سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، بوونی تورکیا لە سوریای دراوسێ بۆ ڕێگریکردنە لەوەی وڵاتەکە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی تاقمە تیرۆریستییەکان. ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە دیمەشق ڕایگەیاندبوو کشانەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئانکەرە مەرجی پێشوەختە نییە.
هێزەکانی تورکیا و لایەنە یاخیبووەکانی کە تورکیا پشتیوانیان دەکات، بەشێکی زۆری ناوچەکانی باکووری سوریا کۆنتڕۆڵ دەکەن، ئانکەرەش لە ساڵی 2016ەوە هێرشی دەیان هێرشی یەک لە دوای یەکی بۆ ناو سنووری سوریا ئەنجام داوە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە ڕابەرایەتی کورد، کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن.
تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەلی (یەپەگە) کە هێزێکی سەرەکین لە ناو هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، وەک لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەبینێت، کە بە گروپێکی "تیرۆریستی" دەزانێت.
سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا کە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندووە "بوونی تورکیا لە سوریا ڕێگری دەکات لە دابەشکردنی خاکی سوریا و دروستکردنی ڕێڕەوی تیرۆر لەوێ".
هەمان سەرچاوە گوتیشی " ئێمە دەمانەوێت سوریایەکی دیموکراسی و ئاوەدان ببینین نەک سوریایەک کە بەدەست ناسەقامگیری و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە دەناڵێنێت."
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ،کە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی یاخیبووان کردبوو بۆ ڕووخاندنی بەشار ئەسەد لە سوریا، لە چەند مانگی ڕابردوودا داوای لێکنزیکبوونەوەی لە دیمەشق کردووە و بە بانگهێشتی ئەسەدی بۆ تورکیا کردووە.
ئەسەد ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی، مەرجی پێشوەختە نییە بۆ لێکنزیکبوونەوە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا وتی " خودی سەرۆکەکەمان ئامادەیمانی بۆ دانوستان و دیالۆگ لە هەموو ئاستەکاندا دەربڕیوە و پێدەچێت لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئانکەرە سەبارەت بە وتووێژەکان کاریگەریی هەبێت."
ئەو سەرچاوەیە ڕایشیگەیاندووە "هەڵوێستێکی ڕوونمان هەیە سەبارەت بە سوریا."
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، بە سەرکردایەتی کورد، پێشەنگی ئەو شەڕە بوو کە لە ساڵی 2019دا جیهادیەکانی داعشی لە سوریا تێکشکاند. کورد بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆسەری لە بەشێک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراندووە.
شەڕی سوریا دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و تا ئێستا زیاتر لە 500 هەزار کەس کوژراون و ملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون.
سەرچاوە: فرانس پرێس