عێراق ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە ڕێککەوتنێک بۆ کڕینی 14 هەلیکۆپتەری سەربازی کە لە ناویاندا 12ی جۆری H225Mی فڕە ڕۆڵی سەربازی لە کۆمپانیای زەبەلاحی فڕۆکەوانیی ئەوروپی ئەیرباس.
ڕۆژنامەنووسێکی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ثابت ئەلعەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، شانبەشانی پاتریک دورێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و نوێنەری کۆمپانیای ئەیرباس هەلیکۆپتەرز، لە مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستەکە لە بەغدا بەشدارییان کرد.
ئارنۆد مۆنتالڤۆ، سەرۆکی کۆمپانیای ئەیرباس بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە بۆ ئەوە بووە کە 12 کۆپتەری H225M لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە ڕادەستبکرێن. بەهای گرێبەستەکە ئاشکرا نەکراوە.
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە بۆ 14 هێلیکۆپتەرە بە گشتی، لەنێویاندا 12 ی جۆری H225M.
پاترک دورێل ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە لە "گفتوگۆکانی"ی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا و محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە.
ناوبراو خۆشحاڵیشی دەربڕی کە لە مەڕ ئەو ڕێککەوتنەی "کە ڕێگە بە عێراق دەدات تواناکانی بەهێز بکات سەروەری خۆی بەهێز بکات."
بەغدا و پاریس ماوەیەکە کار بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بەرگرییە دووقۆڵییەکان دەکەن.
دورێل ئاماژەی بە شەڕی داعش کرد و گوتی " هێزەکانمان پێکەوە لە دژی تیرۆر، دژی داعش شەڕیان کردووە".
فەرەنسا لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی کە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش پێکهێنراوە، هێزی سەربازی لە عێراق جێگیر کردووە و ساڵی ڕابردووش پلانی مەشقپێکردنی یەکەکانی عێراقی ڕاگەیاند.
عێراق لە کۆتایی ساڵی 2017 سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند، بەڵام شانە جیهادییەکان بەردەوام هێرشی پچڕ پچڕ ئەنجام دەدەن، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا.
ئێستا بەغدا هەوڵدەدات کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانییەکە بهێنێت و لە شوێنیدا هاوبەشی سەربازیی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بگۆڕێت و دەشڵێت هێزەکانی دەتوانن سەرکردایەتی شەڕی دژی گروپی لاوازکراوی داعش بکەن.
لە گەشتێکی مانگی یەکی ساڵی 2023 بۆ پاریس، سودانی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا جیاوازەکانی بەرهەمهێنەرانی بەرگری فەرەنسی و هەروەها کۆمپانیای ئێرباس سەبارەت بە ئەگەری دەستخستنی هێلیکۆپتەر و ڕادار و فڕۆکەی جەنگی داسۆ ڕافال گفتوگۆی ئەنجامدا.
مۆنتالڤۆ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، کۆمپانیای ئێرباس ئامانجی ئەوەیە کە هەلیکۆپتەرەکان "بەخێرایی بگەیەنێت، چونکە پێویستییەکی زۆر بە ئۆپەراسیۆن هەیە".