Accessibility links

پانۆرامایەکی دوای هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی "بە تەواوەتی پشتیوانکارە" لە ئیسرائیل. ئەم لێدوانەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دوابەدوای هێرشە موشەکییە شکستخواردووەکەی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل و دەشڵێت "لە وتووێژێکی چڕدایە" لەگەڵ یاریدەدەرەکانیدا لەسەر وەڵامدانەوەیەکی گونجاو.

سەرۆک بایدن، ستایشی هەردوو لەشکری ئەمەریکا و ئیسرائیلی کرد بۆ ئەو شکستەی بەسەر هێرشە موشەکییەکانی ئێرانیاندا هێنا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی کۆشکی سپیدا کە سەنگیی خرابووە سەر وەڵامدانەوەی بەڕێوبەرایەتی لە هەمبەر زریانی هێلین، سەرۆک بایدن جەختی کردۆتەوە لەوەی "ئەمەریکا بە تەواوەتی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات."

سەرۆک بایدن دەڵێت "ماوەتەوە بزانین ئێران ڕووبەڕووی چ بەرەنجامێک دەبێتەوە."

جەیک سولیڤن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، هەر زوو دوای هێرشەکان ڕایگەیاند "ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی ئاڵۆزییەکانی بەرز کردەوە."

سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت " ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەیشی دەدات."

بەنجامین نەتەنیاهۆ، هاوکاتی کۆبوونەوەکەی درەنگانێکی سێشەممە لەگەڵ کابینەی ئاسایشیی حکومەتەکەیدا ئاماژەیشی بەوە کرد کە "هێرشە موشەکییەکانی ئێران شکستخواردوو بوون و ئێران بەم زووانە وانەیەکی ئازار بەخش فێر دەبێت، هاوشێوەی ئەو وانانەی دوژمنان لە غەززە و لوبنان و شوێنەکانی تر فێری بوون. ئەوەی هێرش بکاتە سەرمان، ئێمەش هێرش دەکەینەوە سەریان."

دانی دانۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "ئیسرائیل وەڵامی خۆیی دەبێت و بەم زووانە ئێران هەست بە بەرەنجامی خراپی کارەکانی دەکات و وەڵامی ئیسرائیلیش بە ئازار دەبێت."

بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی کۆبونەوەیەکی نائاسایی هەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم کۆبوونەوەیەش لەسەر داوای فەڕەنسا و ئیسرائیلە.

دانۆن، لە نامەکەی درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممەیدادا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش نوسیویە، "هێرشە موشەکییە باڵستیکییەکەی ئێران و سەرۆکە نوێیەکەی بۆ سەر ئیسرائیل وەک تراویلکەیە و پرۆسەی بڕیاردان لە ئێراندا لە ئەستۆی ڕابەری باڵا و پاسدارانی شۆڕشدایە."

نوێنەری ئیسرائیل لە یو ئێن، کۆماری ئیسلامی ئێران گوناهبار دەکات بە "خاپورکردنی ئیسرائیل، لەڕێی بازنەیەکی ئاگراوی لە حەوت بەرەوە" و داوایشی لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە سەرکۆنەی ئێران بکات و هەروەهاش پاسداران بخاتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

هاوکات باڵیۆزی ئێرانیش بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاهی دەدات لە هەر وەڵامێکی ئیسرائیل دژ بە تاران و دەڵێت بەرسڤی ئێران "خێرا و یەکلاکەرەوە و بەهێزتریش دەبێت لەوانی پێشوو."

ئەمیر سەعید، لە نامەکەی درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و هەروەهاش بۆ سکرتێری گشتی یو ئێن نوسیویە "هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئامانجە لەشکری و ئاسایشییەکانی ئیسرائیل، بەرگری لەخۆکردن بووە، بەپێی پەیڕەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرسڤێکیش بووە بۆ کارە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل."

هەندێک لە میدیاکان لە زاری لەشکری ئێرانەوە دەڵێن "ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هەبێت بۆ هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە، ئەوا ڕووبەڕووی وێرانکردنێکی بەرفراوانی ژێرخانی وڵاتەکەی دەبێتەوە."
لەشکری ئێران دەشڵێت ئەگەر هەر وڵاتێکی پشتیوانکاری ئیسرائیل دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بکات دژ بە تاران ئەوا "بەرژەوەندییەکانی و بنکەکانیشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی هێرشێکی بەهێزتر دەبنەوە."

ئێران هێرشێکی موشەکی باڵیستیکی گەورەی کردە سەر ئیسڕائیل وەک دەڵێت هێرشی تۆڵەکردنەوەیە لە هێرشەکانی ئیسڕائیل دژی حزبوڵای هاوپەیمانی ئێران لە لوبناندا و هەروەهاش لە تۆڵەی کۆژرانەکەی ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس کە لە کۆتایی مانگی حەوتدا لە تاران کوژرا.
سەرچاوە:
ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس
ڕۆیتەرز
ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG