Accessibility links

کورد لە پەیوەندییەکانی نێوان ترامپ و ئەردۆغاندا


دانۆڵد ترامپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان - ئەرشیف
دانۆڵد ترامپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان - ئەرشیف

لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا، سەرۆکی تورکیا پەیوەندییەکی زۆر نزیکی هەبوو لەگەڵ ترامپدا و بە ئەندازەیەکیش بوو کە دەگوترا "ترامپ، تەنها دۆستێکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە لە واشنتۆن." ئێستاش دوای چوار ساڵ، دانۆڵد ترامپ دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی و هاوکات ئەردۆغان هەوڵی دۆزینەوەی زەمینەی نوێی هاوبەش دەدات لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمەریکادا، بەو ئامانجەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنەوە و هەروەهاش فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی ئەمەریکاش بکڕێت.

دکتۆر سەردار عەزیز، شیکەرەوە و پسپۆڕی سیاسی لەوبڕوایەدایە کە یەکێک لەو دیدانەی لە ئێستادا قسەی زۆری لەسەر دەکرێت و ڕەنگیشە ببێتە یەکێک لە بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەیی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی سەرۆکی نوێی ئەمەریکایە لەگەڵ هاوشانەکانیدا لە وڵاتانی جیهاندا و دەڵێت "بەڵام کاتێک ئەم پرسە دێتە سەر وڵاتێکی ئێجگار ئاڵۆز و ستراتیژی و گرنگی وەک تورکیا، دەشێت بەوشێوەیە نەبێت کە ئانکەرە دەیخوازێت؛ لەو ڕوانگەیەوەی تورکیا کاریگەریی هەیە لەسەر پرسی دەریای ڕەش لە پەیوەندی بە شەڕی ئۆکراینەوە و هەروەهاش ئەو کاریگەریانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەتی و ئێستاش لە پرسی سوریا و ئاسایشی ئیسرائیل و ئیسلامی سیاسی و تێرۆر و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئێراندا، فاکتەر زۆرن و ناکرێت بگوترێت تەنها هاوڕێیەتی و دۆستایەتی بڕیاردەر دەبن لە دۆسێکانی نێوان ئانکەرە و واشنتۆندا."

هەرچۆنێک بێت وەک شیکەرەوە باسی دەکەن، سەرۆکی تورکیا دەرفەتێک دەبینێت لەم بەڕێوبەرایەتیە نوێیەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکادا، بەڵام دەشڵێن گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی، مەترسی خۆیشی هەیە بۆ تورکیا و ناکرێت هەر تەنها وەک دەرفەت سەیر بکرێت.

ئاسڵی ئایدنتاشباش، شیکەرەوە لە نێوەندی بروکینگس لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا هاوڕایە و دەڵێت "سەرۆک ئەردۆغان و سەرۆک ترامپ بە شێوەیەکی بەرچاو پێکەوە دەگونجێن، بەڵام بەو مانایە نییە هەموو داواکانی تورکیا بەجێبگەیەندرێن."
یەپەگە

ترامپ لە گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای کرد کە بۆ پشتیوانی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەوێ بوون.

یەپەگە، هاوپەیمانی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بەسەرکردایەتی ئەمەریکا بوو بۆ لەناوبردنی داعش، هاوکاتی ئەو شەڕە خوێناوی و دژوارانە و هەتا ئێستاش، یەپەگە بەشێکی سەرەکیی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

ئانکەرە یەپەگە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست ناودێر دەکات و دەشڵێت باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستانە.

وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن، ژمارەیەک فاکتەر هەن وەها دەکەن بگوترێت مەرج نییە بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمەریکا تەبابێت لەگەڵ ئەو داوایەی تورکیادا، لەوانە نەبوونی دڵنیایی و متمانە بە ڕێبەرایەتی نوێی هەیئەتی تەحریری شام.

دکتۆر سەردار، دەڵێت "پرسی ئەوەی بە گەڕانەوەی دانۆڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی و بڕیاردان لەوەی هێزەکان بە تەواوەتی لە سوریا بکشێنێتەوە، شتێکی نا واقیعییە، چونکە ئەگەر ئاوەها هەنگاوێک بنرێت ئەوا ئاڵۆزییەکی زۆر دێتە ئاراوە و بە دوریشی دەزانم ترامپ بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات؛ لەبیرمان نەچێت ترامپ باش ئاگادارە کاتێک بایدن لە ئەفغانستان کشایەوە بووە مایەی دروستبوونی دۆخێکی سەختی مرۆیی و ئەمەش وەهای کرد ئاستی جەماوەریی بایدن لە ئەمەریکادا داببەزێت؛ ئەڵبەت ئاستی جەماوەریی بۆ ترامپ زۆر گرنگە و ئەگەریش بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات و هەمان ئەو ئەزموونەی بایدن دووبارە بکاتەوە، ئەوا کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی مید تێرم کە دوو ساڵی تر دەکرێت؛ بێگومان تیمی ترامپ هەڵسەنگاندن بۆ ئاوەها ڕەوشێک دەکات، هەربۆیە بە دوری دەزانم وا بە زوویی ئەو کشانەوەیە ڕووبدات."

