گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بە "کۆکتێلی مۆلۆتۆڤ" لە نیوەشەودا هێرش کراوەتە سەر نوسینگەکەیان لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سورید، پۆلیسیش ڕایگەیاندووە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کەوتنەوەی ئاگر دەستپێکردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی نیشتمانی بەرخۆدانی ئێران ، باڵی سیاسی موجاهدینی خەڵکی ئێران بیناکە "بە چەند کۆکتێلێکی مۆلۆتۆڤ" هێرشی کراوەتە سەر کە گروپەکە بە "هێرشی تیرۆریستی" ناودێری کردووە.
ئەنجومەنی نیشمانی بەرخۆدانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "چەند پەنجەرەیەکی بیناکە شکاوە، دیواری دەرەوەی بیناکەش گڕی گرتووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگرەکە لەلایەن دانیشتووانەوە کوژاوەتەوە و "کەس بریندار نەبووە".
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لێکۆڵینەوەیان لە سوتاندنی باڵەخانەیەک دەستپێکردووە. ئانا وێستبێرگ، وتەبێژی پۆلیس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ناتوانێت لێدوان لەسەر وردەکارییەکانی چۆنیەتی دەستپێکردنی ئاگرەکە بدات.
وێستبێرگ وتی " ئێمە هێشتا زانیاری کۆدەکەینەوە و پشکنینی ورد دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە."
ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەکەیدا ئەندامانی دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کردووە.
سەرچاوە: فرانس پرێس