Accessibility links

دوایین پێشهاتەکان سەبارەت بە گرفتەکانی دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم


جارێکی تر شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت سەردانی بەغدادییان کرد، بە مەبەستی گفتوگۆکردن و ڕێککەوتن لەسەر دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام بێ هیچ ڕاگەیەونراوێک شاندەکە گەڕانەوە هەرێم، هێشتا هیچ لایەنێکی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لێدوانێکی فەرمیشییان لەوبارەیەوە نەداوە، کۆبونەوەکان پاش ئەوە هات کە وەزارەتی نەوتی عێراقی و خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی ڕابردوو کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوتییان بە هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تۆمەتبار کرد، کۆمپانیا نەوتیەکان و حکومەتی هەرێمیش خواستی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دووپاتدەکەنەوە و ئۆباڵی دەستپێنەکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەخەنە ئەستۆی حکومەتی عێراقی، بەهۆی خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم.

دەپرسین

ئایا شاندی حکومەتی هەرێم و عێراقی بۆچی نەگەیشتنە ڕێککەوتن و ڕاگەیەنراوی هاوبەش لەدواین کۆبونەوەیاندا؟

چی بەربەستە لەبەردەم دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم؟

چارەسەری مام ناوەند چیە بۆ کێشەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم؟

پێشنیاری حکومەتی عێراقی و هەرەم چیە بۆ ئەو گرفتە؟ کەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە؟

بیسەرانی بەڕێز من ژیار محەمەدم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاوە لە بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی گرفتی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:

د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

محەمەد حسێن، توێژەر لە تۆڕی ئابوریناسانی عێراق و شارەزای کەرتی وزەی عێراق

فەرمان ڕەشاد، ڕێکخەری ڕێکخراوی ستۆپ بۆ ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:54:30 0:00

د.سەباح سوبحی

لە دوایین کۆبونەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی باسی هەندێک شتێک کرا، یەکەم، باسی (تکیفی گرێبەستەکان کرا) کە چۆن دەتوانین گونجاندن بۆ کارکردن و گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانە بکەین، کە گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم جیاوازە لە گرێبەستی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە عێراق لەگەڵ حکومەتی عێراقی، هەروەها ڕاگرتنی ئەو ڕێوشوێنە یاسایانەی گیراونەتە بەر لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە کە دادگای کەرخ بڕیاری دەرکردووە دژی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت چونکە بە مەزەندەی دادگا کاری ئەو کۆمپانیایانە دژی دەستور و بڕیاری دادگای فیدراڵیە، بەڵام وەک دەزانرێت بابەتی نەوت بابەتی سیاسی و ئابورییە و ڕێککەوتن دەکرێت، ئێستا ئەوەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان نەوت داوای دەکەن ئەوەیە کە نرخی بەرهەمهێنانی نەوت بکرێتە ٢٢-٢٤$ بەڵام حکومەتی عێراقی دەڵێت، خۆم ٦،٥ دەدەم بە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوتی پارێزگاکانی تری عێراق ئەم نرخە گونجاو نیە زۆرە.

لە دوایین کۆبوونەوە لایەنی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق نەگەیشتنە ڕێککەوتن چونکە پەیوەندی هەیە بە گرێبەستەکان، هەر گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکە شوێنەواری یاسایی خۆی هەیە، سزای بەدوادا دێت، ئێستاش هەروەک حکومەتی عێراقی خۆی پێشنیاری کردووە، کە لایەنی سێییەم داخڵ ببێت هەم بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی ئەوەی مافی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت بخورێت، هەم ئیلتیزامی یاسایی بۆ حکومەتی هەرێم دروست نەکات، لایەنی سێیەمیش دەبێت کۆمپانیایەکی پارێزەران بێت کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دانی پێدابنرێت، دەبێت کەشێکی وا دروست بکرێت کە هەردولا، کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق متمانە بەیەکتر بکەن، چونکە ئێستا هیچ لایەکیان متمانەیان بەوی تریان نیە، چونکە بابەتە یاساییەکە کە بریتیە لە بڕیارەکەی دادگای کەرخ بەرامبەر ئەو کۆمپانیا نەوتیانە دەبێت حکومەتی عێراقی ڕایبگرێت و نیەت باشی خۆی پیشان بدات.

پێدانی گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان بە بەغداد یەکەم، خودی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێم ڕازی نابن، چونکە ئەوە لە عێراقش وایە تا مەرج و خاڵەکانی ئەو کۆمپانیایانە بۆ کۆمپانیای تر ئاشکرا نەکرێن، دووەم، پێدانی گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم بە بەغداد بەبێ بوونی لایەنی سێیهەم کە ئاماژەم پێکرد ئەو لایەنە مەترسیدارە، چونکە ئێمە ناتوانین لە ١٠٠% نیەتی بەغداد بزانین لە وەرگرتنی ئەو گرێبەستانە چیە! نەک هەر گرێبەستەکانی نەوت، تەنانەت بابەتی تریش هەن کە مەترسیدارن.

حکومەتی هەرێم لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتە، بەوە ڕازی بوو کە نەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکرێت لە ڕێگای سۆمۆوە بفرۆشرێت، بە سەرجەم مەرج و ڕێککەوتنەکان پابەندە، ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ شتێکی نەماوە پێشکەشی بکات بە حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی بڵێیین بوە چارەسەر بۆ بەربەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئێستا گرفتەکە لەنێوان کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراقە، بەداخەوە وەزارەتی نەوتی عێراق بیرۆکەی مەرکەزیەت و کۆنی هەیە لەوبارەیەوە من خۆم ئەوەم بە وەزیری نەوتی عێراق وتووە.

ئێمە تائێستا بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە ١٦ملیار دۆلارمان زیان پێگەیشتووە، بەڵام بۆ حکومەتی عێراقی لەلایەنی کێڵگەکانی تری بەرهەمهێنانی نەوتی بەسرەوە قەرەبووی ئەو چوار سەد هەزار بەرمیلەی هەرێم کراوەتەوە تاڕادەیەک، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە حکومەتی عێراقی جدی نیە لە چارەسەرکردنی گرفتی دەسپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و هەر موماتەڵەی پێوە دەکات، ئەگەر گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام هەناردەی نەوتی هەرێم زۆری نەماوە دەستپێبکاتەوە، چونکە لایەنی تورکیا چاوەرێیە، وە ئیرادەیەکیش هەیە لەلایەنی حکومەتی عێراقی وە هەروەها فشار ی نێودەوڵەتی هەیە، وە حکومەتی هەرێمیش پەیوەندی نێودەوڵەتی فراوانە.

ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم بەم زووانە دەستپێبکاتەوە هەر بە هەمان بۆری کۆمپانیای کار و ڕۆز نەفت دەبێت کە پێشتر نەوتی هەرێمی لێوە ڕەوانەی تورکیا کراوە، بەڵام بێگومان پلان هەیە ئاڕاستەکەی بگۆڕێت ئەمەش لە قاڵبی ئەو فشارە سیاسییانەیە کە دەکرێت.

محەمەد حسێن

لەدواین کۆبونەوەی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتیەکانی وەبەرهێنەری نەوت لە هەرێم نەگەیشتنە ڕێککەوتن کەسیش چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد بگەنە ڕێککەوتن لەو کۆبونەوەیە چونکە ڕێککەوتن لەسەر ئەو بابەتە ئەوەندە ئاسان نیە، بەڵکو پێویستی بەویست و ئارەزوییەکی سیاسی بەهێز هەیە، بێ ئەو ویستە هەموو ڕێککەوتنێک کە بکرێت، لە ساڵی ٢٠١٤وە تائێستا شاهێدی دەیان ڕێککەوتنی دارایی و سیاسی نێوان هەرێم و بەغداد بوین بەتایبەت لەسەر بودجە بەڵام چونکە ئیرادەیەکی سیاسی نەبووە بۆیە تائێستا کێشەکان هەر ماون.

ئێستاش ئەگەرچی هەریەکە لە حکومەتی عێراق و هەرێم ویستی خۆیان پیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام هەندێکجار هەندێک بیۆکرات بەدیدەکرێت لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق بەتایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراقی بە ئاڕاستەیەکدا قسە دەکەن کە چارەسەرییەکان زەحمەت دەکەن، ئەمەش گومانی ئەوەی دروستکردووە کە ئایا ویستێکی سیاسی جدی هەیە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق، هەتا هەرێمیشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە ئەگەر ئەو ویستانە نەبێت بێگومان هەر ڕێککەوتنێکیش بکرێت تا ساڵی داهاتوو بڕ ناکات.

ڕاستە ئێستا حکومەتی عێراقی هیچ پاڵنەرێکی ئابوری نیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، چونکە ئەگەر دەستبکاتەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێـم دەبێت ڕۆژانە ٣٠٠هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە ڕابگرێت،کە ئەمە دووبارە زیانە بۆ حکومەتی عێراق چونکە تێچووی دەرهێنانی نەوتی بەسرە کەمترە لە دەرهێنانی نەوتی هەرێم، وە نەوتی بەسرە پڕ قازانجترە لە نەوتی هەرێم، بەڵام لە ڕووی ستراتیژی و ئەمنیەوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئابوری عێراق، دەوڵەتی عێراق پێویستی بە کەناڵی تر هەیە بۆ هەناردەی نەوتەکەی، چونکە هەموو ئەو نەوتەی لەڕێگای بەسرەوە دەسفرۆشرێت بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، هەر کێشەیەک لەنێوان ئەمەریکا و ئێران، یا ئێران و وڵاتانی کەنداو، یاخود دروستکردنی گرفت لەلایەن حوسیەکانەوە گرفت بۆ هەناردەی نەوتی عێراق دروست دەکات بۆیە عێراق دڵی لەمشتیدایە و ئەوە ڕیسکە، هەتا ئەگەر گەرەنتیش بێ ئەم ڕێگایە بەڵام هێشتا ناکرێ هەموو هێلکەکان بخاتە یەک سەبەتەوە، چونکە سەرچاوەی داهاتی عێراق فرۆشی نەوتە، ناکرێت بە تەنها پشت بەیەک ڕێگا ببەستێت،بۆیە لەڕووی ستراتیژی و ئەمنیەوە عێراق پێویستی بەدەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە بۆ ئەوەی بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان وە بۆری نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیهان بخاتەوە گەڕ و دەستی بگات بەو بەندەرە، بۆیە عێراقییەکان باش لەم بابەتە تێگەیشتوون.

فەرمان ڕەشاد

بەبۆچوونی من دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت هەتا یاسای نەوت و غاز دەرنەچێت، ئەو لایەنانەی ئێستا ئیدارەی دەوڵەتی عێراق دەدەن نایانەوێ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، داواکاری پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ بەشداری لە حکومەتەکەی سودانی و ڕێککەوتنی دەبوو لە ساڵی یەکەمدا یاسای نەوت و غاز دەربچووایە، بەڵام لەبەر ئەو خاڵە گرنگە جیاوازییەی نێوان هەرێم و بەغداد، کە هەرێم داوا دەکات لە یاساکەدا مافی ڤیتۆی هەبێت لە پڕۆسەی نەوتیدا بەڵام حکومەتی عێراق ئەو خاڵەی قبوڵ نیە، هەموو ئەو هەوڵانەی ئێستا هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بە پلەی یەکەم بریتییە لە هەوڵی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێم کە لە چواچێوەی(ئەپیکۆر)خۆیان ڕێکخستووە، هەوڵدەدەن و لۆبی دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەو نرخەی ئەوان داوای دەکەن، هەروەها دەیانەوێت بەو لۆبیانە ئەو قەرزانەش وەربگرنەوە کە لای حکومەتی هەرێمن و بۆیان مسۆگەر بکرێت و ئەو قەرزانەیان بۆ بگێڕدرێتەوە، زیانمەندی یەکەم لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم خەڵکی کوردستانە، چونکە ئێستا ڕۆژانە ٣٥٠-٤٠٠ هەزار برمیل نەوت لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنرێت و لە بازاڕی ڕەشدا بە ٤٠دۆلار کە نرخێکی زۆر هەرزانە دەفرۆشرێت، واتە ئەوە نیە ئێمە خەممان نەبێت بڵێین ئێستا کە بە فەرمی هەناردەی نەوتی هەرێم وەستاوە تەواو کێڵگەکانی نەوتی هەرێم داخراون و نەوتەکە بۆ خۆمان دەمێنێتەوە نەخێر هەرزانفرۆش دەکرێت، ئەو بڕە پارەیەشی کۆمپانیاکان دەیدەنە هەرێم ئێمە ژمارەیەکمان لانیە ئەو داهاتەی بۆ کوێ دەچێت و چۆن خەرج دەکرێ.

لەلایەکی تر هەرێم لە خاڵێکی تر زیانی کردووە لەوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەویش ئەوەیە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕی ٢،٤ترلیۆن دیناری بودجەی وەبەرهێنانی بەستۆتەوە بەڕادەستکردنی ئەو ٤٠٠هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێم، بەڵام تائێستا کە هەرێم ئەو نەوتەی ڕادەستنەکردووە بۆیە لەو بڕە بودجە گەورەیە بێ بەش دەبێت، ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئەوەیە بەغداد پێی گرنگ نیە کە نەوتی هەرێم بەو شێوەیە دەچێتەدەر، ئەوەی بۆ بەغداد گرنگە ئەوەیە کە نەوتی هەرێم بە فەرمی نەچێتە دەرەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئۆپیک و ئۆپیک پلەس هەیە زیاد ناکات، من لەکابینەکەی سودانی ئاسۆیەکی وانابینم بۆ دەستپێکردنەوەی هەنماردەی نەوتی هەرەم، یەکەم،لەبەرئەوەی لەڕووی ئابورییەوە عێراق پێویستی پێیی نیە، دووەم، لەبەرئەوەی پڕۆسەیەکی فراوانتر هەیە کەبریتیە لە قاڵبدانی هەرێم، ئەوەتا ڕێگای گەشە هەیە لەەوان عێراق و تورکیا ئەگەر بەوردی سەیری بکەیت هەست پێدەکرێت کە هەرێم لەقاڵب دراوە، مەلەفی وزەش مەلەفێکی گەورەی نێودەوڵەتیە بۆیە ئەگەر جارێکی تر ئەم بابەتە بکەوێتەوە دەست هەرێم واتای ئەوەی کارتی فشئر دەکەوێتەوە دەست هەرێم کەخۆی پیلانەکە ئێستا بچوکردنەوەی لەقاڵبدانی هەرێم و بچوککردنەوەیەتی،بۆیە هەموو ئەوانە سەیر بکەیت لە وێنەگشتیەکەدا ئەوەیە کە چارەسەرکردنی هەموو ئەو بەربەستانە ئاسان نیە بۆیە بەبۆچونی من بەم زووانە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێناکاتەوە.

XS
SM
MD
LG