Accessibility links

پەیامنێرێکی ئەمەریکایی کە بە تۆمەتی سیخوڕی لە ڕووسیا زیندانی کراوە، دادگایی دەکرێت


بەرپرسانی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە،13ی مانگی شەش ڕایانگەیاند ئیڤان گێرشکۆڤیچ، پەیامنێری ئەمەریکایی کە بە تۆمەتی سیخوڕی لە ڕووسیا زیندانی کراوە، لە شاری یەکاتێرینبۆرگ دادگایی دەکرێت.

داواکاری گشتی ڕووسیا ڕایگەیاند کاروباری تۆمەتبارکردنی گێرشکۆڤیچ یەکلایی بووەتەوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای ناوچەی سڤێردلۆڤسکی کراوە.

داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا بۆ یەکەمجار وردەکاریی تۆمەتەکانی ئەو پەیامنێرە زیندانییە ئاشکرا دەکات و دەڵێت گێرشکۆڤیچ تۆمەتبارە بە "کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی" سەبارەت بە دامەزراوەیەک لە ناوچەی سڤێردلۆڤسک کە کارەکەی بەرهەمهێنان و چاککردنەوەی ئامێری سەربازییە. گێرشکۆڤیچ بە تۆمەتی سیخوڕیکردن تۆمەتبار کراوە.

بەرپرسانی ڕووسیا هیچ بەڵگەیەکیان بۆ پشتگیریکردنی ئەو تۆمەتانە نەخستوەتەڕوو.

گێرشکۆڤیچ لە مانگی سێی ساڵی 2023 لەکاتی ڕاپۆرتکردنیدا لە شاری یکاتێرینبۆرگ دەستگیرکرا و تۆمەتبارکرا بە سیخوڕیکردن بۆ ئەمەریکا و گوایە لەو کاتەدا بە فەرمانی ئەمەریکا کاریکردووە بۆ کۆکردنەوەی نهێنی دەوڵەتی ڕووسیا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەم بانگەشەیە بخرێتە ڕوو.

پێشتر گێرشکۆڤیچ و واڵ ستریت ژورناڵ کە کاری بۆ کردووە و هەروەها حکومەتی ئەمەریکا تۆمەتی سیخوڕییان ڕەتکردووەتەوە.

دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسیا بەنیازە هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو ڕووسیانەی لە ڕۆژئاوا زیندانی کراون، ئاڵوگۆڕ بکات.

لین تریسی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە مۆسکۆ ڕایگەیاندبوو دۆسیەی ئیڤان هیچ پەیوەندییەکی بە بەڵگە و پرۆسەی یاسایی و سەروەری یاساوە نییە و "ڕووسیا هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی."

زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامۆژگاری هاووڵاتیانی خۆیان دەکەن کە نەچنە ڕووسیا، وەک چۆن ئامۆژگارییان کردووە کە گەشت بۆ ئەفغانستان و سوریا و ئێران نەکەن.

شەڕی ئۆکرانیا قەیرانی پەیوەندییەکانی ڕووسیای لەگەڵ ڕۆژئاوا قووڵتر کردووەتەوە و کرێملینیش ئەمەریکا بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە چەک و هەواڵگری و پارە، شەڕی ڕووسیا لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیاوە دەکات.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG