Accessibility links

دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم کێشەی تێکەوت و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا


دوای دوو خوێندنەوەی جیاواز لەسەر هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمـی کوردستان، وابڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگ بە پرۆژە هەموارەکە بدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشەی تێکەوت و دەنگدان بە یاساکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، ئەوانەی کێشەیان دروست کرد بە ئاشکرا "وتیان ڕێگە نادەین یاساکە تێپەڕێت."

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆبوونەوە گرژی تێکەوت، لە 17 ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی 7 یان دژی بوون و نیسابیان تێکدا بۆ ئەوەی دەنگی پێنەدرێت، بە ئاشکرا وتیان ڕێگە نادەین و نابێت، پێم وایە لە جەلسەکانی داهاتوشدا قورسە ڕازی ببن دەنگی لەسەر بدرێت، هەروەها جارێ دیاریش نییە کەی دەخرێتەوە بەرنامەی کار."

وتیشی،" ئەگەر ئەو هەموارە نەکرێت، هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر تەسلیم نەکردنی نەوت، لە کاتێکدا بە فرۆشتنی نەوت بەشدار دەبین لە زیاد کردنی داهاتی عێراق."

ڕۆژی 5 ی مانگی یانزەی 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد و ڕۆژی 26 مانگی یانزەی 2024 خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی کێشەوە نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە ئەنجام بدرێت، دواتر لە 13ی مانگی یەک خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە کرا و وا بڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگی پێبدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشە لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساکە دروستکرا ،دەنگدان بە یاساکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ رەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک لە نەوت لە عێراق نزیکەی 6 دۆلارە. بەمەش بەشێکی زۆر لە فراکسیۆنە عێراقیەکان پێیان وایە 16 دۆلاری نەوتی هەرێم زۆرە و غەدرە لە حکومەتی ناوەندی.

محمد حسێن، توێژەر لە بواری نەوت و غاز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەشێک لەوانەی مناقەشەی یاساکەیان کرد، پێیان وایە لەم کاتەدا یاساکە خراپە، چونکە پارەیەکی زۆر دەبێت خەرج بکرێت بۆ بەرهەمهينانی نەوت لە کوردستاندا، ئەمەش وا دەکات حکومەتی عێراق زیاتر قەرزدار بێت، وەک چۆن ساڵی ڕابردوو سەریی 17ترلیۆن دیناری خەرجکردووە لە داهاتەکانی، بیانوویەکی تر ئەوان بە فعلی پێیان وایە ئەم 16 دۆلارە زۆرە و بۆیە هەر پێیان وایە دەنگ نەدرێت بەم پرۆژە یاسایە."

وتیشی،" ئەوانەی ئەو هەوڵانەیان داوە دژی کەرتی نەوتی هەرێم و لە دژی بەرژەوەندی گشتی عێراقن، چونکە ئەگەر نەوتی هەرێم بە ئاشکرا نەفرۆشرێت بەشێوەکی خراپ دەفرۆشرێت، کە نە داهات و نە فرۆشی و نە ڕێژەکەی و نە حساباتی دیارە دیاریش نییە کێ دەیفرۆشێت."

هەرچەندە لە مانگی 3ی ساڵی 2023ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای عێراق ئاماژە بەوەدەکەن کە هەرێم، ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بە ڕێگەی نایاسایی دەیفرۆشێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە. هەندێک لە چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن پێدەچێت

لە داهاتوودا حکومەتی ناوەندی ئەمەش بکاتە دۆسیەیەک و لە ڕێگای داداگای فیدڕاڵیەوە لە دژی حکومەتی هەرێم بەکاری بهێنێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:06 0:00

XS
SM
MD
LG