توندی هەبێت و بەهۆیەوە دەیان هەزار فەلەستینی کوژران و لایەکی غەززە وێرانبوو.
دەزگا تەندروستییەکانی غەززە دەڵێن زیاتر لە 46 هەزار فەلەستینی کوژراون و ئیسرائیلیش لای خۆیەوە دەڵێت نزیکەی 18 هەزار چەکداری حەماسی کوشتووە و لە خۆیشی زیاتر لە 400 سەرباز کوژراون.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕێکەوتنەکەش بریتییە لە ئازادکردنی بارمتەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی نزیکەی 2 هەزار فەلەستینی لە نێویاندا هەزار لەو کەسانەی دوای 7 ی دەی 2023 دەستگیرکراون.
دەپرسین: ئایا هیچ لایەکیان دەتوانێت خۆی بە سەرکەوتوو بزانێت؟
کاریگەرییە ئابورییەکانی ئەم شەڕە بەسەر خەڵکی غەززە چۆن دەبێت؟ کێ دەتوانێت لە دوای ئەمەی ڕوویدا حوکمڕانی غەززە بکات؟ ئایندەی حەماس چۆن دەبێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکرێت بە میوانداری:
کارۆخ خۆشناو سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی
شێروان شەمێرانی، توێژەر و نوسەر و چاودێری سیاسی
کارۆخ خۆشناو
ئەو ئاگربەستە چاوەڕوانکراوبوو، چونکە ژمارەیەک بارمتەی ئیسڕائیلی لەدەست حەمسادا ماون کە بەلای ئیسڕائیل و ئەمەریکاشەوە گرنگن، بەڵام نە ئیسڕائیل و نە حەماس سەرکەوتوو نەبوون لەو شەڕە، چونکە هەردوولا قوربانیان داوە، وە وێرانکارییەکی زۆر لە غەززە ڕوویداوە، وە ئەوەی ڕوویداوە کارەساتێکی زۆر گەورەبوو بۆ هەردوولا، پێموایە ئەو ئاگربەستە زۆر درێژخایەن نیە، دوای ئازادکردنی بارمتەکان، ئیسڕائیل هەوڵدەدات حەماس و هەر لایەنێک مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسڕائیل هەیە لە ڕەگ و ڕیشەوە دەریبهێنێت.
ئەو ئاگربەستە هەتا قۆناغێکە، حەماسیش دەزانێت ئەو بارمتانە وەک کارتێکە لەدەستیدایە و هەموویان بە یەکجار ئازاد ناکات و قۆناغ بە قۆناغ ئازادییان دەکات، حەماس دەیەوێت لەو ڕێگایەوە زۆرترین کات دەستبخات، بۆیە هەتا ئەو بارمتانە لەدەست حەماس بمێنن، ئیسڕائیلیش سڵ دەکاتەوە لە شکانی ئاگربەستەکە، هەرکات ئەو بارمتانە لەدەست حەماس نەمان و چارەنوسییان یەکلایی کرانەوە، ئەوکات ئیسڕائیل تۆڵەی ٧ی ئۆکتۆبەر لە حەماس و گروپی مقاومە دەکاتەوە، ئەو بارمتانە کارتێکی بەهێزن لەدەست حەماس هەتا حەماس بەردەوام بێت لە هەناسەدان و ئەگەر بەلاوازیش بێت بمێنێ.
باشترین چارەسەر بۆ غەززە تەداخولکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە کەبێتە پێشەوە چارەسەرێک دابنێ، چونکە ئەوە یەکلایی بۆتەوە کە ئیسڕائیل ڕێگە بدات غەززە بگەڕێتەوە بۆ پێش قۆناغی ٧ی ئۆکتۆبەر.
بۆ ئەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو سەقامگیری بڕوات، دوو پرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسی زۆر گرنگن، فەلەستین و ئیسڕائیل، وە پرسی کورد، ئەگەر ئەم دوو پرسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نەکرێن ئەوا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهیچ جۆرێک بەرەو کەناری ئارامی هەنگاو نانێت و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستەبەر نابێت، لەهەمانکاتدا هەڕەشەش لەبەردەم کورد لەئێستادا باشتر و نزیکترە وەک لە فەلەستین، ئێستا پرسی کورد لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا قۆناغێکی باشی بڕیووە، بەڵام دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکان.
ئێستا کورد وەک جاران نیە بوترێت تەنها چیاکان دۆستین، بەڵکو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دۆستی زۆرمان هەیە وڵاتانی وەکو ئەوروپا و ئەمەریکا و ناوچەکەش هەتا خەریکە دەست و پەنجە نەرم بکەن لەگەڵ بەشێک لەمافەکانی کورد.
شێروان شەمێرانی
ئەوەی هەیە هیچ کامیان نە حەماس نە ئیسڕائیل سەرکەوتوو نەبوون، ئەوەی هەیە من ناوی دەنێم خوێن خواردن کە ئیسڕائیل ئەنجامی دا، بەڵام ڕاستە وەک مانا تەقلیدییەکە حەماس سەرکەوتوو نەبون، بەڵام هەرئەوەی حەماس ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، ناتانیاهۆ ناتوانێت هیچ بەدەست بهێنێت جگە لە گفتوگۆ و ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ و دانوستان ، ئەوە هاتەدی، بەڵام بەشێک لە توندڕەوانی ئیسڕائیل دەیانووت غەززە دەکەینە پارکی ئۆتۆمبێل دەبێت خەڵکەکەی بەتەواوی جێبهێڵن، ئەوەش نەهاتەدی، بەڵام لەڕووی سەربازییەوە حەماس زیانی زۆری پێگەیشت بەلەدەستدانی ژمارەیەک سەرکردەی سەرەکی و گرنگ، لە دوای ئەم ئاگربەستەوە لەڕووی سەربازییەوە حەماس تەراجوع دەکات، نەک هەر ئەوەی ژمارەی کوژراوەکانی زۆرن، بەڵکو، ئەو چەک و تەقەمەنیەی لەماوەی پانزە ساڵی ڕابردوو دروستی کردوون لەدەستی داوە، بەڵام وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە.
هەڵکەندنی حەماس لە غەززە قورسە، غەززەییەکان زیاتر حەماسیان دەوێت وەک لەدەسەڵاتی مەحمود عەباس و بزوتنەوەی فەتح، حەماس تەسلیم نابێت، وە مەحمود عەباسیش ئەو توانایەی نیە کە بتوانێت ئیرادەی خۆی فەرز بکات، ئەو سەربازێکی ئیسڕائیلی دەچێت لەژێر دەسەڵاتی مەحمود عەباس فەلەستینیەک دەگرێت و دەیبات بۆ تەلئەڤیڤ بۆ زیندانی کردن، مەحمود عەباس هیچ بەرگری پێناکرێت ئێستا چ جای غەززەی بخرێتە ژێر دەسەڵاتی، ئەوەی مەحمود عەباس وتی، ئامادەین غەززە وەربگرین تەنها بۆ دوو خاڵە، خاڵی یەکەم، تەنها خۆ نمایشکردنە بۆ ئەوەی بڵێ من سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکانم و ئەوە بەرپرسیارێتی منە، غەززە سەر بە ڕامەڵایە، خاڵی دووەم، هۆکارەکەی، پاکتاوکردنی حساباتی ساڵی 2006ە.