ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە،11ی مانگی حەوت لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە قاچاخبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و ئێران دەڵێت ڕۆژانە بە سەدان تانکەری نەوتهەڵگر لە نزیک شاری هەولێرەوە، هەرێمی کوردستانی عێراق بەجێدەهێڵن و بە ڕێگا شاخاوییە پێچاوپێچەکاندا بەرەو تورکیا و ئێران بەڕێدەکەون.
ئەو ئاژانسە هەواڵییە نووسیوێتی هاتوچووی ئەو تانکەرانە، دیارترین بەڵگەیە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفەراوانی گواستنەوەی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ ئێران و تورکیا لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕیکی ناڕوون و نافەرمیدا کە لە دوای کۆتاییهاتنی هەناردەی فەرمی نەوت لەو هەرێمەوە لە ساڵی ڕابردووەوە گەشەیان کردووە.
ڕۆیتەرز دەڵێت ئەم ڕاپۆرتەی بە پشتبەستن بە قسەکردن لەگەڵ زیاتر لە 20 کەس لە ئەندازیارانی کورد و عێراقی بواری نەوت، بازرگانان، بەرپرسانی حکومەت، سیاسەتمەداران، دیپلۆماتکاران و چالاکانی پیشەسازی نەوت ئامادە کردووە.
ئەو سەرچاوانە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار تانکەری نەوت لانیکەم 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرزان بۆ ئێران و تورکیا دەگوازنەوە کە داهاتەکەی مانگانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارە.
بەرپرسانی ئێران و تورکیا ڕەتیانکردوەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز بدەن. دەسەڵاتدارانی عێراقیش ڕایانگەیاندووە کە ئەم ڕادە لە هەناردەکردنی نافەرمی و ڕاپۆرتنەکراوەیە کە وایکردووە عێراق نەتوانێت پابەند بێت بەو کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کە ئەمساڵ لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک لەسەری ڕێککەوتبوون.
بە گوتەی عاسیم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بازرگانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕەزامەندی لەسەر نییە. دەشڵێت کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ (SOMO) کە سەر بە دەوڵەتە، تاکە قەوارەی فەرمی عێراقە کە دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوتی خاوی وڵاتەکەی هەیە.
جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی عێراق ئامارێکی وردی لەبارەی بڕی بە قاچاغ بردنی نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران و تورکیا لەبەردەستدا نییە.
جیم کرین لە زانکۆی ڕایس لە هیوستن دەڵێت "ئۆپێک ئێستا کەمترین لێبوردەیی هەیە بەرامبەر بە قاچاخچێتی نەوت و تەنانەت ئەندامەکانیشی بەو هۆکارە سزا داوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش گومانم هەیە کە سزا لە دژی بەغدا بگرێتەبەر، چونکە بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە هەرێمی کوردستان لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندەوە کاردەکات."
هەروەها بەرپرسێکی ئەمەریکایی پێی وایە کە قاچاخچێتی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران و تورکیا ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و واشنتندا، چونکە پێدەچێت سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بەم بازرگانییە پێشێل بکرێن.
هەرێمی کوردستان تا ساڵی ڕابردوو زۆربەی نەوتی خاوی خۆی لە ڕێگەی بۆری فەرمی عێراق-تورکیاوە هەناردە دەکرد کە لە شاری کەرکوکەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا دەڕۆیشت.
بەڵام ئەو هەناردەکردنانەی کە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو، لە مانگی سێی ساڵی 2023وە وەستا، ئەمەش کاتێک دادگایەکی نێودەوڵەتی بڕیاریدا لە بەرژەوەندی داوای حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ وەستاندنی هەناردەکردنەکان.
حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا کە لە مێژە پێیوابووە تاکە لایەنە کە دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوتی عێراقی هەیە، سەرکەوتووانە ئاماژەی بەوەدابوو کە تورکیا و هەرێمی کوردستان بەبێ ڕەزامەندی عێراق ئەو هەناردەکردنەی ڕێکخستووە و ئەمەشی بە پێشێلکردنی پەیماننامەیەکی ساڵی 1973 ناوبردبوو.
