كاكەییەكان نیگەرانن لە داواكاریەكی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوک كە بە نوسراوێكی فەرمی پشووی جەژنی قەوڵتاسانیان، هەڵوەشاندوەتەوە كە جەژنێكی ئاینی كاكەییەكانە، لەسەر بنەمای ئەوەی كە ئەوان عەشیرەتن و پێكهاتەیەكی ئاینی موسڵمانانن، دەڵێن ئەم هەوڵە كاركردنە بۆ گۆڕینی ناسنامە و ئاینەكەمان كە كوردین و ئاینەكەشمان كوردیە.
ڕەجەب كاكەیی، هاووڵاتیەكی كاكەییە و لە كەركوكە، لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " كاكەیی ئاینە، هەركەسێک خۆی بە كاكەیی نازانێت، هەرهەڵوێستێک لەسەر ئاینەكە دەردەبڕێت ئەمە پێشێلكاری ئاینیە، ئێمە نیگەرانین لە یەكێتی نشتیمانی كوردستان و ئەندامەكەیان كە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركو دەڵێن كاكەیی عەشیرەتە و پێكهاتەیەكی موسڵمانانن."
ڕەجەب كاكەیی دەڵێت،" كاكەییەكان لە كەركوک نزیكەی 30 هەزاركەس دەبن، ئەوانەی ئەو داواكارییەیان كردووە، یەک هاووڵاتی كاكەییمان پێ بڵێن كە ئەندامی حیزبێكی ئیسلامی بێت یان موسڵمان بێت، ئاینەكەشمان كوردیە، خاوەن سروتی تایبەت بەخۆیەتی و سەدان ساڵە كاكەییەكان لەسەری دەڕۆن."
12ی مانگی 1 ی 2025، بەبۆنەی جەژنی قەوڵتاسانەوە، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوک، ڕۆژێک پشووی بۆهاووڵاتیانی پێكهاتەی كاكەیی لە كەركوک ڕاگەیاند، بەڵام لەسەر داوای هوشیار هیجران نەجمەدین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوک، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پشووەكەی لە 13ی 1ی 2025 هەڵوەشاندەوە كە كاكەییەكانی بە بەشێک لە موسڵمانان ناوبردبوو.
دەنگی ئەمەریكا دوای چەندجارێک پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نوسینگەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوک ئەنجامدا و بۆ پێدانی زانیاری بەڵام لە دواجاردا وەڵامی پەیوەندیەكەی دەنگی ئەمەریكای نەدایەوە.
قەوڵتاس یاخود سێ شەوەی یاران لەلای كاكەییەكان مەڕاسیمێكی ئاینیە، كە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ كە لە 14ی مانگی 1ی چلەی زستان بۆ 17ی مانگی 1ی چلەی زستان دەستپێدەكات و تێیدا سێ ڕۆژ بە ڕۆژوو دەبن دواتر جەژن دەكەن، ئەم ڕۆژوەش لەلایەن سوڵتان سەهاک دامەزرێنەری ئاینەكە وەک شوكرانە بژێری واجب كراوە بۆ ڕزگاربووانی یارانی قەوڵتاس.
سەرچاوە مێژوویەكان دەلێن، یارانی قەوڵتاس پێكدێن لە ٧ کەس كە دەکەونە ڕێ بۆ خزمەتی سوڵتان سەهاک لە هەورامانی دیوی ئێران، بەهۆی ماندوویەتیی رێگەوە لە نزیک کێوی شاهۆ لە شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەشکەوتێکدا دەحەسێنەوە و تووشی لەخۆباییبوون دەبن و دەڵین "ئەگەر سوڵتان سەهاک حەقە با خۆی بێتە پێشوازیمان"،ئەمەش دەبێتە هۆی توڕەبوونی سوڵتان سەهاک و مستەفا داودان دەنێرێتە پێشوازییان و بە فەرمانی سوڵتان هەورێک لە ئاسمان دروستدەکات و سێ شەو بەسەریاندا بەفر دەبارێنێت و دەبن بە ژێر بەفرەوە.
پێكەوە لكاندی كاكەییەكان لەگەڵ شیعەكان و وەک نەوەی ئیمام كازم، بە هەنگاوێكی مەترسیدار دەزانرێت لەلایەن نوسەرە كاكەییەكانەوە و ئەم هەنگاوە ڕەتدەكەنەوە، جیاوازی ئاینیەكەیان لەگەڵ ئاینی ئیسلام دەخەنەڕوو.
مەهدی كاكەیی نوسەری كاكەیی لە لێدوانێكی نوسراودا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "ئەگەر ئایینی یارسان ئایینزایەكی ئیسلامی بووایە، تەنانەت ئەگەر لە ئایینی ئیسلامیش لایبدایە، بەشێک لە بۆنەكانی ئیسلام لای یارسانییەکان دەمایەوە. لە ئایینی یارساندا هیچ شوێنەواری پێنج پایە ئیسلامییەکان نییە. موسڵمانان لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو دەبن، یارسانييەکان لە چلەی زستاندا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبن. موسڵمانان بۆ حەج سەردانی مەککە دەکەن، یارسانیيەکان حەجدەکەن بۆ مەزارگەی (سان سەهاک)، کە دەکەوێتە ناوچەی هەورامان لە کوردستان. موسڵمانان نوێژ دەکەن، یارسانیيەکان نوێژ ناكەن، لەکاتێکدا یارسانییەکان هەمو ڕۆژێک لەکاتی هەڵهاتنی خۆر و ئاوابوونی، ڕوودەکەنە خۆر و لێی دەپاڕنەوە وەک باوباپیرانیان، هۆرییەکان و سۆمەرییەکان. موسڵمانان زەکات دەدەن، لە کاتێکدا یارسانييەکان زەکاتیان نییە. قورئان کتێبی پیرۆزە لە ئایینی ئیسلامیدا و بە زمانی عەرەبی نووسراوە، لە کاتێکدا (سەرەنجام) کتێبی پیرۆزە لە ئایینی یارسان و بە زمانی کوردی نووسراوە. موسڵمانان باوەڕیان بە ژیانی دوای مردن و بەهەشت و دۆزەخ هەیە، لە کاتێکدا یارسانييەکان باوەڕیان بە گواستنەوەی ڕەوان هەیە."
مەهدی كاكەیی وتیشی،"مێژووی كاكەییەكان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 4000 ساڵ لەمەوبەر، كە ئاینی یارسان دينيان بووه و لە ساڵی 1800 پێش زایین دەوڵەتێكیان هەبووە بەناوی (پادشایەتیی كاكەیی)، واتە 2400 ساڵ پێش سەرهەڵدانی ئیسلام. لەو سەردەمەدا نەک تەنها ئیسلام دەرنەكەوتبوو، بەڵكو ناوی عەرەبیش لە مێژوودا نەبوو. ئیتر چۆن کاکەییەکان پەیوەست دەبن بە عەرەب و ئیسلامەوە، لە کاتێکدا کاکەییەکان لە عەرەبەکان کۆنترن و ئایینی یارسان زۆر کۆنترە لە ئایینی ئیسلام؟!"
نوسەرێكی دەرەوەی كاكەیی دەڵێت، نزیكەی 30 هەزار پەڕە لە تێكستەكانی یارسانم لایە لە سەردەمە جیاوازەكان، لە هەموویان دەڵێت، ئەم ئاینە،سەرهەڵدان و گەشەكردن و پوكانەوەی لە كوردستان بووە و هەموو ڕابەرو تێكستەكانی كوردین.
ئەیوب ڕۆستەم نوسەر و لێكۆڵەر لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"ڕوگەی ئەم ئاینە لە كوردستانە، ئاوی كەوسەری لە كوردستانە و بڕواپێهێنانەكەی بە كوردیە، ئەم دینە لەدورو نزیكەوە پەیوەندی بە شیعەوە نیە، ڕاستە یارسانەكەكان عەلی كوڕی ئەبو تاڵب و حوسێنی كوڕی عەلی،لەلایان پیرۆزە، ئەوەش پەیوەندی بە گواستنەوەی ڕۆحەوە هەیە، كە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە، ئەوان پێیان وایە ڕۆحی خواوەندی میترا دێتە ناو حەزرەتی مەسیح،دێتە ناو حەزرەتی عەلی دواتر بۆ حوسێن و پاشان دێتە ناو ڕابەرە ئاینیەكانی ئەمان، ئەمانە وەك رۆح پیرۆزن نەك وەك جەستە."
ئەیوب ڕۆستەم وتیشی "لەسەرەتای دروست بوونی گەردونەوە حەوت قۆناغ تێپەڕبووەن كە ئامانەن، قۆناغی خاوەندكار لەسەردەمی ئادەمەوە دەستپێدەكات، قۆناغی شەریعەت، قۆناغی بالولی ماهی، قۆناغی باواسەرهەنگی دەوانی،قۆناغی شاخۆشێنی لوڕستانی، قۆناغی باوا ناوسی جاف،قۆناغی پەردیوەری یەكەم و سان سەهاكی بەرزنجی،هەموو تێكستەكانی لەم قۆناغانە كوردین و ڕابەرە ئاینیەكانیشی كوردین."