Accessibility links

تورکیا لە لیستی خۆڵەمێشی 'ئێف ئەی تی ئێف' دەردەهێنرێت و ئێرانیش وەک خۆی لە لیستی ڕەشدا دەمینێتەوە


ڕێکخراوی نێونەتەوەیی 'گرووپی تایبەت بۆ کاری دارایی' (FATF) ڕۆژی هەینی 28ی مانگی شەش لە کۆبوونەوەی گشتی خۆیدا لە سینگاپوورەوە بڕیاریدا تورکیا لە "لیستی خۆڵەمێشی" دەربهێنێت و ئێران لە "لیستی ڕەش"دا وەک خۆی بهێڵێتەوە.

تورکیا پێشتر لە ساڵی 2021دا بەهۆی نیگەرانییەکان لە پەیوەند بە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستانەوە، خرابووە نێو لیستی خۆڵەمێشی ئەو ڕێکخراوەیەوە.

ئەو ڕێکخراوە کە بنکەکەی لە پاریسە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە تورکیا ێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە باشترکردنی سیستەمی دارایی دژە سپیکردنەوەی پارە و دژە تیرۆردا.

پێشتریش باس لەوە کرابوو کە تیمێکی پسپۆڕ لە 'گرووپی تایبەت بۆ کاری دارایی' کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەنجامدا بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکانی ئەنکەرە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا پێشوازییان لەم کارە کردووە. جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆکی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە "دەرئەنجامی زۆر ئەرێنی" بۆ وڵاتەکەی دەبێت و "لەگەڵ ئەم پێشهاتە متمانەی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بە سیستەمی دارایی وڵاتەکەمان هێندەی تر بەهێزتر دەبێت".

نزیکەی 22 وڵات لە "لیستی خۆڵەمێشی" ڕێکخراوی FATF دان و بە مەترسیدار دادەنرێن. هەروەها لە مانگی دووی ئەمساڵدا ئەو گرووپە، ئیماراتیان لە لیستی خۆیان دەرهێنابوو.

ئەو وڵاتانەی کە لەم لیستەدا دانراون، زیاتر لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت و دەبێت چالاکانە هاوکاری لەگەڵ FATF بکەن بۆ ڕاستکردنەوەی کەموکوڕییەکان.

گرووپی تایبەت بۆ کاری دارایی لە هەمان کاتدا ڕایگەیاندووە کە ئێران لە لیستی ڕەشی خۆیدا دەهێڵێتەوە.

ئەم گرووپە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە دۆخی دوو وڵاتی ئێران و کۆریای باکووریان ڕاگرتووە و ئەم دوو وڵاتەش لە لیستی ڕەشی ئەم ڕێکخراوەدا دەمێننەوە.

گرووپی تایبەت بۆ کاری دارایی داوای لە وڵاتان کردووە کۆتایی بە بازرگانی لەگەڵ بانکەکانی ئێران و کۆریای باکور بهێنن و مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی پیۆنگیانگ و تاران سنووردار بکەن.

تەنیا سێ وڵاتی ئێران، میانمار و کۆریای باکوور لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی گرووپی تایبەت بۆ کاری داراییدان.

گرووپی تایبەت بۆ کاری دارایی لە ساڵی 1989 لەلایەن وڵاتانی گروپی 7 ەوە(ئەمەریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئینگلتەرا، ئیتاڵیا و کەنەدا) دامەزراوە.

مەبەست لە دامەزراندنی ئەم دامەزراوەیە دروستکردنی ستانداردی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و بەرەنگاربوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر و تیرۆریستان.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG