بریکاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان سروشت و ژینگەو پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانیان پشتگوێ خستووە، بۆیە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا ناکرێت کە ئاژەڵی کێوی کوشت و بڕ دەکەن.
جەلال شێخ کەریم، بریکاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو دەسەڵاتدارانەی پەیوەندیدارن بە پاراستنی سروشت و ژینگە وەکو پێویست ناچن بە تەنگ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانەوەو پشتگوێیان خستوون و کەس لێیان ناپرسێت."
دەشڵێت، "هۆکارێکی کوشت و بڕکردنی ئاژەڵە کێوییەکان لاوازی ئیمکانییەتی پۆلیسی دارستان و پاراستنی ژینگەیە، ئۆتۆمبێل و سوتەمەنی و پارەی دەرچوون و مانەوەو شەو نخوونییان بۆ خەرج ناکرێت، ئەگینا گەر چەند ڕاوچییەک بدرێنە دادگاو حوکم بدرێن دیاردەی ڕاوکردن نامێنێت."
یەکێک لەو ناوچانەی کە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان تێیدا تاڕادەیەک پارێزراون و ڕاوچی دەستی پێیان ناگات، ناوچەی سەگرمەی سنوری قەرەداغە کە لەلایەن جەلال شێخ کەریمەوە ئاویان بۆ دابینکراوەو کامیرای چاودێریش لە ناوچەکە جێگیرکراوە بۆ ڕێگریکردن لە ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەکان.
جەلال شێخ کەریم دەڵێت،"گەر بەرپرسیارێتیم هەبووایە، بەوردی بە دوای ئەوانەدا دەگەڕام کە کوشت و بڕی ئاژەڵە کێوییەکان دەکەن، ئاشکرام دەکردن و دەگەڕام بزانم کێ لە پشتیانەوەیە."
ڕۆژی 8 ی مانگی هەشتی 2024، گرتەی ڤیدیۆیی ژمارەیەک ئاژەڵی کێوی لە سنوری شاخی بەمۆی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، کە ئاژەڵەکان ڕۆژی پێشتر کوژرابوون و پاشماوەی جەستەیان بەجێهێڵرابوو.
بەهێز فاروق، شارەزای ژینگەو ژیانی کێوی کە گرتەی ڤیدیۆیی ئاژەڵە کێوییە کوژراوەکانی تۆمارکردووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئاژەڵە کێوییەکان وەکو جۆر لە شاخی بەمۆ ژمارەیان باشە، بەڵام بەهۆی ڕاوکردنیانەوە لە هەر جۆرێک ژمارەیان کەمبووەتەوە، چونکە وەک پێویست چاودێری ناکرێن و دیاردەی ڕاوکردن زۆربووە."
سەرباری بەربڵاوی دیاردەی ڕاوکردن لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەندێک ناوچەی تر زۆری ژمارەی ئاژەڵی کێوی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک ڕاوچی ئاماژەن بۆ سنوردارکردنی دیاردەی ڕاوکردن بە تایبەت لە ناوچەی مەرکەز حدودی سنوری قەزای خانەقین.
ژمارەی ئاژەڵە کێوییەکان بە تایبەت ئاسک لە ناوچەی مەرکەز حدود بە سێ هەزار ئاسک مەزەندە دەکرێت، کە ڕۆژانە ئاژەڵەکان بە ئاسانی دەبینرێن و پۆلیسی دارستانیش لەنزیک ناوچەکە خاڵی چاودێری داناوە.
بەهێز فاروق دەڵێت،"پۆلیسی دارستان کارمەندیان کەمە و سوتەمەنیان بۆ دابین ناکرێت و ئۆتۆمبێلیان خراپ دەبێت بۆیان چاک ناکرێتەوە، ئەمەش وایکردووە ڕاوچییەکان دەرفەت بقۆزنەوە."
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسانی ناحیەی زنانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو کە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناوچەی گەرمیانە، بەهۆی زۆربوونی دیاردەی ڕاوکردن و "کوشت و بڕکردن"ی ئاژەڵە کێوییەکان بانگیان لێ بەرزبوویەوە و داوای بەهاناوەچوونیان کرد.
شەش مانگ لەمەوبەر لە سنوری ناحیەی زنانە ڕاوچییەک کوژرابوو، کەسوکارەکەی سکاڵای یاساییان لەسەر پۆلیسی دارستانی ناوچەکە تۆمارکرد و بەو هۆیەوە پێنج پۆلیس دەستگیرکران و دادگاش تەنها ئۆتۆمبێلەکەیانی دەستبەسەرکرد، ئەمەش دەرفەتی زیاتری بۆ ڕاوچییەکان ڕەخساند.
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کارمەندی پۆلیسی دارستانمان کەمەو یەک ئۆتۆمبێلمان هەبوو بۆ ڕێگریکردن لە دیاردەی ڕاوکردن، بۆیە کاتێک دادگا پۆلیسەکان و ئۆتۆمبێلەکەشی دەست بەسەرکرد بەهۆی کوژرانی ڕاوچییەکەوە، دەرفەت بۆ ڕاوچییەکان ڕەخسا."
هەروەها وتیشی،"لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان ئاژەڵەکان دەپارێزن، کەچی بە هەفتەیەک ئاژەڵەکان کوشت و بڕکران و ڕۆژ تا ئێوارە ڕاودەکران."
دیاردەی ڕاوکردن بە چڕی ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە خاوەندارێتی ناکرێن، بەڵام ناوچەی بارزان کە لەلایەن بارزانییەکان و ناوچەی قەرەداغ کە لەلایەن هەندێک کەسایەتی و بەرپرسی یەکێتییەوەو هەندێک ناوچەی تر کە خاوەندارێتی دەکرێن ڕێگە بە ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی نادرێت تێیاندا.