سوید هەوڵدەدات مافی هاووڵاتیبوون لەو کەسانە وەربگرێتەوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی دەکەن یان بە فیڵ و درۆ ئەو مافەیان بەدەستهێناوە.
حکومەتی سوید ئامادەکاری دەکات بۆ گۆڕینی دەستوور بۆ ئەوەی بتوانێت مافی هاووڵاتیبوون لەو کەسانە بسەنێتەوە کە بە ڕێگەی ساختە مافی هاووڵاتی بوونی ئەو وڵاتەیان وەرگرتووە، یان مەترسین بۆ سەر دەوڵەت.
ئەگەر یاساکە دەربچێت ئەوا ئەو کەسانەی هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن و بە پێدانی زانیاری درۆ و هەڵە و بەرتیل یان هەڕەشە ڕەگەزنامەیان وەرگرتووە یان ئەو کەسانەی کە بە تاوانی وەک سیخوڕی یان خیانەت سزا دراون، مافی هاووڵاتی بوونی سویدییان لێ وەردەگیرێتەوە.
ئەم پێشنیازانە لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی حزبییەوە خراوەتەڕوو و بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە. گۆڕانکارییە پێشنیار کراوەکان ئەگەر پەسەند بکرێن، لە مانگی شەشی 2026 ەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
دەستووری ئێستای سوید ڕێگە بە هەڵوەشاندنەوەی ڕەگەزنامە نادات و ئەمەش ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە، بەتایبەتی لەلایەن لایەنە ڕاستڕەوەکان. گونار سترۆمەر، وەزیری دادی سوید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "سوید ڕووبەڕووی سێ هەڕەشەی زۆر جددی و هاوتەریب دەبێتەوە بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی؛ "توندڕەوی شەڕانگێزانە، کردەوەی دوژمنکارانەی ئەکتەرە دەوڵەتییەکان دژی سوید و تاوانی ڕێکخراو و سیستماتیک".
بە وتەی یۆهان فۆرسێل، وەزیری کۆچبەران، لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 600 کەس کە لەلایەن دەسەڵاتداران بە هەڕەشەی ئەمنی دادەنرێن، داوای ڕەگەزنامەی سویدییان کردووە. ئەم وڵاتەی سکاندیناڤیا لەلایەن حکومەتێکی کەمینەی ڕاستڕەوی میانە بەڕێوەدەبرێت کە زۆر پشت بە پشتیوانی دیموکراتەکانی سوید دەبەستێت کە پارتێکی ڕاستڕەوی توندڕەو و دژە کۆچبەرییە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022دا پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
سوید سەردەمانێک یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە زۆرترین پێشوازییان لە کۆچبەران دەکرد و لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ژمارەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە کە لە دەرەوەی سوید لەدایک بوون دوو هێندە زیادی کردووە. ئەم کەسانە ئێستا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی سوید پێکدەهێنن کە 10 ملیۆن و 500 هەزار کەسە.
بەڵام سوید لەم ساڵانەی دواییدا سنووردارکردنی توندی بۆ کۆچبەران داناوە. لە کاتێکدا لە ساڵی 2016دا زیاتر لە 86 هەزار مۆڵەتی ئیقامە بە پەناخوازان و خێزانەکانیان دراوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ڕابردوودا بۆ نزمترین ئاستی 6 هەزار و 250 کەس دابەزیوە.
هەروەها حکومەت داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕەگەزنامەی ئەندامانی باندە تاوانکارییەکان کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە دەکات. بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن لیژنەیەکی پەرلەمانییەوە ڕەتکرایەوە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا حکومەت ڕایگەیاند ئەو کۆچبەرانەی کە داوای مافی هاووڵاتیبوونی سویدی دەکەن، دەبێت پێش ئەوەی بتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، لەبری پێنج ساڵ، بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەو وڵاتە بژین.
فۆرسێل وتی "ئێمە دەمانەوێت سویدێک بنیات بنێین کە یەکگرتوو بێت و بوون بە هاووڵاتی سویدی تێیدا نرخی هەبێت."
سەرچاوە/ڕۆیتەرز