سەزن ئونەی، لە نێوەندی پۆڵەتیک یۆڵ، لە لێدوانەکەیدا بۆ دۆریان جۆنز، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئەستانبوڵ، دەڵێت "بۆ ئەوەی داعش سەرهەڵنەداتەوە، یان ئەگەری ئەوەی هەیئەتی تەحریری شام ببێتە مەترسی بۆ ئەمەریکا، ئەوا بەڕێوبەرایەتی ترامپ پاراستنی یەپەگە و کورد و هاوپەیمانێتیش لەگەڵ کورددا بە گرنگ دەزانێت؛ ئەوەتا لە ئێستاوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، ئاماژە بە مەترسی داعش دەکات."

ئۆکراین لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئانکەرەدا

ئەردۆغان بەو هیوایەیە بەڕێوبەرایەتی ترامپ، کۆنگرێس بێنێتە سەر بار بۆ لابردنی قەدەغەی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35 بە تورکیا. کڕینی موشەکەکانی جۆری ئێس 400 لە ڕوسیا، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو هەنگاوەی ئانکەرە ناڕەزاییەکی زۆری ئەندامانی ناتۆ و هەروەهاش وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپای لێکەوتەوە. بێ لەوەش کاتێک ئەمەریکا و ئەوروپاش، سزایان سەپاندە سەر ڕوسیا، وڵاتی تورکیا درێژەیدا بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ مۆسکۆدا.

ئێستاش لەوانەیە ئانکەرە ڕۆڵی ئاسانکاری بگێڕیت بۆ هەر هەوڵێکی ترامپ بیدات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕوسیا لە ئۆکراین، بەهۆی ئەو پەیوەندییە نزیکەی ئەردۆغان لەگەڵ هەردوو وڵاتدا هەیەتی، بەڵام وەک چاودێر جەختی لێدەکەنەوە، دەشێت ئەوەی لە سوریادا ڕوودەدات کاریگەریی بکاتە سەر ڕۆڵی ئانکەرە لە قەیرانی ئۆکرایندا.

ئوزگور ئونلوهیسارچیکلی، لە نێوەندی جێرمەن مارشاڵ فەند دەڵێت "ئەگەر ترامپ فشار بکات بۆ ئاگربەست لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرایندا، ئەوا تورکیا دەشێت زۆر یارمەتیدەر بێت وەک ناوبژیکارێک؛ جا دەشێت تورکیا یارمەتیدەر بێت لە سیاسەتی ئەمەریکادا؛ بەڵام مەترسیش هەیە چونکە ئەوەی لە سوریادا ڕوودەدات دەشێت تاقیکردنەوەیەکی زووتر بێت پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا."

دکتۆر سەردار دەڵێت "هەردوو پرسی کورد لە سوریادا و پرسی ئۆکراین لە پانتایی خۆیاندا گرنگن، لێرەدا بە دڵنیاییەوە لەوانەیە تورکیا هەوڵ بدات پەیوەندی دروست بکات لەنێوان ئەو دوو پرسەدا هاوشێوەی ئەو تەگەرانەی داینابوون ئەو کاتەی سوید و فینلاند دەیانویست ببنە ئەندامی ناتۆ، هەرچەندە لەوانەیە ئەمجارەی بۆی ئاسان نەبێت بەهۆی بوونی کاراکتەری تر لەم بابەتەدا، لەوانە وڵاتی ئیسرائیل، یانیش ئەگەری سەرهەڵدانی سیستەمی نوێ لە ناوچەکەدا، ڕەنگە وەها بکەن تورکیا نەتوانێت ئەم دوو پرسە بخاتە ناو یەک سەوداوە."

ئێران لە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و ئانکەرەدا

ئانکەرە و واشنتۆن، نیگەرانیی هاوبەشیان هەیە لەسەر هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەمەش وەک دەگوترێت دەرفەتێکی تر دەدات بە ئەردۆغان و ترامپ بۆ کاری پێکەوەیی.
ئانکەرە و تاران، ڕکابەری لە مێژینەی یەکترن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ململانێی بەرژەوەندی سیاسی و ژیۆپۆڵەتیکی و ئابوری و ئاینزاییش هەیە لە نێوانیاندا؛ هەروەهاش وەک چۆن ئێران خۆی بە ڕابەری شیعەگەرایی دەزانێت، بە هەمان ئەندازەش تورکیا خۆی بە جەمسەرە سەرەکییەکەی سوننەگەرایی دادەنێت.

ئابوری تورکیا

لە گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترامپ هەڕەشەی وێرانکردنی ئابوری تورکیای کرد بەهۆی هەڕەشەکانی ئەردۆغانەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو هێزانەی کورد لە سوریادا کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات؛ ئەو هەڕەشەیەی ترامپ بوو مایەی داڕمانی دراوی تورکیا.

ئابوری تورکیا لە ڕەوشێکی ناهەمواردایە، گرانی و بێکاریی و هەژاریی، بەرۆکی ژیانی خەڵکیان گرتووە و شیکەرەوەش دەڵێن "لاوازیی ئێستای ئابوری تورکیا وەها دەکات ئەمجارە ئەردۆغان بە ئاگاهی و وریاییەوە سەروسەودا بکات."

XS
SM
MD
LG