Accessibility links

مارک ڕوتە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هۆڵەندا وەک سکرتێری گشتی ناتۆ هەڵبژێردرا


ئەندامانی 'ڕێکخراوەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکور' کە بە ناتۆ ناسراوە، ڕۆژی چوارشەممە 26ی مانگی شەش لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە بارەگای ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە لە برۆکسل، مارک ڕوتە، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوی هۆڵەندایان وەک سەرۆکی نوێی ناتۆ هەڵبژارد.

ماڵپەڕی فەرمی ناتۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە "هاوپەیمانەکانی ناتۆ مارک ڕوتەیان وەک سکرتێری گشتی داهاتووی ئەو هاوپەیمانییە بۆ جێگرتنەوەی یێنس ستۆڵتنبێرگ هەڵبژاردووە".

ڕوتە بڕیارە لە مانگی دەی ساڵی 2024 دوای ئەوەی خولی ستۆڵتنبێرگ کۆتایی هات، وەک سکرتێری گشتی دەستبەکار بێت.

ستۆڵتنبێرگ بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵە ئەو پۆستەی بەدەستەوە بووە و دوای لەشکرکێشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022دا لە شوێنی خۆی هێلدرایەوە.

گرنگترین کێشە و پرسی بەردەم ناتۆ لە ئێستادا بریتین لە بەردەوامبوونی لەشکرکێشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و هەروەها نادیاربوونی هەڵوێستی ئەمەریکایە بەرامبەر بە پەیمانی ئاتلانتیکی باکور دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکە لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا.

دانۆڵد ترامپ، ڕکابەری سەرەکی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ پشتیوانی واشنتن بۆ ئۆکرانیا لە بەرامبەر لەشکرکێشی ڕووسیا ڕاگەیاندووە و لە لایەکی دیکەشەوە داوا دەکات ئەندامانی دیکەی ناتۆ بەشدارییەکی زیاتریان لە بواری داراییدا لەو ڕێکخراوەیەدا هەبێت.

ڕوتە تەمەن 57 ساڵ کە خاوەنی 14 ساڵ ئەزموونی سەرکردایەتییە لە هۆڵەندا، حکومەتەکەی لە 8ی مانگی شەشی ئەمساڵ لەکاتی ناکۆکی لەسەر یاساکانی کۆچبەری کەوت و ئەویش دەستی لەکارکێشایەوە.

پێشتر هەنگاریا و تورکیا و سلۆڤاکیا دژی دانانی ڕوتە بوون وەک سکرتێری گشتی ناتۆ، بەڵام دواتر ڕایان گۆڕا و کاتێک سەرۆکی ڕۆمانیا لە ڕکابەریکردن لەگەڵیدا کشایەوە، هەموو ئەندامانی ناتۆ ڕێککەوتن لەسەر سەرۆکایەتییەکەی.

لەدوای ساڵی 1984ەوە ئەمە دووەمجارە سیاسەتمەدارێکی هۆڵەندی پۆستی سکرتێری گشتی ناتۆ وەربگرێت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG