Accessibility links

لاوانی کورد بەشداری لە کۆنفرانسی لاوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەیروت دەکەن


دیمەنێک لە کۆنفرانسی لاوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەیروت
دیمەنێک لە کۆنفرانسی لاوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەیروت

کۆنفرانسی لاوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا لە ژێر تەوەری (گەنجان و بنیاتنانی داهاتوویەکی ئازاد) لە ڕۆژانی 8 و 9 ی مانگی شەش لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەچوو.

ناسر ناسرۆ، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە 15 وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا، 23 بزووتنەوە و ڕێکخراوی گەنجان بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە.

ناسر ناسرۆ یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە
ناسر ناسرۆ یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە

دەشڵێت "لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەروەها سوریاشەوە، 5 ڕێکخراوی گەنجانی کوردی، عەرەبی، ئەرمەنی و سریانی بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە، ئەو دۆخەی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تیایدا دەژین بوونە کارنامەی کۆنفرانسەکەمان، کە گەنجان چۆن ڕووبەڕووی ئەو پرسانە دەبنەوە و هەروەها باس لەوەش کرا گەنجان دەتوانن چی بکەن بۆ ئەم مەبەستە؟"

لەماوەی دوو ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا گەنجان باسیان لەو کێشانە کرد کە ڕووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە، وەک قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری و لێکەوتەکانی، لەوانە جینۆساید، کێشە ئابوورییەکان، کۆچ و گۆڕانی دیمۆگرافی، هەروەها قەیرانی کەشوهەوا و لەناوچوونی سروشت، کێشەکانی ژنان لە کۆمەڵگادا، ڕێبازی تاکڕەوانەی بەرامبەر بە گەنجان، توندوتیژی دژی ژنان و کۆنەپەرستی.

هیوا ڕەشید گەنجێکی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقە و بەشداری کۆنفرانسەکەی کردووە. ئەو جەختی لە گرنگی هۆشیاری گەنجان و بەشداریکردنیان لە سیاسەتدا بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا کردەوە.

هیوا ڕەشید چالاکوانێکی گەنجی هەرێمی کوردستانی عێراق و بەشداربوو لە کۆنفرانسی بەیروت
هیوا ڕەشید چالاکوانێکی گەنجی هەرێمی کوردستانی عێراق و بەشداربوو لە کۆنفرانسی بەیروت

ڕەشید گوتی " گرنگی ئەم کۆنفرانسە تەنها قسەکردن نەبوو لەسەر کێشەکان، بەڵکو قسەکردن لەسەر چارەسەرەکانیش بوو، دەرفەتێک بوو بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ گەنجانی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە چۆن گەنجان دەتوانن پەرە بە هۆشیاری خۆیان بدەن، چونکە هۆشیاری شۆڕش دروست دەکات و گۆڕانکاری دەهێنێتە گۆڕێ."

شایانی باسە کۆنفرانسەکە لەلایەن دەستپێشخەری لاوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ڕێکخرابوو. ئەم دەستپێشخەرییە لە ساڵی 2014 دامەزراوە.

هەرسێ کۆنفرانسی ڕابردووی ئەم دەستپێشخەرییە لە شارە کوردییەکاندا بووە، لە ساڵی 2015 لە ئامەد و ساڵی 2018 لە سلێمانی و 2019ش لە شاری کۆبانێ بەڕێوەچوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:36 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG