Accessibility links

تایمزی ئیسرائیل: گەڕانەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە خاکی عێراقەوە دوای هۆشدارییەکانی سوپای ئیسرائیل


بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، داتای ماڵپەڕەکانی بەدواداچوونی فڕینەکان دەریدەخەن کە فڕۆکەیەکی ئێرانی کومپانیای 'قشم فارس ئەیر' کە لە تارانەوە بەرەو لوبنان یان سوریا بەڕێکەوتبوو، لە ئاسمانی عێراقەوە گەڕاوەتەوە ئێران.

بەگوێرەی هەواڵەکەی ئەو ڕۆژنامەیە، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە پێدەچێت ئەم گەشتە چەکی بۆ حزبوڵا پێبووە و دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل هۆشداریی پێداوە، ناچارکراوە بگەڕێتەوە ئێران.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت "گەمارۆی سەربازی لوبنان بۆ ماوەیەکی زۆر" بەردەوام دەبێت.

لە چوارچێوەی ئەو گەمارۆیەدا کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە گەیاندنی چەکی ئێرانی بۆ حزبوڵا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر هەموو دەروازە سەربازییەکانی نێوان لوبنان و سوریا، لەنێویاندا تونێلێک.

هەروەها سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوە کە هەر هەوڵێکی حکومەتی ئێران بۆ گواستنەوەی چەک بۆ حزبوڵا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی مەدەنی بەیروتەوە پووچەڵ دەکەنەوە.

هەروەها دەوترێت کە ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند کۆگایەکی لە سوریا کردووەتە ئامانج کە سوپای ئیسرائیل پێیوابووە بۆ هەڵگرتنی چەکی ئێرانی هێنراون و بڕیار بووە بگەیەنرێنە حزبوڵای لوبنان.

بەشێک لە سەرچاوە لوبنانییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 153 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە تۆمارکراوە.

هەروەها سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی هەندێک ناوچەی باکووری غەززە کردووە ئەو ناوچانەی دیاری کراون بەجێبهێڵن. سوپای ئیسرائیل پێشتر داوای لە دانیشتوانی 25 گوندی باشووری لوبنان کردبوو کە ئەو گوندانە بەجێبهێڵن.

XS
SM
MD
LG