Accessibility links

نازم دەباغ: یەکێک لە ئامانجەکانی هاتنی شاندی ئێران بەدواداچوونە بەو ڕێکەوتنانەی لە ڕابردوودا کراون


نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایدەگەیەنێت یەکێک لە تەوەرەکانی هاتنی شاندەکەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەدواداچوونە بەو ڕێکەوتنانەی لە ڕابردوودا لە نێوان هەردوو وڵاتدا کراون، لەلایەکی تریشەوە دورستکردنی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسیە کوردیەکانە، چونکە یەکڕیزی سیاسی هەرێم کارئاسانی دەکات لەبەردەم پەیوەندیەکانی ئێران و عێراقدا.

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە بڕوای من سەردانەکە هەموو قسەیەک هەڵدەگرێت، بەشێکی بریتیە لە بەدواداچوون لەو ڕێکەوتنانەی کە لەنێوان عێراق و ئێران و تورکیا کراوە لە ڕابردوودا، بەڵام هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی عێراقدا نەک بە تەنها."

وتیشی،" ڕێکەوتننامەکان تەنها نابەستمەوە بە ئەمنی، بەڵکو هەموویەتی واتە ئابوری و سیاسی و فەرهەنگیش کە ئەمانە هەموویان ئەمنی و ئاسایشی دەوێت."

دوێنی 14ی مانگی شەش عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێم، سەردانی سلێمانیشی کرد و لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کۆبونەوەی ئەنجامدا، لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکاندا جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و تاران کراوەتەوە.

نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت،" لەلایەکی تریش سەردانەکە هاندانە بۆ تەبایی و یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردیەکان، چونکە تەبایی نێوانیان کارئاسانی دەکات نۆ پتەوبوونی پەیوەندیەکانی ئێران و عێراق."

ڕۆژی 19 ی مانگی 3 ی 2023، عەلی شەمخانی سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد، یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە تایبەتبوو بە دوورخستنەوەی هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوچە سنورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران.

5 ی مانگی پێنجی 2024 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوونەوە. پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و تاران بە برەودان بە ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان هەرێم و ئێران لێکدەدرێنەوە بە تایبەت چالاکی سیاسی و سەربازی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش پرسی ڕیکەوتنە ئەمنیەکەی هەرێم و ئێران سەبارەت بە حزبە کوردیەکان ناشارنەوە، ڕۆژی 6ی مانگی پێنج سەرجاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی باڵای ئێران گفتووگۆیان لەسەر مەسەلەی ئەمنی کرد، بابەتی ئەمنی حزبە کوردییەکان و گومانی ئێران لە جوڵەی ئیسرائیل و زۆر شتی تریش دەگرێتەوە."

وتیشی،"لە گفتووگۆکاندا بەڕوونی باسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنانەی نێوان ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان کرا کە گرێدراوە بە حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانەوە."

بە ڕای چاودێرانی سیاسیش، ئێران هێشتا بەم فۆڕمە لە چالاکی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی ئێران ڕازی نییە و داوا دەکات لە هەرێم بەدەربکرێن.

ئەنوەر حسێن چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە هەر کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی ئێران بۆ عیراق و هەرێم سێ تەوەری سەرەکی دەخرێتە سەر مێزی گفتووگۆ، یەکەم بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، دووەم هێزە کوردیەکان، سێیەم بوونی بارەگاکانی موسادی ئیسرائیل، کە بە سێ مەترسی جدی لەسەر خۆی دەیانبینێت."

وتیشی،" ئێران داوا دەکات هێزە کوردیەکان یخرێنە کەمپێکەوە بە سەرپەرشتی خۆی، یان بنێردرێنە دەرەوەی هەرێم، چونکە ئێران پێی وایە وەک پێویست ڕێکەوتنەکەی مانگی سێ جێبەجێ نەکراوە و هێشتا هیزە کوردیەکان مەترسین لەسەر ئەو وڵاتە و کاریگەری زۆریان لەسەر شەقامی ئێران هەیە، بۆیە هێزە کوردیەکان ئێستا لەژێر مەترسی جدیدان."

لە مانگی 9ی ساڵی 2022 ئێران بە چەند قۆناغیک هێرشی کردە سەر حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە زرگوێز و کۆیە و لە ئەنجامی چەند هێرشیکی جیاوازیشدا نزیکەی 30 کەس لە و حزبانە کوژران، بەڵام لە دوای ڕیکەوتنە ئەمنیەکەی مانگی 3ی 2024 لە نێوان ئێران و عێراق، حزبە کوردیەکان بەشێکی زۆر لە بارەگا سەربازیەکانیان داخست و لە کەمپەکاندا لەلایەن ئاسایشی هەرێمەوە چاودێری دەکرێن.

لەو بارەیەوە نازم دەباغ دەڵێت،" ڕێکەوتنی ئەمنی لەسەر حزبە کوردیەکان جێبەجێ بووە، ئەگەر جێبەجێ نەبووبيت ئەو ئاسایشە نەدەبوو کە ئێستا هەیە."

وتیشی،" وا بروات جارێکی تر نابینین کوردستان تۆپباران بکرێت، لە کاتێکدا هۆکارەکان وەلا نراون، وە کورد و ئێرانیش دەبێت پەیوەست بن بەو ڕێکەوتنەی کە لە ڕابردوودا کرا نەک هەر عێراق و هەرێم."

XS
SM
MD
LG