بەڵام فەرمانەکەی دادگا ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەکردووە و لە ماوەیەکی کورتدا تانکەرە نەوتهەڵگرەکان دەستیانکردەوە بە گواستنەوەی نەوتی کوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەمساڵیش دوای ئەوەی دانوستانەکان بۆ کردنەوەی ئەم بۆرییە گەیشتە بنبەست، ئەم بازرگانییە نافەرمییە زیاتر و بەرفەراونتر بووە.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز دەڵێت کێشەیەکی دیکە کە سەریهەڵداوە ئەوەیە کە ئێستا داهاتی ئەو نەوتە لە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تۆمار ناکرێن و بەهۆی ئەمەشەوە، هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی هەزاران فەرمانبەری حکومەت ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە.
عەلی حەمە ساڵح کە پێشتر سەرۆکی لیژنەی نەوت بووە لە پەرلەمانی کوردستاندا، ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت "هیچ شوێنەوارێک لە داهاتی نەوت بوونی نییە."
لەبەرامبەردا هیوا محەمەد، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی نیشتمانی دەڵێت ئەو تانکەرانە بە ئاگاداری حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بە دەروازە سنوورییەکاندا تێدەپەڕن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کە سەرپەرشتی بازرگانی نەوتی هەرێم دەکات، وتەبێژی نییە و بەرپرسانی وەزارەتی خەزێنەی هەرێم وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ لێدوان نەداوەتەوە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاش ڕەتیکردۆتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدات و تەنها بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە شوێنی خۆیان ماون و بەردەوام لەگەڵ هاوبەشەکانماندا کار بۆ جێبەجێکردنی سزاکان دەکەین، بەڵام ناتوانین وردەکارییەکان لەو ڕووەوە ئاشکرا بکەین."
بە وتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان، "بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم ڕۆژانە 375 هەزار بەرمیلە، لەو ڕێژەیە 200 هەزار بەرمیل دەگوازرێتەوە بۆ ئێران و تورکیا و ئەوەی تریش لە ناوخۆدا پاڵاوتە دەکرێت".
ئەو بەپرسە کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە ئامادەنەبوو ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، دەشڵێت "کەس نازانێت داهاتی هەناردەکردنی 200 هەزار بەرمیل نەوتی قاچاخ بۆ دەرەوەی وڵات چی بەسەر دێت."
بەگوێرەی سەرچاوە پیشەسازی و سیاسییەکان، لە ئێستادا نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانی کوردستانەوە بە نرخێکی کەم لە 30 بۆ 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک (نزیکەی نیوەی ڕێژەی جیهانی) بە کڕیارەکان دەفرۆشرێت کە داهاتەکەی لانیکەم دەکاتە 200 ملیۆن لە مانگێکدا.
ئەم ئاژانسە هەواڵیە هەروەها لە زاری سەرچاوە پیشەسازی و سیاسییەکانەوە نووسیوێتی بەشێکی بەرچاو لەو نەوتەی ڕەوانەی ئێران دەکرێت لە ڕێگەی دەروازە سنوورییە فەرمییەکانی عێراقەوە دەچێتە ناو ئێرانەوە، وەک دەروازە سنوورەکانی حاجی عومران و پێنجوێن.
بەشێک لەو بارانە دەگوازرێنەوە بۆ بەندەرەکانی ئیمام خومەینی و بەندەر عەباس و بەشێکی دیکەش بە ڕێگای جادەکانەوە دەچێتە ئەفغانستان و پاکستان.
وەزارەتی نەوتی پاکستان ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات و بەرپرسانی ئەفغانستانیش وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوانیان نەداوەتەوە.
ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانی وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە بدۆزێتەوە کە ئەم نەوتە لە کاتێکدا ئێران لە ژێر سزا نێودەوڵەتییەکاندایە، چۆن دەچێتە ناو ئەو وڵاتە و کێ لە ئێران وەریدەگرێت.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز
ڕۆیتەرز: قاچاخچێتی نەوتی هەرێم بۆ ئێران و تورکیا گەشەی کردووە و داهاتی مانگانەی ئەم قاچاخچێتیە 200 ملیۆن دۆلارە