Accessibility links

سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕێکدەکەون


گرووپە سیاسییە ئەوروپاییەکان ڕۆژی سێشەممە، 25ی مانگی شەش ڕێککەوتن لەسەر پۆستە باڵاکانی یەکێتی ئەورووپا و جارێکی دیکە ئۆرسولا ڤان دێرڵاینیان وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا هەڵبژاردەوە.

سەرچاوە سیاسییەکان ڕایانگەیاندووە سێ گرووپی سەرەکی پارتە میانەڕەوەکانی یەکێتییەکە هەروەها لەسەر ئەوە ڕیککەوتوون کە ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی پێشووی پورتوگال ببێتە سەرۆکی کۆبوونەوەکانی سەرکردە نیشتمانییەکانی یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا، کایا کالاسیش ببێتە سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا.

دۆناڵد توسک لە پۆڵەندا، کیریاکۆس میتسۆتاکیس لە یۆنان، ئۆلاف شوڵتز لە ئەڵمانیا، پێدرۆ سانچێز لە ئیسپانیا، ئیمانوێل ماکرۆن لە فەرەنسا و مارک ڕوت لە هۆڵەندا بە ناوی لایەنەکانیانەوە ئەم ڕێککەوتنەیان واژۆ کردووە.

لە دانوستانەکاندا توسک و میتسۆتاکیس وەک نوێنەرانی پارتی "گەلی ئەورووپا" و شوڵتز و سانچێز لە پارتی "سۆسیالیست و دیموکراتەکان" و ماکرۆن و ڕوت وەک نوێنەرانی پارتی لیبڕاڵی "نوێبوونەوەی ئەوروپا" بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە.

بڕیارە سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی لوتکەی برۆکسل کە سبەی پێنجشەممە دەست پێدەکات، ڕێککەوتنەکە پەسەند بکەن. بەڵام دیپلۆماتکاران دەڵێن، ڤان دێر ڵاین لەبەردەم ئەرکێکی دژواردایە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی پەرلەمانی ئەوروپا کە پێدەچێت لەوێ پێویستی بە پشتیوانییەکی فراوانتر بێت.

ئەگەر رێککەوتنەکە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوە نوێنەرایەتییەکەی ڤان دێر ڵاین بەردەوامی دەبێت بۆ ئەو یەکێتییە کە لە 27 وڵات پێکهاتووە و پارتە میانەڕەوەکانی لایەنگری یەکێتی ئەوروپاش جارێکی دیکە دەتوانن دەست بەسەر پۆستە باڵاکاندا بگرنەوە، ئەمەش سەرەڕای بەرزبوونەوەی پارتە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لەم مانگەدا.

جۆرجیا مێلۆنی لە ئیتاڵیا و پیتەر فیالا لە کۆماری چیک و ڤیکتۆر ئۆربان لە هەنگاریا کە هەموویان لە دەرەوەی هاوپەیمانی میانەڕەوەکانن، پێشتر ناڕەزایەتی خۆیان لە شێوازی دانوستانی سێ لایەنە سەرەکییەکە بۆ پۆستە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەربڕیوە.

بڕیاری هەڵبژاردنی سەرکردەکان بە زۆرینەی دەنگی وڵاتان دەستنیشان بکرێت، واتە ڤیتۆی نیشتمانی جێبەجێ ناکرێت. بەڵام سەنگی سیاسی جۆرج مێلۆنی لە ئەنجومەنی ئەوروپا دەتوانێت ببێتە بنبەست لە دانوستانەکانی ڕۆژی پێنجشەممە و دواخستنی ڕاگەیاندنی کۆتایی بڕیارەکان.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG