Accessibility links

تاڵیبان بە نمایشێکی لەشکری یادی سێ ساڵەی دەسەڵاتی لە ئەفغانستان دەکاتەوە


فەرمانڕەواکانی تاڵیبانی ئەفغانستان ڕۆژی چوارشەممە بە نمایشێکی سەربازی یادی سێ ساڵەی دەسەڵاتیان کردەوە کە تیایدا بۆمبە دروستکراوەکانی خۆماڵییەکانیان و فڕۆکە جەنگییەکان هێزە ئاسایشییەکانیان نمایش کرد.

هێزە چەکدارەکانی تاڵیبان تانک و پارچە تۆپەکانی سەردەمی سۆڤیەتیان بەناو بنکەی باگرام کە بنکەی ئاسمانی پێشووی ئەمەریکا بوو نمایش کرد لە کاتێکدا دیپلۆماتکارانی چینی و ئێرانی لەنێو سەدان کەسدا بوون کە بۆ ئەو ڕێوەڕەسمە کۆببونەوە.

بنکەی پێشووی باگرام بۆ ماوەی دوو دەیە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بوو لە دژی تاڵیبان.

لە ڕێورەسمەکەدا نمایشی ئەو مۆتۆرسایکلانە کرا، کە زۆرجار بۆ هەڵگرتنی بۆمبی دروستکراوی ماڵەوە بەکاردەهێنران لە کاتی شەڕی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا.

لەو نمایشە سەربازییەی تاڵیباندا زرێپۆشە ئەمەریاکییەکان نیشان دران کە ئاڵای ڕەش و سپی ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان، ناوی فەرمی حکومەتی تاڵیبان بۆ وڵاتەکە، بەسەریانەوە بوو.

هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئەو بنکەیەدا دەسوڕانەوە کە سەردەمانێک چەکدارانی تاڵیبان تێیدا زیندانی بوون و نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە باکووری شاری کابولەوە دوورە.

هێزەکانی تاڵیبان لە 15ی مانگی 8ی 2021 دەستیان بەسەر پایتەختدا گرت، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتەکەی کە ئەمەریکا پاڵپشتی دەکرد ڕووخا و سەرکردەکانی بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهاتن.

حکومەتەکەیان لەلایەن هیچ دەوڵەتێکی دیکەوە دانیپێدانەنراوە لە کاتێکدا سنووردارکردنی ژنان، کە باجی ئەوە سیاسەتە دەدەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە "ئاپارتایدی جێندەری" ناوی بردووە، وەک خاڵێکی سەرەکی گرفتەکان ماوەتەوە.

مەدینە، تەمەن 20 ساڵ، خوێندکاری پێشووی زانکۆیە لە کابول، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بەخاکسپاردنی خەونی کچانی ئەفغانستان.

گوتیشی "هەستێکی تاڵە کە هەموو ساڵێک، یادی ئەم ڕۆژە ئەو هەوڵ و یادەوەری و ئامانجانەمان بیردەخاتەوە کە بۆ داهاتوومان هەمانبوو".

محەممەد حەسەن ئاخوند، سەرۆک وەزیرانی حکومەتکەی تاڵیبان کە بڕیاربوو لە بەگرام ئامادەبێت، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکی ئەرکانی سوپاوە خوێندرایەوە، سەرکەوتنی دەسەڵاتدارانی تاڵیبانی بەسەر "داگیرکەرانی ڕۆژئاوا"دا بەرز نرخاند.

وتیشی، حکومەتی تاڵیبان "بەرپرسیارێتی پاراستنی حوکمی ئیسلامی و پاراستنی موڵک و ماڵ و ژیانی خەڵک و ڕێزگرتنی میللەتەکەمان لە ئەستۆیە".

XS
SM
MD
LG