Accessibility links

سڵاوی گورگە بۆرەکان لەلایەن یاریزانی تورکیاوە، دەبێتە هۆی گرژی سیاسی لەنێوان بەرلین و ئەنکەرە


دڵخۆشی دەربڕینی یاریزانی تۆپی پێی تورکیا بە هێمای "سڵاوی گورگە بۆرەکان" لە کاتی گوڵکردنی لە تیمی نەمسا، جگە لە مشتومڕەکانی وەرزشی و میدیایی، بووە هۆی دروستبوونی گرژی سیاسی و دیپلۆماسیش.

یاریزانی تۆپی پێی تورکیا، مەریح دەمیراڵ ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە خولەکی 59ی یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر نەمسا بۆ جاری دووەم گۆڵی لە نەمسا کرد و بە هێمای "سڵاوی گورگە بۆرەکان" کە بە ڕێکخراوێکی "ناسیۆنالیستی پان تورکی توندڕەو و نیوفاشیستی" دادەنرین، دڵخۆشی خۆی دەربڕی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە 4ی مانگی حەوت ڕایگەیاند باڵیۆزی تورکیایان لە بەرلین سەبارەت بەو بابەتە بانگهێشت کردووە.

دوای ئەم کارەی یاریزانەکەی تورکیا کە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، نانسی فایزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای کرد کە یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا(یوفا) ڕووبەڕووی مەریح دەمیراڵ ببێتەوە سەبارەت بەو کارەی کردوویەتی.

بەڵام تورکیا بە خێرایی کاردانەوەی بەرامبەر ئەو بابەتانە نیشاندا و ڕۆژی چوارشەممە باڵیۆزی ئەڵمانیای لە ئەنکەرە بانگهێشت کرد.

یوفا ڕایگەیاندووە لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بەو کارەی مەریح دەمیراڵ دەستپێکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندوە وەک میوانداری یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ ساڵی 2024، پێی خۆشە وەرزش خەڵک یەکبخات، نەوەک بەو شێوەیە رق و دژایەتی دروستبکات.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لەگەڵ مەریح دەمیرال جۆرێکە لە ڕەگەزپەرەستی و ترس لە بێگانە و دەشڵێت لێکۆڵینەوەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپای جێگەی قبوڵکردن نییە.

هەروەها ئەنکەرە بەرگری لە یاریزانەکەی کردووە و ڕایگەیاندووە ئەو هێمایەی کە یاریزانەکەی نیشانی داوە، هێمایەکی مێژوویی و کولتوورییە کە بۆ دەربڕینی دڵخۆشی بەکارهاتووە و ئاماژە بە کەسێک یان گروپێکی دیاریکراو ناکات.

لە دوای دروستبوونی گورگە بۆرەکان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەم گرووپە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستی هەبووە لە توندوتیژییە سیاسییەکانی نێوان چەپ و ناسیۆنالیستەکان لە تورکیا کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی پێنج هەزار کەس لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە کودەتایەکدا.

بەشی لاوانی ئەم گرووپە پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ پارتی "بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا" هەیە و وەک لقێکی سەربازی ئەو حزبە هەژمار دەکرێت. ئەم گرووپە لە فەرەنسا بە نایاسایی ناسێنراوە و لە نەمساش هێماکەی قەدەغە کراوە.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند هەرچەندە "سڵاوی گورگ" لە ئەڵمانیا قەدەغە نەکراوە، بەڵام ئەم گروپە لەژێر چاودێریدایە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت "قەدەغەکردنی ئەو هێمایانە کە شتێکی گشتییە، جێگەی قبوڵکردن نییە، چونکە لە زۆرێک لە وڵاتان باون."

پێشتر میدیاکانی ئەڵمانیا و تورکیا بڵاویانکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەنیازە ڕۆژی شەممە سەردانی بەرلین بکات بۆ بینینی یارییەکەی تورکیا بەرامبەر هۆڵەندا لە قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆی 2024.

بەڵام ئێستا بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە ئەو پلانی گەشتەکەی گۆڕیوە و بڕیارە ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕێکخراوی وڵاتانی تورکی زمان لە ئازەربایجان بەشداری بکات.

باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەرلین ئەم هەواڵانەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام ڕایگەیاند کە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی پلانە فەرمییەکانی ئەردۆغانەوە نییە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG