وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کورستان ڕایدەگەیەنێت، کۆبونەوەی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەكێتی، تایبەت بووە بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکە، کە هەستیاری قۆناغەکە واپێویست دەکات لایەنەکان ئاستی داواکاریەکانیان لەگەڵ قۆناغەکە بگونجێنن بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتن، هەروەها وتیشی، تەوەرێکی تر تایبەت بووە بە ناوی مووچەخۆران و لەبەرچاوگرتنی ڕێککەوتی هاوبەش لەگەڵ بەغداد.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆبوونەوەکە سەبارەت بەدۆخی هەرێم و ناوچەکە بووە، کە دۆخێکی هەستیارە و دەبێت لایەنەکان ئاست و سەقفی داواکاریەکان بگونجێنن لەگەڵ ئەم دۆخەدا و دەستیان سووک بکەن لە ڕێککەوتن، بۆیە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە."
وتیشی،" بە دڵنیاییەوە لە کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی، یەکێک لە بابەتەکان ئەوەبوو هەوڵ بدرێت ژمارەی فەرمانبەران واقعی بیت و بگونجێت لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ بەغداد هەیە، وە بیانوو نەدرێت بە نەیارەکانمان، واتە پرسی مووچە ئەوەندە نەبێتە پرسی میدیا و شەڕی ڕاگەیاندن، باشترە کارەکان ئاسان بکەین لەگەڵ یەکتردا."
دوێنێ 16ی مانگی یەک دوور لە چاوی میدیاکان هەریەک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە. هەرچەندە بەشێک لە میدیا ناوخۆیی و عێراقیەکان باسیان لە دابەشکاری پۆستەباڵاکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرد لە نێوان هەردوولایەندا.
بەڵام وتەبێژەکەی یەکێتی ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت،" لە بنەڕەتدا کۆبوونەوەکە بۆ ئەو پرسە نەبووە، تەعریفکردنی پۆست و بەرپرسیارێتی لەلایەن لیژنەیەکەوە ئامادە دەکرێت، لەلاین تیمی دانستانی هەردولا لەسەر پۆستەکان گفتووگۆ دەکرێت و یەکلا کردەوە."
سەعدی پیرە دەشڵێت،" دیار نییە کۆبوونەوەی داهاتوو لە نێوان هەردوولا کەی دەبێت، بەڵام کۆبوونەوە لەم نزیکانە دەبێت، چاوەڕێین لیژنە فەنیەکە کارەکانی خۆیان تەواو بکەن و بیبەن بۆ کۆبوونەوەی هاوبەش هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت."
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی کرد بە چەند بەرپرسێکی پاتی دیموکراتی کوردستانەوە، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.