Accessibility links

پێکدادانی کوشندە لە نێوان چەکدارانی سەر بە ئەسەد و تەحریری شام لە ڕۆژئاوای سوریا بەردەوامە


دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە ئۆپەراسیۆنێکیان لە شاری تەرتوس لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەستپێکرد و ڕێکخراوێکی چاودێری جەنگیش ڕایگەیاند، لە پێکدادانێکدا سێ چەکداری سەر بە ڕژێمی پێشووی سوریا کوژراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی سانا کە سەر بە دەوڵەتە ڕایگەیاند، هێزەکانی سەر بە هەیئەت تەحریر ئەلشام، ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی میلیشیاکانی لایەنگری ئەسەد لە پارێزگای تەرتوس دەستپێکردووە و "ژمارەیەکی دیاریکراویان لە چەکداران ناچالاک کردووە."

بەگوێرەی ڕێکخراوی چاودێری ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەو ئۆپەراسیۆنەدا سێ چەکداری لایەنگری حکومەتەکەی ئەسەد کوژراون.

تەرتوس شارێکی گەورەی بەندەرییە لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستی سوریا و بە قەڵایەکی سەرەکی ڕژێمەکەی ئەسەد دادەندرا.

دوێنێش سەرچاوە ناوخۆییەکان لەم شارەدا کوژرانی 14 ئەندامی هێزە ئاسایشییەکانی سەر بە تەحریری شام و سێ چەکداریان لە تێکهەڵچوونێکدا لە کاتی ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی سەردەمی ئەسەد ڕاگەیاند.

دوای 13 ساڵ لە شەرێکی ناوخۆی خوێناوی، لە 8ی دوازدەی 2024 کۆتایی بە فەرمانڕەواییە 50 ساڵەکەی خێزانی ئەسەد هات و بەشار ئەسەر بەرەوە ڕووسیا ڕایکرد.

گروپە ئیسلامییەکانی سەر بە تەحریری شام کە لە هەناوی قاعیدەوە هەڵقوڵاون ئێستا جگە لە ناوچە کوردییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا فەرمانڕەوایی تەواوی وڵاتیان گرتووەتە دەست و بەڵێنی دامەزراندنی حکومەتیک دەدەن کە مافی هەموو پێکهاتە و کەمینەکان دابینبکات.

لەو کاتەوەی تەحریری شام بووەتە فەرمانڕەوا، شاندی فەرمی چەندی وڵات سەردانی دیمەشقیان کردووە بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوبەش.

ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکی فەرمی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکە کۆبووەوە و بە گوێرەی میدیای فەرمی عێراق تاوتوێی "پێداویستییەکانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات" کراوە.

XS
SM
MD
LG