Accessibility links

لە ئەڵمانیا پێنج کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە سوریا دەستگیر دەکرێن


داواکاری گشتی ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە 3ی مانگی حەوت ڕایگەیاند پێنج کەسی دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارن بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە سوریا.

چوار لەو پینج کەسە بەگوێرەی یاساکانی پاراستنی نهێنی ئەڵمانیا تەنها بە ناوەکانی جیهاد ئا، مەحمود ئا، سەمیر س، و وائل ئێس لە بەیاننامەکەی داواکاری گشتیدا ناویان هاتووە و گومان دەکرێت پەیوەندییان بە میلیشیای بزووتنەوەی ئازادی فەلەستین لە سوریا هەبووبێت و هەروەها کەسی پێنجەم بەناوی مەزهەر ج، ئەفسەریکی هەواڵگری سوریایە.

ماڵپەڕە نێوخۆییەکانی ئاڵمانیا رایانگەیاندووە ئەو چەند کەسە لە ناوچە جیاجیاکانی ئەڵمانیا دەستگیرکراون.

داواکاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا ئەم کەسانەی بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" و "تاوانی جەنگ" تۆمەتبار کردووە.

ئەو تۆمەتبارانە دەستگیرکراون لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە دادگای فیدراڵی دەخرێنە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، دادگاش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکات و بڕیار لەسەر دەستبەسەرکردنی کاتییان دەدات.

گومان دەکرێت ئەو کەسانە بەشدارییان کردبێت لە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکی ئاشتیانەی دژ بە حکومەتی ئەسەد لە کەمپی پەنابەرانی یەرموک لە مانگی حەوتی ساڵی 2012 لە قۆناغە سەرەتاییەکانی شەڕی ناوخۆی سوریادا کە تیایدا خۆپیشاندەرانی مەدەنی کراونەتە ئامانج و تەقەیان لێ کراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی داواکاری گشتی، شەش کەس لەو خوپیشاندانەدا گیانیان لەدەستداوە و کەسانی دیکەش بە سەختی برینداربوون.

هەروەها گومانلێکراوان تۆمەتبارن بەوەی لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2014 لە بازگەکاندا بە چەقۆ و چەک و شەق لەهاووڵاتیانی مەدەنیان داوە و داواکارانی گشتی ئاماژەیان بەوەشکردووە یەکێک لەوانەی دەستگیرکراون گومان دەکرێت لە مانگی چواری ساڵی 2013 دا سێ هاوڵاتی مەدەنی کوشتبێت.

دەستگیرکردنەکان بەهۆی یاساکانی دەسەڵاتی دادوەری گشتگیری ئەڵمانیاوە ئەنجامدراون کە ڕێگە بە دادگاکان دەدەن تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتی کە لە هەر شوێنێکی جیهان ئەنجامدراون، دادگایی بکەن.

ئەنوەر ئەلبونی، پارێزەرێک کە یارمەتی دادگاییکردنی ئەو سورییانە دەدات لە ئەڵمانیا کە گومانی تاوانی جەنگیان لێدەکرێت، ڕایگەیاندووە، سەنتەری لێکۆڵینەوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی سوریا ماوەی سێ ساڵە کار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکات.

گوتیشی "دەکرێت لێکۆڵینەوەکە فراوانتر بکرێت و گومانلێکراوەکان لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش بگرێتەوە."

کاربەدەستانی دادوەری ئەڵمانیا ڕایانگەیاندووە کە لە کۆتایی مانگی چواری 2011ەوە ڕژێمی بەشار ئەسەد زیاترین توندوتیژی دڕندانەی دژ بە ڕەخنەگرانی ئەو وڵاتە بەکار هێناوە و ئامانجی ڕژێمی سوریاش سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی سورییەکان و ترساندنی خۆپیشاندەران بووە.

سەرچاوە/رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG