گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکان وتی ڕۆژی یەکشەممە لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا لەگەڵ ئیسڕائیل سێ بارمتەی ژنی ئیسڕائیلی ئازاد دەکات.
ئیسڕائیل ناوەکانی سێ ژنەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و ڕەنگە تاوەکو ڕادەست نەکرێن دوای کاتژمێر 4 ی دوانیوەڕۆ ناوەکانییان پشتڕاست نەکاتەوە، بەڵام کۆڕبەندی بارمتە و خێزانە بێسەروشوێنەکان ناوی ئەو سێ ژنەیان ئاشکرا کردووە.
ڕۆمی گۆنین
گۆنینی سەماکار، تەمەنی 23 ساڵ بوو کاتێک چەکدارەکانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا لە ڤیستیڤاڵی نۆڤا ڕفاندییان. گۆنین چەندین کاتژمێر لەگەڵ هاوڕێکانیدا خۆی لە چەکدارەکان شاردبووەوە، پێش ئەوەی تەقە لەسەریی بکرێت. لەو کاتەدا لە ڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ خێزانەکەیدا دەکرد و خێزانەکەی گوێیان لێبووە وتوویەتی " ئەمڕۆ من دەمرم." دوایین شت کە خێزانەکەی گوێیان لێبووە ئەوە بووە کە چەکدارەکان بە عەرەبی وتوویانە " لە ژیاندا ماوە با بیبەین." دواتر تەلەفونەکەی شوێنێکی داوە لە کەرتی غەززەدا.
دۆرۆن شتاینبرێچەر
شتاینبرێچەر پەرستارێکی ڤێتێرنەری تەمەن 30 ساڵ بوو کە لە ماڵەکەی خۆیەوە لە کیبوتس کفار ئازا ڕفێندرا بۆ غەززە، کفار ئازا یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی کە لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی هێرشەکە پەیوەندی بە دایک و باوکییەوە کردووە و پێی وتوون کە ترساوە و چەکدارەکان گەیشتوونەتە باڵەخانەکەی. دواتر نامەیەکی دەنگی بۆ هاوڕێکانی ناردوو و وتوویەتی " ئەوان گەیشتوون، دەمگرن."
ئێمیلی داماری
داماری تەمەن 28 ساڵی ئیسڕائیلی - بەڕیتانیایی، لە ماڵەکەی خۆی لە کیبوتس کفار ئازا ڕفێندراوە. داماری لە لەندەن گەورە بووە و هاندەری تیپی تۆپی پێی تۆتنهام هۆتسپێرە. دایکی دەڵێت فیشەک لە دەستی دراوە و بریندار بووە و چاوی بەستراوە و لە دواوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بەستراوەتەوە و بەرەو غەززە ڕفێندراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز