Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و هاوتا بەریتانیاکەی دەیڤد لامی سەردانی ئۆکرانیا دەکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەیڤد لامی ڕۆژی چوارشەممە گەیشتنە کیێڤ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئۆکرانیا لە قۆناغێکی گرنگی شەڕی دژی ڕووسیادا.

بلینکن گوتی دەیەوێت ڕاستەوخۆ لە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و کەسانی دیکەوە ببیستێت ئامانجەکانی کیێڤ لە شەڕەکەدا چین و واشنتن دەتوانێت چی بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە.

پێدەچێت زیلینسکی داواکارییەکانی لە هاوپەیمانەکانی نوێ بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئۆکرانیا بدەن مووشەکی ڕۆژئاوایی لەوانە مووشەکی دوورمەودای ATACMS و Storm Shadows ی بەریتانی لە قوڵایی خاکی ڕووسیا بەکاربهێنێت لە پێناو سنووردارکردنی توانای مۆسکۆ لە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی.

بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان، چاوەڕوان دەکرێت بلینکن و لامی فشار بخەنە سەر ئۆکرانیا بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە ئامانجە ستراتیژییەکانیان لە کاتێکدا بیر لە پێدانی گڵۆپی سەوز دەکەنەوە.

سەرەڕای ئەوەی نیگەرانی لە واشنتن و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا هەیە کە پێدانی گڵۆپی سەوز ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا بەرەو ململانێی ڕاستەوخۆ ببات لەگەڵ ڕۆژئاوادا، لە کاتێکدا بەرپرسانیش دان بەوەدا دەنێن کە ئۆکرانیا پێویستی بە یارمەتی زیاترە.

شەوی رابردوو، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە ‌هێشتا بواری سازشکردن هەیە.

بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمەریکا سنووردارکردنی بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا لە جەنگی دژی ڕووسیا لادەبات، گوتی "ئێستا بەڕێوبەرایەتیەکەی کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکات".

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ڕووسیا ڤیاچیسلاڤ ڤۆلۆدین گوتی مۆسکۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە لایەنی شەڕەکە دادەنێت ئەگەر ڕێگە بە کیێڤ بدەن چەکی دوورمەودا بەکار بهێنێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG