ڕۆژی پێنجشەممە دادگای ستۆکۆڵم، ژەنەراڵێکی پێشووی سوریای لە تۆمەتی تاوانەکانی جەنگ بێتاوان دەرکرد و ڕایگەیاند، داواکارانی گشتی ئەوەیان نەسەلماندووە کە دەستی هەبووبێت لەو هێرشانەی کە لە کاتی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا ئەنجامدراون.
محەمەد حەمۆی، ژەنەڕاڵی پێشووی تەمەن 65ساڵ، کە لە سوید دەژی و یەکێک بوو لە بەرپرسە باڵاکانی سەربازی سوریا کە لە ئەوروپا دادگایی کراوە، بە تۆمەتی دەستهەبوونی لە "یارمەتیدان و هاوکاریکردن" لە تاوانەکانی جەنگ لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2012دا.
دادگای ناوچەی ستۆکۆڵم لە بەیاننامەیەکدا کە بڕیارەکەی تێدا ڕاگەیەندرا، دەڵێت، لەکاتێکدا سوپای سوریا لەو وەختە "هێرشی هەڕەمەکی" ئەنجامداوە، بەڵام داواکاری گشتی نەیسەلماندووە کە یەکە سەربازییەکەی حەمۆ لەو هێرشانەدا دەستی هەبووە، یان ڕۆڵی هەبووە لە دابینکردنی چەک بۆ هێرشەکان.
داواکاری گشتی گوتوویەتی گوایە حەمۆ یارمەتی هەماهەنگی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی داوە بۆ ئەو یەکانەی کە لەم جۆرە هێرشانەدا بەشدارییان کردووە لە نزیک حومس و حەما.
دادوەر کاتارینا فابیان نووسیویەتی "بابەتی سەرەکی لە دۆسیەکەدا ئەوەیە کە ئایا یەکەی 11ی سوپای سوریا بەشداریی لە هێرشی بێ هەڕەمەکی بۆ سەر هەندێک ناوچە کردوو و ئایا تۆمەتبار بەشداریی پڕچەککردنی یەکەکەی کردووە هێرشانەدا یان نا؟"
فابیان وتی "بەپێی دادگای ناوچەکە، هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتانە. بۆیە ئەو بەڵگانەی داواکاری گشتی پێشکەشی کردوون بەس نین بۆ ئەوەی تۆمەتبار بە تاوانێکی تاوانکاری سزا بدرێت".
شەڕی نێوان ڕژێمی سەرۆک بەشار ئەسەد و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن، دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکانی لایەنگری دیموکراسی لەلایەن حکومەتەوە لە ساڵی 2011 سەریهەڵدا.
بەهۆی ئەو شەڕانە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژران و ملیۆنان کەسی دیکەش ئاوارە بوون و ژێڕخانی ئابووری سوریاش وێران بوو.
حەمۆ نکوڵی لە تۆمەتەکان کردووە و پارێزەرەکەی ماری کیلمان بە دادگای ڕاگەیاندووە کە ئەفسەرەکە ناتوانرێت بەرپرسیار بێت لەو کارانە "چونکە لە چوارچێوەیەکی سەربازیدا مامەڵەی کردووە و ناچار بووە فەرمانەکان جێبەجێ بکات".