پاش ئەوەی سەرۆک وەزیری بەنگلادیش خانم شێخ حەسینە دەستی لەکارکێشایەوە و بە هەلیکۆپتەرێکی لەشکری بەرەو هیندستان ڕۆیشت، فەرماندەی لەشکری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند وتووێژ لە ئارادایە بۆ پێکهێنانی حکومەت لە وڵاتەکەدا.
فەرماندە وەقر ئەلزمان، ڕۆژی دووشەممە پاش ڕۆیشتنی شێخ حەسینە داوای لە خەڵکی کرد واز لە کاری توندوتیژی بهێنن و متمانەیان بە لەشکری وڵاتەکەیان هەبێت و ئێستا لەوەدان وتووێژ لەگەڵ محەمەد شەهاب ئەلدین سەرۆکی وڵات بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هیچ بەنیاز نین قەدەغەی هاتووچۆ یان باری نائاسایی ڕابگەیەنن.
بەپێی هەواڵەکان لە دەکای پایتەختی بەنگلادیشەوە، هەزاران کەس هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای شێخ حەسینە پاش ئەوەی سەدان کەس بە گولـلەی هێزە ئاسایشییەکان کوژران یان برینداربوون.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو بە لایەنی کەم 300 کەس لە خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیش کوژراون، لەوانە 94 کەسیان لە دوێنێ یەکشەممەدا. هەروەها 14 پۆلیسیش کوژراون.
ناڕەزایەتییەکان لە دژی حکومەتەکەی شێخ حەسیبە ئەم جارە لەسەر دامەزراندن بووە لە دامودەزگاکانی حکومەت.
سەرچاوە/ فڕانس پرێس