لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە حکومەتی عێراق دەکات، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران و سیاسەتمەداران ئاماژە بەوەدەکەن هەرێمی کوردستان کارتی گرنگی لەبەردەستدا نییە تا لەبەرامبەر عێراق بەکاری بهێنێت.
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارو ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕوون نین، هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن و ئاراستەی سێیەمیش لەناو هاوکێشەکەدا نییە تا دۆخەکە ڕوونبکاتەوە. هەرچەندە عێراق و لایەنە شیعەکان نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، دەسەڵاتیان لایەو بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە لەگەڵ کوردو سونە دەکەن."
دەشڵێت،"باسی کشانەوەو بەکارهێنانی کارت بەرامبەر بەغدا دەکرێت لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام هیچ کارتێک نابینم و لایەنە کوردییەکانیش یەکگرتوو نین، بەغدا دەزانێت هەرێم کارتی بەدەستەوە نییە بۆیە زۆر گوێ بە هەڕەشەکانی نادات."
ڕۆژی 11 ی مانگی یەکی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی کورد لەنێو حکومەتی عێراق و نوێنەری بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدا.
ئەنجامدانی کۆبوونەوە نائاساییەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەکاتێکدابوو، حکومەتی عێراق لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بە پێنەدانی مافەکانی خەڵکی کوردستان تۆمەتبار دەکراو هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن دەکرا.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە هەرێمێکین لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، بوونی کێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا گرفتی گەورە بۆ حکومەتی عێراق دروست دەکات. هەرێمێکین خاوەن زەوی و حکومەت و پەرلەمان و لەشکرێک کادرین لە بەغدا، گەر کار بگاتە هەڵوێست وەرگرتن، کارتمان زۆر بەدەستەوەیەو سەرئێشەی گەورە بۆ عێراق دروست دەکەین."
سەبارەت بەو کارتانەی بەرامبەر بەغدا بەدەست هەرێمی کوردستانەوەن، شوان محەمەد وتی،"ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو بەهۆی ناکۆکی نێوان شیعەو سونە دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام نەدرا، وەکو فراکسیۆنە کوردییەکان لە کافتریای پەرلەمان کۆبووینەوە، یەکێک لەو خاڵانەی گفتووگۆمان لەسەر کرد بایکۆت کردن و مان گرتن و پەکخستنی ئیش و کارەکانی پەرلەمان بوو، چونکە ناکرێت موچەخۆری هەرێم لەو دۆخەدا بێت و هەڵوێستی جدی وەرنەگرین."
هەروەها وتیشی،"کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگەنادات عێراقی نوێ میللەتی کورد برسی بکات لەسەر بنەمای درۆی وەزیرو وەزارەتێک، سەرەڕای ئەوەی موچە نانێرێت تۆمەتباریشت بکات، لەکاتێکدا ژمارەکان ڕوونن."
هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە، کورد لە نێو خۆیدا یەکگرتوو نییەو فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری بایکۆتی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیران و نوێنەرانی کوردیان لەبەغدا کرد.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"باشترین بژاردە ڕێککەوتنی هەرێمە لەگەڵ بەغداو چارەسەر کردنی کێشەکانە بە گفتووگۆ، ئەمە وەسیەتی زۆرێک لە وڵاتانی زلهێز و باڵیۆزخانەکانە بۆ هەرێمی کوردستان."
دەشڵێت،"گوتار توندی بەرپرسانی هەرێم بەرامبەر بەغدا جێی پرسیارە، بە تایبەت حکومەتی هەرێم هەر هەنگاوێکی نابێت مەرج نییە سەرکەوتووبێت، هاوڵاتیانی هەرێم بە پلەی یەکەم باجی ئەم گوتار توندییەیان داوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تۆمەتبار دەکرێت بە ڕادەست نەکردنی داهاتی نەوتی و نا نەوتی لە ساڵی 2024 دا، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمیش پەنجەی تۆمەت بۆ عێراق درێژ دەکات بەوەی هەرجارەو بە بیانوویەک بودجەی هەرێم ڕادەگرێت.
دکتۆر سەلام زوبێدی، وتەبێژی هاوپەیمانێتی نەسر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا سیاسی نین، بەڵکو زیاتر تەکنیکین و کێشەکان کەڵەبووی سەردەمی حکومەتەکانی پێشوون. دوای کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی باڵای هەرێم و بەغدا پێدەچێت کێشەکان چارەسەر ببن."
لەکاتێکدا موچەی مانگی 12 ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدرا، ساڵی 2025 یش بە هەڕەشەی هەرێم لە بەغداو قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان دەستیپێکرد، بۆیە لە ئێستادا چارەنوسی کێشە دارایی و ئابوورییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بۆ ساڵی نوێ هێشتا ڕوون نییە.
دکتۆر مەحمود عوسمان: هەرێم کارتی بەرامبەر بەغدا بەدەستەوە نییە بۆیە عێراق گوێ بە هەڕەشەکان نادات
