ماڵپەڕی ویکیلیکس ڕایگەیاندووە جولیان ئەسانژ، دامەزرێنەری ئەو ماڵپەڕە ڕۆژی دووشەممە، 24ی مانگی شەش لە زیندان ئازادکراوە و بەریتانیای بەجێهێشتووە.
ئەسانژ بڕیارە بە پێی ڕێکەوتنێک لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە دان بە ئەنجامدانی تاوانی پێشێلکردنی یاسای سیخوڕی ئەمەریکا بنێت و ڕێگەی پێبدرێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی بۆ ئوسترالیا.
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگای ناوچەی ئەمەریکا لە دوورگەکانی ماریانای باکوور، ئاسانژی تەمەن 52 ساڵ ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تۆمەتێکی پیلانگێڕی بۆ بەدەستهێنان و ئاشکراکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەرگری نیشتمانی ئەمەریکا.
بڕیارە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە هۆی ئەو تاوانەوە سزای 62 مانگ زیندانیکردن بەسەردا بسەپێندرێت کە دەکاتە هەمان ئەو ماوەیەی کە پێشتر لە زینداندا بەسەری بردووە.
ئەم گرێبەستە کۆتایی بە چیرۆکی کێشە یاساییەکانی ئەسانژ دەهێنێت کە بۆ زیاتر لە پێنج ساڵ لە زیندانێکی ئاسایشی بەریتانیا زیندانی کرابوو و حەوت ساڵیش لە باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر لە لەندەن لەکاتێکدا بەرەنگاری تۆمەتەکانی تاوانی سێکسی لە سوید و شەڕی ڕادەستکردنەوەی بە ئەمەریکا دەکرد، داڵدە درابوو.
حکومەتی ئەمەریکا ئەسانژی وەک خراپەکارێکی بێباکانە سەیری دەکرد کە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمەریکا ژیانی بریکارەکانی وڵاتەکەی خستۆتە مەترسییەوە.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆو بایدن لە مانگی چواری ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە تاوتوێی داواکاری ئوسترالیا دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی دادگاییکردنی ئەسانژ بە تۆمەتی سیخوڕی.
جولیان ئەسانژ وەک دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ماڵپەڕی ویکیلیکس، لە ساڵی 2010 بەهۆی ئاشکراکردنی هەزاران بەڵگەنامەی نهێنی حکومەتی ئەمەریکا بە تۆمەتی سیخوڕی دادگایی کرا.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز