Accessibility links

وەزارەتی دارایی: وەزیری دارایی سوورە لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی لە حزب و لە وەزارەتیش


وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە پشتڕاستدەکاتەوە کە باس لە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی، ئاوات شێخ جەناب، دەکەن لە حزبەکەی و دەڵێت، "بەڵێ ڕاستە جەنابی وەزیر سێ جار بەفەرمی داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە و سوورە لەسەر بڕیارەکەی."

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " کاک ئاوات لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا سێ جار بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە، دوایەمین جار لەمانگی یەکی 2023 بووە، نەمبیستووە لەماوەی ئەو ساڵ و نیوەدا لەو هەڵوێستەی پەشیمان بوبێتەوە و تا ئێستا لەسەر ئەو بڕیارەی خۆی سوورە کەدەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت."

وتیشی،" داوای لەدەستلەکارکێشانەوەکەی هەم لە بزوتنەوەی گۆڕان و هەم لە حکومەتیشە، هۆکارەکەشی دەتوانن لەخۆی بپرسن لەوانەیە بەدەقیقی وەڵامی ئەو پرسیارەم لانەبێت."

لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بزووتنەوەی گۆڕان چوار وەزارەتی وەرگرتووە کە پێکهاتوون لە وەزارەتەکانی دارایی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.

لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان نیگەرانی ناوخۆیی بەخۆیەوە بینی و حزبەکە لە ناوخۆ و لە ئاستی حکومەتیش چەندین کادر و بەرپرسی لەدەستدا و وازیان لە بزووتنەوەکە هێنا.

لەبارەی پڕکردنەوەی پێگەی وەزارەتەکە کە لە پشکی گۆڕانە وتەبێژی وەزارەت دەڵێت، وەزیر داوای پڕکردنەوەی پۆستەکەی بە کەسێکی تر لە بزووتنەوەکە کردووە.

هونەر جەمال وتی، " گومانی تێدا نییە پۆستەکەی پشکی گۆڕانە بۆیە داوای کردووە لەگەڵ پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی کەسێک دابنرێت و بخرێتە جێگاکەی و بەرپرسیارێتیەکەی ڕادەستبکاتەوە بە بزووتنەوەکە."

تا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە وەزیری دارایی و بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان بێئەنجام بوون.

XS
SM
MD
LG